بەهۆی بەفرەوە بە هێلیکۆپتەر خواردن دەبرێتە گوندی هانەگەرمڵەی رۆژهەڵاتی کوردستان

19-01-2022
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن هانەگەرمڵە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی هەفتەیەکە بەفر لە سنووری گوندەکانی پاوە لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبارێت و بەهۆیەوە رێگەی گوندی هانەگەرمڵە و چەند گوندێکی دیکە داخراوە و دانیشتووانەکەی ناتوانن هاتووچۆ بکەن و خواردن و پێداویستیی دیکەیان لێبڕاوە. دانیشتوویێکی گوندەکە بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا بە هێلیکۆپتەر خواردن و هەندێک پێداویستی دیکەمان لە پاوەوە بۆ دێت."
 
گوندی هانەگەرمڵە لە ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە سنووری پاوەی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوسنوورە لەگەڵ بیارە و کیلۆمەتر و نیوێک لەیەکدی دوورن، ماوەی چەند رۆژێکە بەفر لەو گوندە دەبارێت و تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ مەتر بەفر لە شاخی تەتە  و شاخەکانی دیکەی دەوروبەری باریوە. 
 
هیوا هانەگەرمڵەیی دانیشتوویەکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی سێ رۆژە بەبێ کارەبا و ئاو دەژین و رێگەش داخراوە، هێڵەکانی پەیوەندیکردن کارناکەن و دۆخی دانیشتووانی گوندەکە زۆر خراپە و داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەین لەڕێگەی رووداوە."
 
 
ئەو هاونیشتمانییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا خۆی لە شارۆچکەی بیارەیەوە قسە دەکات و بۆ کڕینی نان و چەند پێداویستییەکی دیکە چوونەتە شارۆچکەکە. 
 
هەروەها دانیشتوویەکی خەڵکی بیارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نزیکەی 25 خێزان لە هانەگەرمڵەوە بەهۆی کەشوهەوای سارد و بارینی بەفرێکی زۆر هاتوونەتە بیارە و لەوێ نیشتەجێبوون."

 

چەند کەسێک لە هانەگەرمڵەوە چوونەتە بیارە
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە چەند رۆژی رابردوودا ئاسایشی بیارە ئاسانکارییان بۆ خەڵک گوندەکە کردووە بۆ ئەوەی لە هانەگەرمڵەوە سەردانی بیارە بکەن و پێداویستییەکانیان بکڕن.
 
مەلا قادری قادر، ئیمام جومعەی پاوە رایگەیاند کە پەیوەندیی بە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان کردووە کە بە هانای خەڵکەکەوە بچن و "رزگارمان بکەن لەو نەهامەتییەی ئێمەی تێدایە."
 
بە گوتەی بنکەی هەواڵیی پاوە ئێستا بەرپرسانی رێگەوبان سەرقاڵی کردنەوەی ئەو رێگەیانەن کە بە بەفر گیراون و ئێستا گەیشتوونەتە گوندی دزاوەر کە چەند کیلۆمەترێک لە گوندی هانەگەرمڵە، کێمنە و بێراوس دوورە. 

 

لە کاژێر 11:00ـەوە هێلیکۆپتەرێک لە پاوەوە رۆیشتووە بۆ هانەگەرمڵە

 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە کاژێر 11:00ـەوە هێلیکۆپتەرێک لە پاوەوە رۆیشتووە بۆ هانەگەرمڵە بۆ ئەوەی خواردن و پێداویستییەکانی دیکە بنێرێت بۆ خەڵکەکە.

 

گوندی هانەگەرمڵە

 
دوو هەفتە بەر لە ئێستا حکومەتی ئێران لەڕێگەی بۆرییەوە غازی گەیاندە گوندەکە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دانیشتووانەکەی دەتوانن سوودی لێوەربگرن. 
 
هانەگەرمڵە گوندێکە لە هەورامانی رۆژهەڵات، بەشێكە لە هەورامانی لهۆن دەكەوێتە كۆتا خاڵی سنووریی لەنێوان هەورامانی رۆژهەڵات و هەورامانی باشوور. لە باكوورییەوە شاخی شرام و گوندی گەچێنە باخەكۆن و لە رۆژهەڵاتییەوە گوندی كەیمنە و و هاوسنوورە لەگەڵ ناحیەی بیارە و دەكەوێتە رۆژئاوایەوە، هەروەها لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ شارەدێی تەوێڵە.

 

گوندی هانەگەرمڵە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە