ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: بەشێک لە گرفتەکانمان پەیوەندییان بە ململانێی حیزبییەوە هەیە

18-10-2023
ئەحمەد حەمید
هەڤپەیڤینی سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵ لیوا بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
هەڤپەیڤینی سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵ لیوا بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، قوباد تاڵەبانی فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دارا رەشید وەکو وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستبەکار نەبووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو نووسراوانەی واژۆی شۆڕش ئیسماعیلیان وەکو وەزیری پێشمەرگە لەسەرە، واژۆی ئەو نین و بریکاری وەزارەت بە ناوی ئەوەوە واژۆیان دەکات.
 
لیوا بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی رۆژی 17ی ئۆکتۆبەری تۆڕی میدیایی رووداودا میوان بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات. لە بەرنامەکەدا باسی لە گرفتەکانی نێو وەزارەتەکەی و هەڵوێستی هاوپەیمانانی کرد.
 
زیاتر لە ساڵێکە شۆڕش مستەفا، وەزیری پێشمەرگە بەهۆی کێشەی نێوخۆیی حیزبەکەیەوە، کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتبوو، دەوام ناکات؛ لەوبارەیەوە لیوا بەختیار محەممەد گوتی، "بە فەرمی داوا لە حکومەت کراوە وەزیرێکی بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابنێت."
 
"قوباد تاڵەبانی نووسراوی کردووە دارا رەشید ببێتە وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت"
 
لیوا بەختیار محەممەد کە ساڵی رابردوو لە شوێنی جەبار یاوەر بووە ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی بەربژێری حیزبەکەیەوە بۆ وەزیری پێشمەرگە گوتی، ناوی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە هەیە. گوتیشی، "تیمی یەکێتی ئەو دوو ناوەی پێشنیاز کردووە و دوای ئەوەش کاک قوباد فەرمانێکی بۆ د. دارا رەشید دەرکرد تاوەکو بە وەکالەت وەزیری پێشمەرگە بێت."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لە دەسەڵاتی جێگری سەرۆکوەزیراندایە نووسراو بۆ کەسێک بکات و وەکو وەزیری بە وەکالەت دیاری بکات، لیوا بەختیار گوتی، "کاک قوباد نووسراوێک واژۆ ناکات لە دەسەڵاتیدا نەبێت. دیارە بەپێی ئەو رێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت کراوە لەسەر ئەوانە رێککەوتوون."
 
"بریکاری وەزارەت بەناوی وەزیری پێشمەرگەوە واژۆ دەکات"
 
هەرچەندە لە ئەیلوولی 2022ـەوە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە دەوام ناکات، بەڵام ناوبەناو نووسراوی وەزارەتەکە بە واژۆی ئەوەوە بڵاو دەبنەوە. لەو بارەیەوە لیوا بەختیار گوتی، "کاک شۆڕش ناوەکەی هەیە، بەڵام واژۆکە، واژۆی کاک شۆڕش نییە و بە ناوی ئەوەوە واژۆ دەکرێت. بریکاری وەزیر بە ناوی کاک شۆڕشەوە واژۆ دەکات، ئەگەر سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگەش دەسەڵاتی پێ بدرێت، ئەویش دەتوانێت واژۆی بکات."
 
جگە لە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکەن. ئەوان زیاتر لە جارێک نیگەرانیی خۆیان لە ناکۆکییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و دەوامنەکردنی وەزیرەکەی دەربڕیوە. ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "هاوپەیمانان نیگەرانن لە نەبوونی وەزیری پێشمەرگە؛ هەندێک بڕیاریش دراون کە دەسەڵاتی وەزیرن و لەلایەن بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەوە {عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەیە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان} دەرکراون و پێویستیان بە پێداچوونەوەیە. ئەرکی منە وەک ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە هەر بڕیارێکی نایاسایی هەبێت قسەی لەسەر بکەم و رەتی بکەمەوە. گرفتەکانی نێو وەزارەت بەشێکیان پەیوەندییان بەو ململانێ حیزبییەوە هەیە کە لە دەرەوەی وەزارەتن و ئەوەش کاریگەری لەسەر کاری حکومەت دەبێت."
 
لەبارەی پەیوەندی نێوان خۆی و عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی پارتی، لیوا بەختیار دەڵێت، "پەیوەندییمان خراپ نییە. ئێمە پەیوەندییەکی پیشەییمان هەیە، بەڵام ئەو ئەرکانەش لەسەرمانن دەبێت جێبەجێیان بکەین. هیچ نووسراوێک لەسەر ویستی کەسی رەتنەکراوەتەوە."
 
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە وەکو خاڵێک بۆ دوورخستنەوەی دەستی حیزبی لەنێو پێشمەرگەدا ئاماژەی بە پلانێکی وەزارەتەکەیان کرد و گوتی، "ئێمە رێککەوتووین لە ساڵی 2026 بە سیستمێکی نوێ خەڵکی نوێ وەربگرین کە دوور بێت لە حیزبایەتی، بۆ ئەوە لە لێکتێگەیشتنەکەمان وەک وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ پێنتاگۆنیش {وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا} هاتووە کە حیزبایەتی تێدا نەبێت و وەرگرتنی خەڵک لەسەر بنەمای پێویستی بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بێت."
 
"هاوپەیمانان گلەییان لە خاو بەڕێوەچوونی چاکسازییەکان هەیە"
 
هاوپەیمانیی نێو دەوڵەتی لە ساڵی 2014ـەوە بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان هەیە. لیوا بەختیار محەممەد دەڵێت، گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیماناندا هاتووە. لەبارەی هۆکارەکەشییەوە دەڵێت، "بەهۆی ئەوەیە داعش لە رووی سەربازییەوە تێشکاوە و زەوی بە دەستەوە نەماوە، هەرچەندە ئەوە ناکاتە ئەوەی داعش مەترسی نەماوە. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گرووپی راوێژکارانی نێودەوڵەتی هاوکاری ئێمەن لە دوو بواردا، ئەوانیش چاکسازی دەزگایی و یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا. ئێمە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ پێنتاگۆن کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارە و تاوەکو ساڵی 2026 دەخایەنێت."
 
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوونی چاکسازییەکانی نێو پێشمەرگەی بە "خاو" ناوبرد و گوتی، "هاوپەیمانانیش گلەییان هەیە لە خاوی پڕۆسەی یەکخستنەوە و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە. نەبوونی وەزیری پێشمەرگە یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو خاوییە لە پرۆسەکەدا. بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ناتوانێت رۆڵی وەزیری پێشمەرگە بگێڕێت، چونکە بەپێی یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی نەبوونی وەزیرێکدا دەبێت وەزیرێکی دیکە بەوەکالەت بۆ ئەو پۆستە دابنرێت یان پەرلەمان وەزیرێک بۆ وەزارەتەکە دابنێت."
 
لیوا بەختیار محەممەد باسی لە بەردەوامیی مەترسییەکانی داعش کرد و گوتی، "یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان داعشە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ هێزی عێراقی ئەندامە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رووبەڕوبوونەوەی داعش کە ئێستا نزیکەی 84 کیان و دەوڵەتە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق ئاسایین و هەندێک ژووری ئۆپەراسیۆنمان هەیە کە کاری پێکەوەیی دەکەین."
 
"بودجە بۆ دوو لیوا هاوبەشەکە تەرخانکراوە"
 
لە چوار ساڵی رابردوودا جووڵەی چەکدارانی داعش لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبوون. بۆ رووبەڕوونەوەی ئەو چەکدارانە بڕیار بوو دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستبکرێن و سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق بن. لیواکان دروستکران و مەشقیشیان پێکرا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دەوامیان نەکردووە و نەبراونەتە سنوورەکان. لەو بارەیەوە لیوا بەختیار گوتی، "لیوا هاوبەشەکان بودجەیان بۆ تەرخانکراوە؛ هەندێک رێکاری کارگێڕی ماون بۆ ئەوەی دەستبەکاربن.. ئێستا دەبێت پێداچوونەوە بە ناوەکاندا بکرێت و لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەیە، شوێنی ئەو دوو لیوا هاوبەشە دیاری دەکەن. ئەو هێزە لە ناوچەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان دادەنرێن."
 
دوو لیواکە ناویان نراوە لیوای تایبەتی یەک و لیوای تایبەتی دوو؛ هەر لیوایەکیان نزیکەی 3700 کەس دەبێت. لەبارەی دواخستنی ئەرکدارکردنیان لیوا بەختیار گوتی، "هەندێک ناو هەن گۆڕانکارییان تێدا کراوە. دوای ئەوەی ئەو رێکارانە تەواو بوون، دەبێت کاریان پێ بسپێردرێت و دەستبەکاربن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە