رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی میت، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا فەرماندەیەکی باڵای یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە و چوار شەڕڤانی دیکەیان لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی میدیای فەرمیی تورکیا رۆژی یەکشەممە 18ی ئەیلوولی 2022 بڵاویکردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی - میت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ئاماژەی بە کاتەکەی نەداوە، محەممەد گوربوز-ی لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج. کە یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی یەپەگە و ناوی لە "لیستی سووری تیرۆری داواکراوەکانی تورکیادا" بووە.
جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەو فەرماندەیە بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن هەواڵگرییە مەیدانییەکان و چاودێری تەکنیکی دەزگای میت چاودێری دەکرا و لە دوو ئۆپەراسیۆنی هەستیار و خێرادا لەلایەن تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانەوە لەگەڵ چەند چەکدارێکی دیکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تایبەت کرانە ئامانج.
تاوەکو ئێستا فەرماندەیی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە و فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، هەواڵی کردنە ئامانجی ئەو فەرماندە سەربازییەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەش هیچ راگەیێندراوێکی لەوبارەوە نەبووە.
لە حەوت مانگی ئەمساڵدا، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی - میت، 20 ئۆپەراسیۆنیان لە دەرەوەی تورکیا کردووە. لە ئەنجامدا هەشت کەس کراونەتە ئامانج و 21 کەس دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ