رووداو دیجیتاڵ
موختاری کۆمەڵگەی کانی قرژاڵەی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر رەتیکردەوە هیچ تەقینەوەیەک لە سنووری کۆمەڵگەکەیان روویدابێت و گوتی، ئەو دەنگەی شەوی رابردوو و تەقەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ناوچەکە لە گوندی ساتووری نزیک لە کۆمەڵگەکە، راهێنانی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە.
رۆژی یەکشەممە 18-12-2022، رەمەزان حوسێن، موختاری کۆمەڵگەی کانی قرژاڵەی سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر لەبارەی دەنگی تەقە و دەنگۆی تەقینەوەکەی دوێنێ شەو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کاژێر 11:00ی شەوی رابردووەوە تاوەکو کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی هاوپەیمانان مەشق و راهێنانیان کردووە لە گۆڕەپانێک لە گوندی ساتوور کە نزیکەی 5 کیلۆمەتر لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵەوە دوورە، تەقەکان و ئەو دەنگە گەورەیەش، تەقینەوە نەبوون، بەڵکو راهێنان بووە لەسەر چەک."
شەوی رابردوو وا بڵاوکرایەوە کۆگایەکی چەک لەو ناوچەیە تەقیوەتەوە، بەڵام رەمەزان حوسێن رەتیکردەوە هیچ کۆگایەک لەو شوێنە هەبووبێت و گوتی، "هێزەکانی هاوپەیمانان هەندێکجار لێرە راهێنان لەسەر چەک دەکەن."
بەپێی چەند کەسێکی دانیشتووی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیان بۆ ماوەی چەند کاژێرێک دەنگی تەقە لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵەی شاری هەولێر بیستراوە، لە هەندێک لە تۆڕەکانی سۆشیاڵمیدیا وا بڵاوکرایەوە کە کۆگایەکی چەک تەقیبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ