رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتوو لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 65 بەربژێری پێشکێشکردووە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو دەڵێت: "هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنمان دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین".
محەممەد هاودیانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد رایگەیاند: "لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان 65 بەربژێرمان دەبێت، هیچ گۆڕانکارییەکمان لە لیستەکەماندا نەکردووە و تەنیا یەک بەربژێرمان لە هەولێر زیادکردووە".
رۆژی پێنجشەممە، 18-7-2024، وادەی تۆمارکردنی حیزب و بەربژێرەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی هات. دوای کۆتاییهاتنی وەرگرتنی ناوی لیست و بەربژێران پڕۆسەی وردبینی لە ناوەکان دەکرێت، دواتر تیروپشک بۆ ژمارەی حیزب و بەربژێرەکان دەکرێت.
محەممەد هاودیانی گوتی: "هەوڵماندا بۆ ئەوەی بەرەیەکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆن دروست بکەین، بەڵام کۆمەڵێک گرفت لەبەردەم دروستکردنی ئەو بەرەیە هەبوو، بۆیە دەکرێت ئەو بەرەیە لە دوای هەڵبژاردن دروست بکەین". گوتیشی: "بۆ پێکهێنانی بەرەکە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن گفتوگۆمان هەبووە، لێکتێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەوەی لە دوای هەڵبژاردن بتوانین بەرەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن بین لە پەرلەمانی کوردستان".
ئەو بەرپرسەی یەکگرتووی ئیسلامی باسی لە دروستکردنی بەرەیەکی ئیسلامی کرد و رایگەیاند: "هەوڵێک بۆ پێکهێنانی بەرەی ئیسلامی بۆ بەشداریکردن بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبوو، بەڵام بەهۆی بوونی بۆچوونی جیاواز نەتوانرا ئەو بەرەیە پێکبهێنرێت، لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان لێکتێگەیشتنمان هەیە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن".
لەبارەی پلانی یەکگرتوو بۆ دوای هەڵبژاردن، محەممەد هاودیانی گوتی: "ئەگەر هەمان ئەو حیزبانەی ئێستا و رابردوو حکومەت پێکبهێننەوە، بەشداری حکومەت ناکەین و دەبینەوە ئۆپۆزیسیۆن".
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ