رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ چاوەڕوانی وەڵامی یەکێتین بۆ کۆبوونەوە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان. ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت، هیچ رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی دوو حیزبەکە دیاری نەکراوە.
رۆژی چوارشەممە 18-1-2023، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بە ئاشکرا پەیاممان داوەتە برایانی یەکێتی کە ئامادەیی کۆبوونەوەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەوان تاوەکو ئەمڕۆش وەڵامیان نەداوینەتەوە و چاوەڕوانیانین."
بە گوتەی هیوا گەیلانی، هەر دوورکەوتنەوەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی زیان بە هاونیشتمانییان دەگەیێنێت؛ دەشڵێت: "ساردیی نێوان یەکێتی و پارتی ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دروستدەکات. بۆیە هەردوولامان لەبەردەم بەرپرسیارییەتی مێژوویی و ئەخلاقیداین بەرامبەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی خۆمان."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی نیگەرانی و گلەیی لە پارتی هەبێت، ئەوانیش نیگەرانی و گلەییان لە یەکێتی هەیە؛ گوتیشی: "خاڵی ناکۆکمان لەگەڵ یەکێتی هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشیشمان زۆرە و بەرپرسیارییەتی هاوبەشیشمان لەسەر شانە."
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێی باشنەبوو ناوی بهێندرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆش لەلایەن حیزبەکەیەوە هیچ رۆژێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان "بە فەرمی" دیاری نەکراوە.
ماوەی چەند مانگێکە کێشە لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستبووە و یەکدی بە چەندین تۆمەتی جیا تۆمەتبار دەکەن، بەوهۆیەوە لە ئۆکتۆبەری 2022ـەوەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە.
رۆژی دووشەممە 16-1-2023، برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەردانی هەولێری کرد، هەمان رۆژ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. رۆژی سێشەممەش لەگەڵ سەرۆک بارزانی و پاشانیش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا گوتی: "برێت مەکگۆرک لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ مەسعود بارزانی؛ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی جەختی لە یەکڕیزیی کورد بۆ بەرەو پێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ خۆشگوزەرانیی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەموو عێراق کردەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ