برینداری رووداوەکەی مێردین گیانی لەدەستدا و ژمارەی کوژراوەکان گەیشتە پێنج کەس

19-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم، هاونیشتمانیی دهۆک کە لە مێردینی باکووری کوردستان لەگەڵ چوار کەسی دیکەدا دەستڕێژی گولـلەیان لێکرا، دوای برینداربوونی بە سەختی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، "چوار هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک" لە ئۆتۆمبێلێکدا کوژران و ئەحمەد جەلالەدینیش کە لەگەڵیان بوو، برینداربوو؛ کەمێک پێش ئێستا و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
لەبارەی رووداوەکەی مێردینەوە
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە نەخۆشخانەی نسێبین دەستی کەوتووە، "هەموو ئەوانەی لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بە گوللـە لە سەریان دراوە."
 
ئەو کەسانەی کوژراون خەڵکی دهۆکن. فارس بێزەلی، کوڕی یەکێک لە قوربانییەکانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی چووبوون و بەهۆی رووداوەکەوە چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
ناوی ئەو پێنج هاونیشتمانییەی دهۆک کە لە نزیک مێردین بە دەستڕێژی گولـلە کوژراون:
 
- حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا: 69 ساڵ
- چیمەن شاهین خالید: 75 ساڵ، هاوژینی حاجی عەبدوڵڵایە
- هندرێن عەبدوڵڵا ساڵح: 39 ساڵ، کچی حاجی عەبدوڵڵایە
- واحیدە حەیدەر جاسم: 63 ساڵ
- مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم: 45 ساڵ
 
هەوار جەلالەدین، کچی واحیدە حەیدەر جاسم و برای مەلا ئەحمەد لەپێش نەخۆشخانەی مێردین قسەی بۆ عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو کرد و رایگەیاند، "تاوەکو دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش بە تەلەفۆن لەگەڵیان لەسەر خەت بووین، دوای ئەوەی دەرچوون دایکم ژمارەی بەردەستبوو هەندێک کات براکەم ژمارەی دادەخرا، بەڵام دایکم بەردەوام ژمارەی بەردەستبوو تەنانەت وێنەیەکی بۆ ناردم گوتی، نان دەخۆین، زۆر دڵخۆش دیاربوون، کاژێر 2:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵ گەیشتە ئێمە کە کوژراون."
 
ئەو خێزانە ئەوە یەکەمجار نییە تووشی رووداوی لەو شێوەیە ببن، هەوار دەڵێت، "ساڵی 1988 لە سەردەمی بەعس باوکیشم کوژرا کەس نەیدەزانی چۆن کوژرا و بۆ کوژرا و تائێستاش پرسیارە بۆ ئێمە، بەڵام هەرشتێک بێت ئەو کاتە شەڕ هەبوو و بیانوویەک هەبوو، بەڵام ئێستا هیچ بیانوویەک نییە بۆ رووداوەکە، کامیرا هەیە دەوڵەت زۆر شت دەزانێت دەتوانیت بە چەند خولەکێک رووداوەکە ئاشکرا بکات."
 

 

 
چوار گومانلێکراو دەستگیرکراون
 
دوای رووداوەکە پارێزگاری مێردین رایگەیاند، چوار کەس لەسەر رووداوی کوشتنی چوار هاونیشتمانییەکەی دهۆک لە مێردین دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەی وردیش لە رووداوەکە بەردەوامە. 
 
ئەو چوار تۆمەتبارەی دەستگیرکراون خەڵکی نوسێبینینن بە ناوەکانی (ئ.ک، ئ.ی، ف.ئ و م.ش).
 

 

 
مەسرور بارزانی: بە تووندی ئیدانەی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەین
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بە داخێکی زۆرەوە، دوێنێ شەو لە رێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین لە تورکیا، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش بریندارە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان راگەیاندووە و دەشڵێت، "لە کاتێکدا بە تووندی ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەم، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین کە بە زووترین کات هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە روون بکەنەوە و تاوانبارانیش رووبەڕووی دادگە بکەنەوە."
 
هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بە تووندی ئیدانەی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەین کە کرایە سەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییان، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بە زووترین کات بەدواداچوون بکات بۆ ئاشکراکردن و دادگایی کردنی تاوانباران."
 
قوباد تاڵەبانی: داواکارین لە حکومەتی تورکیا بە زووترین کات راستی رووداوەکەی مێردین ئاشکرا بکات
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری ئەو پێنج هاونیشتمانییەی دەڤەری بادینان دەربڕی کە شەوی رابردوو لە مێردینی باکووری کوردستان کوژران و دەڵێت، "بە شێوەیەکی دڕندانە شەهیدکران."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات، "بە زووترین کات راستیی رووداوەکه بۆ رای گشتیی خەڵکی کوردستان و تورکیا ئاشکرا بکات، تاوانباران دەستگیر بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە."
 
لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل ئامادەکاری کراوە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو پێنج هاونیشتمانییەی دهۆک کە لە مێردین کوژران

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە