رووداو - حاجی ئۆمەران
لە کوێستانی مێرگەدرێژان لە سنووری حاجی ئۆمەران هاونیشتمانییەک کە پیشەی شوانکارەیە مینی پێدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا.
رابەر ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین - هەولێر بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هاونیشتمانییە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی چووەتە سەر بەرزاییەکانی کوێستانی مێرگەدرێژان کە ناوچەیەکی مینڕێژکراوە و لەگەڵ پێداتەقینەوەی مینێک پێیدا دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین - هەولێر گوتیشی، تەرمەکەی لەلایەن تەندروستیی چۆمانەوە دەهێندرێتەوە پزیشکی دادی سۆران.
هاونیشتمانییەکە ناوی مامەند حەمەد ئەمینە و تەمەنی 65 ساڵە، جاری دووەمە بەر مین دەکەوێت و پێشتر هەر بەهۆی مینەوە قاچێکی لەدەستدابوو.
کوێستانی مێرگەدرێژان دەکەوێتە بەرزاییەکانی سنووری حاجی ئۆمەران و سەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران، مانگێک لەمەوبەر لە هەمان ئەو شوێنەدا هاونیشتمانییەکی چۆمان بەر مین کەوت و بەهۆیەوە نیڤشکان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ