لقی کەرکووکی کۆمیسیۆن: گرفتی سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان چارەسەرکراون

17-12-2023
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆن دەڵێت، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە کەرکووک گەیشتە 70٪. گوتیشی، "سەرجەم کێشەی ئامێرەکان چارەسەرکراون و هیچ گرفتێک بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی لە ئارادا نییە."
 
رۆژی یەکشەممە 17-12-2023، عەبدولباست دەروێش، بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، رایگەیاند، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە باشی بەڕێوەچوو و رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە کەرکووک گەیشتە 70٪ـی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەبوو.
 
دوێنێ شەممە، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد. عەبدولباست دەروێش لەوبارەوە گوتی، "ئەو سندووقانەی کێشەیان هەبوو، بۆ وردبینی گواستراونەتەوە بۆ وێستگەى ناوەندیی شارەکان." 
 
بڕیارە سبەی یەکشەممە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، ''بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کێشەکان، چەند لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ ئەوەی سەردانی ئامێرەکانی دەنگدان بکەن و لە کاتی هەبوونی هەر گرفتێک، بە دانانی ئامێری یەدەگ چارەسەر بکرێن.''
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کەموکورتییەکانی رۆژی دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو کێشە هونەرییانەمان کرد، ئێمە رژدین لەسەر ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێت و بەپێی دەستوور پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەران و مافی بەربژێران بکات و وردتربێت و هەڵەکان لە دەنگدانی گشتی دووبارە نەبنەوە، بەتایبەت کە ژمارەی بنکە و وێستگەکان چەندین هێندەی ئەو ژمارەیەن کە لە دەنگدانی تایبەت هەبوون."
 
وەک عەبدولباست دەروێش دەڵێت، بۆ دەنگدانی گشتی سەرجەم گرفتی ئامێرەکانی دەنگدان چارەسەرکراون و هۆکاری بەشێک لە کێشەکانیش بۆ ناشارەزایی کارمەندانی سەر سندووق لە بەکارهێنانی ئامێرەکان دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت، ''رەنگە گرفتی ئامێرەکانی دەنگدان لە کەرکووک، تەنیا بە یەکجار (Restart) کوژاندنەوە و هەڵکردنەوە چارسەر بووبان.''
 
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە 7116 بنکەی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگە دەنگ بدەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو پیاوەی لە هەولێر فێڵی لێکراوە قسە بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو دەکات

بە فێڵێک لە فەیسبووکەوە نزیکەی 22 ملیۆن دیناری لە پیاوێکی هەولێر سەندراوە

هاونیشتمانییەک لە رێگەی ریکلامێکی فەیسبووکەوە دەکەوێتە داوی فێڵێکی ئۆنڵاینەوە. بەناوی وەبەرهێنان لە بووکینگی هۆتێل، قۆناخ بە قۆناخ نزیکەی 22 ملیۆن دیناری لێدەسەندرێت کە بە قەرز وەریگرتبوو؛ ئێستا سکاڵای تۆمار کردووە