لەگەڵ رەنج؛ كوالێتیی گەنمی كوردستان دابەزیوە، بەڵام رێگەیەكی چارەسەر هەیە

18-11-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەگەر پێوەرەكە تەنیا مێژوو بێت، كەم نەتەوە هەیە لە دنیادا هێندەی كورد ‏پەیوەست بووبێت بە چاندنی دانەوێڵە بەتایبەت گەنم ‌و جۆ، تاوەكو ئەو ‏رادەیەی پڕۆفیسۆرێكی بواری گەنم ‌و بنەتۆوە، باس لەوە دەكات مێژووی ‏ماڵیكردنی دانەوێڵەكان لە كوردستان بۆ 10 هەزار ‌و 500 ساڵ لەمەوبەر ‏دەگەڕێتەوە، تەنانەت دەگاتە ئەوەی كە بڵێ‌ پێش گوندی چەرمووی نزیك ‏چەمچەماڵیش، گەنم لە ناوچەی بێستانسووری شارەزوور كراوە. بۆ ئەوەش ‏بەڵگەی تەواوی لەبەر دەستە، بەڵام لەدوای سەتان ساڵ، بەبۆچوونی ‏بەشێكی میوانەكانی ئەم بەرنامەیە هەنگاو بە هەنگاو كوالێتیی گەنمی ‏كوردستان بەرەو دابەزین چووە ‌و بەشێك لە بەها خۆراكییەكەی لەدەستداوە. 
 
‏هەرچەندە لە شاری (نۆرێچ)ی بەریتانیا نموونەی گەنمی 100 ساڵ ‏لەمەوبەری كوردستان بە كوالێتییەكی بەرز هەڵگیراوە ‌و ماوەتەوە، ‏دەشتوانرێ‌ بهێنرێتەوە كوردستان و سوودی لێببینرێ‌، بەڵام پڕۆفیسۆرەكەی ‏بواری گەنم ‌و بنەتۆو جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆی 50 نموونەی زۆر باشی ‏گەنمی كێوی لە شاخ ‌و دەشتەكانی كوردستان دۆزیوەتەوە كە دەتوانرێ‌ ‏دووبارە سوودی لێوەربگرێتەوە بە تایبەت بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی ‌و ‏بەهای خۆراكیی گەنم.
 
نەبوونی بانكی بنەتۆوی گەنم لە كوردستان گرفتێكی گەورەیە، بەڵام وەك لەم ‏بەرنامەیەدا باس كرا بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2025 لە شاری سلێمانی ‏لەسەر بودجەی یەكێتیی ئەورووپا بانكێكی بنەتۆو دروست بكرێت.‏
 
 
رایەكی دیكە كە لە بەرنامەكەدا خرایەڕوو، ئەوەیە هەموو بنەتۆوێكی گەنم ‏كە دێتە كوردستان دەبێت پێشتر ‌و بۆ ماوەی پێنج ساڵ توێژینەوەی لەسەر ‏كرابێت ‌و لەچەند ناوچەیەكیش وەك تاقیكردنەوەیەك چێنرابێت، تاوەكو ‏بزانرێ‌ لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان دەگونجێ‌، ئەوجا وەك بنەتۆوی گەنم ‏تۆمار دەكرێت، بەڵام بە دانپێدانانی نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ كە لە ‏بەرنامەكەدا میوان بوو، لەنێو ئەو بنەتۆوانەی كە تۆماریش كراون تێیاندا هەیە ‏لەگەڵ كەش ‌و هەوای كوردستان ناگونجێ‌، بەڵام لە بازاڕەكاندا هەیە ‏‌و هەندێک جار جووتیار بە هەڵە دەیانچێنێ‌. ‏
 
گرفتێكی دیكە كە لە بەرنامەیەدا باس كرا ئەوەیە ئەم ساڵ حكومەتی عێراق ‏نیوەی ساڵی رابردوو گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان ‌و ‏جووتیارەكانی خۆشی وەردەگرێ‌، بۆیە باشتر وایە لە ئێستاوە جووتیاران ‏ئەوە لەبەرچاو بگرن كە ئەم ساڵ هەموو گەنمەكەیان بە نرخێكی باش بۆ ‏نافرۆشێ‌.‏
 
 
قسەی جووتیاران چییە؟
 
ساڵی رابردوو هیچ بنەتۆوێكی گەنم بە نرخی پاڵپشتیكراو نەدرایە جووتیاران، ‏ئەم ساڵ نزیكەی شەش هەزار تۆن بە نرخی پاڵپشتیكراو دابەشكراوە، بەڵام ‏هەموو جووتیاران لێ سوودمەند نەبوون، یاخود بڕێكی كەمیان پێدراوە ‏جووتیارێك دەڵێت: "150دۆنم زەویم هەیە. یەک تۆن بنەتۆوی گەنمیان ‏پێداوم، ئەوە بەشی چی دەكات؟" جووتیارێكی بەتەمەنیش كە لە ژیانیدا ‏تەنیا كاری جووتیاریی كردووە، باس لەوە دەكات: "نەك قازانج جار هەبووە ‏لەسەر گەنمكردن قەرزداریش بووە".‏
 
داهاتی گەنمیش وەك بەشێك لە جووتیاران ئاماژەی بۆ دەكەن بەراورد بە ‏رابردوو كەمیكردووە. جووتیارێك دەڵێت: "پێشتر گەنم یەك ‌و 25ی دەبڕی، ‏ئێستا بۆ یەك ‌و 15 دابەزیوە". بەشێكی دیكە لە جووتیاران بۆچوونیان ‏وابوو، دەبێت زیاتر باسی بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان بكرێت نەک بەتەنیا ‏بنەتۆوی گەنم.‏
 
 
‏"زۆری ‌و بۆری"، یاخود هەمەجۆری ئەو بنەتۆوانەی لە بازاڕەكانی هەرێمی ‏كوردستاندان وەك گرفتێک لەم بەرنامەیەدا باس كرا، هەر جووتیارە‌ و بەپێی ‏ئەزموونی خۆی باسی باشی ‌و خراپی جۆرەكانی بنەتۆوی دەكرد. یەكێك ‏دەیگوت: "بنەتۆوی وفییە لە بنەتۆوی هەولێر چوار باشترە". كەسێكی دیكە ‏بۆچوونی وابوو "بنەتۆوی رزگاری باشترە لە سلێمانی دوو، یاخود بنەتۆوی ‏ئاراس باشترە لە هەموویان". 
جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە جووتیارانی عێراق، نەك لە بڕی ‏وەرگرتنی گەنم وەك خۆیان دەڵێن "غەدریان لێدەكرێت"، بەڵكو لە پێدانی ‏هەندێك پێداویستیی دیكەش جیاوازییان لە نێوان دەكرێت. هەروەک جووتیارێک ‏گوتی: "جووتیارانی عێراق گاز‌ و پەینی كیمیایی ‌و بنەتۆویش ‌وەردەگرن، ئێمە ‏هیچ، هەرچەندە لەكاتی وەرگرتنی گەنم 2٪ـی پارەی بنەتۆومان لێدەبڕن، ‏بەڵام  دواتر بنەتۆویشمان نادەنێ‌."‏
 
جووتیارێكی دیكە باسی لەوە دەكرد 75 دۆنم زەوی بە گەنمەشامیی چاندووە، ‏كەچی رێگە دەدەن لە توركیاوە گەنمەشامی بێت ‌و گوتی: "ئەم ساڵ 50٪ـی ‏جووتیاران گەنمەشامییان كردووە، كەچی لە بازاڕدا كیلۆی  250 دینار ‏دەكات".‏
 
كێشەیەكی دیكە كە جووتیاران كۆدەنگ بوون لەسەری ‌و "بەغەدر" ناویان برد ‏ئەوەیە، ئەم ساڵ نیوەی ساڵی پێشوو گەنمیان لێوەردەگیرێ‌. بەنموونە پار ‏‏700 هەزار تۆن لە جووتیارانی كوردستان وەرگیراوە، ئەم ساڵ باس لە كەمتر ‏لە 400 هەزار تۆن دەكرێ‌.
 
گەنم بووتە دووهێندە ‌و خەڵكیش حەوت هێندە زیادیكردووە
 
پڕۆفیسۆر د. نەریمان ساڵح، مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵیی زانكۆی ‏‏سلێمانی، دڵخۆشە بەوەی لە 50 ساڵی رابردوو دا توانراوە بەرهەمی گەنم ‏دووهێندە بكرێت، بەڵام دەشڵێت: "خەڵكیش حەوت هێندە زیادیكردووە، ‏دەبێت ئاگامان لەو ژمارەیەش بێت".‏
 
ئەو مامۆستای زانكۆی سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە بنەتۆوی گەنم ‏پەیوەندیی بە ئاسایشی خۆراک ‌و ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە: ‏‏"بۆ بنەتۆوی گەنم كاری زۆرباش لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ كراوە، ‏بەڵام گرفتەكە لەوەدایە بەباشی ئاڕاستە نەكراون". هەر بەپێی قسەی ئەو ‏شارەزایەی بواری گەنم ‌و بنەتۆ‌و لە دنیادا پێنج شوێنی جیهان هەیە كە ‏كاریگەریی گۆڕانكاری كەشوهەوایان زۆر لەسەر دیارە: "عێراق ‌و ‏كوردستانیش یەكێكن لەو پێنج شوێنەی جیهان".‏
 
بوونی ئەو هەموو جۆر بنەتۆوە لە بازاڕەكانی كوردستان بەبۆچوونی ‏د. نەریمان شتێكی باش نییە، چونكە لە هیچ شوێنێكی دنیا ئەوە نییە بچیت ‏لە بازاڕ گەنم بكڕیت ‌و بیچێنی. ئەو گوتی: "دەبێت هەموو بنەتۆوێك بچێتە ‏سەنتەرێكی توێژینەوە، دواتر بچێنرێ‌".‏
 
نیوەی زەویی كشتوكاڵی عێراق بۆ گەنم بووە‏
 
د. نەریمان ساڵح ئەوە دەخاتەڕوو، ساڵی رابردوو لە عێراق پێنج ملیۆن تۆن ‏گەنم بەرهەم هاتبوو، بەم جۆرە بۆ پێنج ملیۆن تۆنەكە، نیوەی زەویی كشتوكاڵیی عێراق بەكارهاتبوو. ئەو دەڵێت: "ئەوە شتێكی باش ‌و زانستی ‏نییە، چونكە ئێمە تەنیا گەنممان پێویست نییە، بەڵكو پێداویستیی دیكەشمان ‏هەیە، بۆیە نابێت نیوەی زەویی كشتوكاڵ تەنیا بۆ بوارێكی بەرهەمی ‏كشتوكاڵی تەرخان بكرێت". 
د. نەریمان ساڵح، خەفەت بۆ ئەوەش دەخوات، ئەو تەكنەلۆژیایەی كە ‏لەبواری پێشكەوتنی كشتوكاڵ لە دنیادا هەیە، لە كوردستان ‌و ‏عێراقیش بەشێوازێكی باش بەكارنەهاتووە: "ئەوەش هۆكارێكی دیكەی ‏دواكەوتنی كەرتی كشتوكاڵە لە كوردستان".‏
 
بەبۆچوونی د. نەریمان ساڵح، مامەڵەكردن لەگەڵ دانەوێڵەكان بەتایبەت گەنم ‏لە كوردستان بۆ 10 هەزار‌ و 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەوەش ‏مێژوویەكی باشە بۆ گەشەكردن ‌و بەروپێشچوون لەو بوارەدا ‌و گوتیشی: ‏‏"پێش گوندی چەرمووش، گەنم لە ناوچەی بێستانسووری شارەزوور كراوە".‏
 
د. نەریمان ساڵح، ئەوەش دەخاتەڕوو گرفتمان لە كوالێتی گەنمدا هەیە ئەو ‏دەڵێت: "ساڵانە رەنگە بڕێكی باش گەنممان هەبێت، بەڵام گرفت لە ‏كوالێتییەكەیدایە، ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، ئەو گەنمەش كە ساڵانە لە ‏سایلۆكان وەردەگیرێ‌ لەسەر بنەمای كوالێتی وەرناگیرێت، بەڵكو زیاتر ‏لەسەر بنەمای زۆر ‌و پاكی گەنمەكە وەردەگیرێ‌".‏
 
د. نەریمان ئەوەشی روونكردەوە كێشەی گەنمی كوردستان كە هەندێكجار ‏دەڵێن بەكەڵكی ئارد نایەت ئەوەیە كە "گەنمەكە پڕۆتینی(گلوتینی) كەمە". ‏
 
‏50 جۆر گەنمی كێوی كوردستانی كۆكردووەتەوە 
 ‏
ئەوەی بۆ د. نەریمان ساڵح مایەی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە هێشتا گەنمی ‏كوالێتیی بەرز لە كوردستاندا نموونەی هەیە ‌و دەكرێت بەرەوپێش ببرێ‌. ئەو ‏دەڵێت: "توێژینەوەیەكەم كردووە 50 جۆر گەنمی كێوی كوردستانم ‏كۆكردووەتەوە. دەتوانین بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی ‌و بەهای خۆراكی سوودی زۆری ‏لێوەربگرین".‏
 
لەبارەی ئەوەش بۆچی بەشێكی زۆر لە خەڵكی پەنا دەباتە بەر ئاردی ‏توركی ‌و گەنمی نێوخۆ كەمتر بەكاردێت؟ ئەو شارەزایەی بواری گەنم ‏ئاشكرای كرد: "ئاردی گەنمی كوردستان وەكو پێویست پڕۆتینی گلوتینی ‏تێدا نییە، هەر ئەوەش هۆكاری ئەوەیە كە دەگوترێ‌ هەویرەكەی بێ‌ پێزە." ‏د. نەریمان ساڵح وەهای بۆ دەچێت چەند ساڵێكی دیكە كێشەی كوالێتیی ‏گەنمیش دروست دەبێت ‌و دەشڵێت "بەراورد بە ئێستا لە داهاتوودا كێشەی ‏كوالێتی گەنم گەورەتر دەبێت ‌و كێشەی سایلۆ‌ و بە بازاڕكردنی بەرهەمی ‏جووتیارانیش بەتەنیا بە وەزارەتی كشتوكاڵ چارەسەر ناكرێت، دەبێت ‏وەزارەتەكانی دیكەش هاوكاربن".‏
 
گرفتێكی گەورەی كوردستان ئەوەیە كە بانكی بنەتۆوی گەنمی نییە، هەر ‏بۆیە د. نەریمان ‌و هاوكارەكانی بیریان لەوە كردووەتەوە كە بانكێكی بنەتۆو ‏دروست بكەن، هەروەك ئەو روونیدەكاتەوە 10ساڵە سەرقاڵی ئەوەن ‏بانكێكی بنەتۆو لە كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەوەش ئێستا پڕۆژەیەك ‏هەیە: "دروستكردنی ئەو بانكی بنەتۆوە لەلایەن رێكخراوی فاوەوە ‏دەستیپێكردوە لە سلێمانی لەسەر بودجەی یەكێتیی ئەورووپا دروست دەكرێت ‏‌و كاری نەخشەسازییەكەی تەواو كراوە‌ و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ‏دەست بەدروستكردنی بیناكەی بكرێت".‏
 
باوانی گەنم لە شاخ ‌و دەشتەكانمان ماوەتەوە
 
د. رێكەوت رەحمان، مامۆستا لە كۆلێژی زانستە ‏ئەندازیارییە ‏‏كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین وەک میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ‏ئەوەی خستەڕوو تاوەكو ئێستاش باوانی گەنمەكان لە شاخ ‌و دەشتەكانی ‏ئێمە بە سروشتی ماوەتەوە ‌و گوتیشی: "گەنمی كوردستان باشترین بەرگری ‏كەش ‌و هەوای هەیە دوای چەندەها ساڵ لە شاخ ‌و دەشتەكاندا بە سرووشتی ‏ماوەتەوە." د.رێكەوت رەحمان دان بەوەشدا دەنێ‌ ئەو گەنمە ئێستا هەمانە ‏كوالێتی وەكو ئەو گەنمەی باوانی گەنم نییە كە لە رابردوو هەمانبووە: ‏‏"ئێمە زیاتر گەنممان بۆ ئارد بەكارهێناوە ‌و لە بوارەكانی دیكە وەكو پێویست ‏سودمان لێنەبینیوە".‏
 
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سەڵاحەدین باسی لەوەش كرد لە رووی زانستییەوە ‏نابێت دوو جۆر بنەتۆو بەتێكەڵی بچێنرێ‌ وەك هەندێك جووتیار ئەو هەڵەیە ‏دەكەن. ئەو گوتی: "تێكەڵكردنی دوو جۆر بنەتۆو لە سایلۆش كێشە بۆ ‏فرۆشیارەكەی دروست دەكات".‏
 
د. رێكەوت رەحمان ئەوەش ناشارێتەوە كە‎ ‎بە بازاڕكردنی زۆربەی بەرهەمە ‏كشتوكاڵییەكان لە كوردستاندا زۆر خراپن. ئەو گوتی: "دەبێت وەزارەتی ‏پلاندانان پلانی بۆ ئەوە هەبێت لە چ بەرهەمێكی كشتوكاڵی چەندمان ‏پێویستە ئەوەندە بەرهەم بێت نەك زیاتر".‏
 
جووتیاران ئەم جۆرە بنەتۆوانە بچێنن
 
پشتیوان حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەشی ‏بەرهەمهێنان ‌و ‏‏پەسندكردنی ‏‏‏بنەتۆو لە كشتوكاڵی ‏سلێمانی كە وەك نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ ‏لە بەرنامەكەدا بەشدار بوو، ئەوەی خستەڕوو، 95٪ـی ئەو بنەتۆوانەی لە ‏بازاڕدان مۆڵەتپێدراون. گوتیشی: "ئەو بنەتۆوانەی دراونەتە جووتیارانیش لانی ‏كەم پێنج ساڵ توێژینەوەی لەسەر كراوە ‌و تاقیكراونەتەوە ئەوجا خراونەتە ‏بازاڕەوە".‏
 
سەبارەت بەوە بنەتۆوانەش كە لە بازاڕدان ‌و لەلایەن كۆمپانیای مۆڵەت ‏پێدراو هێنراون. پشتیوان حەمەعەلی گوتی: "ئەو كۆمپانیایانەی كە بنەتۆوی ‏گەنم دەهێنن سەرەتا بڕوانامەی هێنانی بنەتۆوەكە وەردەگرن ئینجا دەیخنە ‏بازاڕەوە". نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ دان بەوەدا دەنێ‌ لەناو ئەو ‏بنەتۆوانەی كە تۆماریش كراون تیاندا هەیە لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان ‏ناگونجێ‌، بەڵام لە بازاڕەكاندا بوونی هەیە‌ و گوتیشی: "تەرزی گەنم هەیە ‏سەرەتا قبووڵكراوە، بەڵام دوای بەكارهێنان كە زانراوە بەكەڵک نایەت ‏رەتكراوەتەوە".‏
 
سەبارەت بە باشی ‌و خراپیی جۆری تەرزە بنەتۆوەكانیش، پشتیوان ‏حەمەعەلی باسی لەوەكرد تەرزی گەنمی ئاراس زۆر باشبوو، بەتایبەت لە ‏كاتی وشكەساڵی هاوكات تەرزی گەنمی سلێمانی دوو، بەهەمان شێوە ‏بەتایبەت لە سنووری سلێمانی زۆر سەركەوتوو بووە لەبارەی سنووری ‏هەولێریش ئەوەی خستەڕوو بنەتۆوی گەنمی رزگاری لە هەولێر بەرهەمی باش ‏بووە. گوتیشی: "بنەتۆوی گەنمی رزگاری ‌و ئاراس بۆ هەموو كوردستان ‏دەبێت جووتیاران دەتوانن بچێنن".‏
 
 
نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ داوا لە جووتیارانی سنووری هەولێر دەكات ‏بنەتۆوی گەنمی هەولێر چوار بەكاربهێنن زۆر سوودی لێوەردەگرن ‌و گوتی: ‏‏"گەنمی هەولێر چوار لەگەڵ گەنمی توركی هیچ جیاوازییەكیان نییە، تێناگەم ‏بۆچی جووتیاران توركییەكە بەگران دەكڕن ‌و هەولێر چوار بەكارناهێنن؟"
 
ئەو بەگوناهی دەزانێ‌ بەشێك لە جووتیاران دەچن تۆنێك بنەتۆوی گەنمی ‏و فییە بە 2000 دۆلار دەكڕن، بەڵام بنەتۆوەكانی كوردستان پشتگوێ‌ ‏دەخەن. ئەو گوتیشی: "دەبێت جووتیاران ئەوەش بزانن گەنمی وفییە زۆر ‏هەستیارە بۆ ژەنگ".‏
 
ئەم ساڵ چەند گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێ‌؟
 
لە بەشێكی دیكەی ئەم بەرنامەیەدا نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ جەختی ‏لەوە كردەوە وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ بەردەوام بۆ گرفتەكانی جووتیاران ‏سەردانی بەغدا دەكەن. ئەو گوتی: "هێشتا گەنم نەچێنرابوو بۆ پرسی گەنم ‏پێنج جار سەردانی بەغدامان كردبوو". ئەو باس لەوەش دەكات ساڵی ‏رابردوو بە هەوڵی وەزارەتەكەیان وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی كوردستان ‏گەیشتووەتە  700 هەزار تۆن ‌و گوتیشی: "وەرگرتنی گەنم ئەم ساڵ بۆ ‏كوردستان بووەتە 400 هەزار تۆن، عێراق خۆشی ساڵی رابردوو 6 ملیۆن ‏تۆنی وەردەگرت. ئەم ساڵ 3 ملیۆن تۆن وەردەگرێ‌. واتە بۆ جووتیارانی خۆشی ‏وەرگرتنی گەنمی بۆ 50٪ دابەزاندوە".‏
 
بەڕێوەبەری بەشی ‏بەرهەمهێنان ‌و ‏‏پەسندكردنی ‏‏بنەتۆو لە كشتوكاڵی ‏‏سلێمانی دڵنیایی ئەوەشی دایە جووتیارانی كوردستان، ئەو گەنمەی ‏دەمێنێتەوە ‌و حكومەتی عێراق لە جووتیارانی وەرناگرێ‌، لەلایەن ‏كۆمپانیاكانی قەیوان ‌و خۆشنا وەردەگیرێ‌.
 
پشتیوان حەمەعەلی ئەوەش ناشارێتەوە لە هەموو عێراقدا بەتایبەت لە ‏كوردستان كێشەیان لە كوالێتی گەنمی ئاردا هەیە ئەو گوتی: "هەربۆیە مۆڵەت ‏دراوە بە هەر دوو كۆمپانیاكە (قەیوان ‌و خۆشنا‌و) 30٪ـی گەنم باش هاوردە ‏بكەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ گەنمی خۆمان تێكەڵ بكەن ‌و بكرێتە ئاردی سفر".‏
 
 
‏پشتیوان حەمەعەلی ناحەقی جووتیاران ناگرێت كە گەنمی زبر (گەنمی ‏ساوەر) ناچێنن، چونكە بازاڕی نییە ‌و گوتی: "بۆ ساڵی داهاتوو هەوڵدەدەین ‏گەنمی ساوەریش لە جووتیاران وەربگرێت، بۆیە ئەوەی گەنمی ساوەریش ‏بكات سوودی لێدەبینێ، بەڵام بەڕاستی بەشێك لە جووتیاران كارێكی باش ‏ناكەن كە بەرهەمەكانیان هەمەجۆر ناكەن، جووتیار زۆرە گەنمی ساوەرو نۆک ‏و نیسك ناكات، ئێ خۆ ئەوەش پێویستی بەئاوی زۆر نییە بۆ نایكەن؟"
 
خراپترین گەنم چەند دەكات ‌و چەند لەسەر جووتیار ‏دەكەوێت؟
 
پشتیوان حەمەعەلی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر جووتیارێك زەویەكەی هی ‏خۆی بێت، كیلۆیەك گەنم بدات بە 500 دیناریش زەرەر ناكات. ئەو گوتی: ‏‏"خراپترین گەنم كیلۆی 500 دینار هەر دەكات". سەبارەت بە تێچووی ‏گەنمیش بەبڕوای ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ بەرهەمهێنانی كیلۆیەك ‏گەنم هەر 300 دینار دەكەوێت ‌و بۆیە گوتی: "هیچ جووتیارێك لە گەنمكردن ‏زەرەر ناكات، بەمەرجێك زەوییەكەی بەكرێیەكی زۆر نەگرتبێت".‏
 
لە كۆتایی قسەكانی لەم بەرنامەیەدا پشتیوان حەمەعەلی دوو بەڵێنی بە ‏جووتیاران دا ‌و گوتی: "بەڵێن بێت ساڵ لە دوای ساڵ بازنەی بنەتۆ بەرفراوان ‏بكەین ‌و بەڵێنی دووەمیشم ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوو گەنمی ساوەریش لە ‏جووتیاران وەربگرین".‏
 
‏"بنەتۆ‌و زیاتر درایە ئەوانەی دەستیان دەڕوات"‏
 
هەڵكەوت محەممەد، ئەندامی مەكتەبی ‏جێبەجێکاری (تەنفیزی)ـی ‏یەكێتی ‏گشتیی ‏‏جووتیارانی ‏‏‏‏كوردستان كە زیاتر وەكو نوێنەرێكی جووتیاران لە بەرنامەكەدا قسەی كرد ‏باسی لەوە كرد دابەشكردنی بنەتۆوی گەنم بە نرخی پاڵپشتیكراو ‌و زیاتر بۆ ‏ئەوانە بووە كە خاوەن زەوی ‌و دەستڕۆیشتوون. ئەو گوتی: "شەش هەزار ‏بنەتۆوی گەنم دابەشكراوە. زیاتر دراوەتە ئەوانەی بەشێوازی بەراو گەنم ‏دەچێنن".‏
 
نوێنەرەكەی یەكێتیی جووتیاران ئەوە ناشارێتەوە كە پرسی بنەتۆ‌و لە عێراق ‏‌و كوردستانیش بۆ جووتیاران بووەتە كێشەیەكی گەورە. ئەمە جگە لە گرانی ‏نرخەكەی گوتی: "بنەتۆوی گەنم تۆنی بە 600 تاوەكو 640 هەزار دینار ‏دراوەتە جووتیاران بەڕاستی ئەوە نرخێكی زۆرە". 
دیاریكردنی نرخی كرێی كارەبای پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی وەك نرخی كرێی ‏پڕۆژەیەكی بازرگانی لەلای هەڵكەوت محەممەد، ناحەقییەكی دیكەیە بەرامبەر ‏بە جووتیاران دەكرێت ‌و دەشڵێت: "تاوەكو ئێستا تۆسقاڵێك هاوكاری ‏جووتیار نەكراوە بەنموونە بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران زۆر خراپە".‏
 
كەمیی ئاو بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان یەكێكی دیكە بوو لە گرفتەكانی ‏جووتیاران. هەڵكەوت محەممەد ئەوەی روونكردەوە كە وەزارەتی كشتوكاڵ ‏رێگە نادات هەموو جووتیارێك بیری ئیرتیوازی لێبدات ‌و گوتی: "وەكو رێگە بە ‏هەڵكەندنی بیر نادەن پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ بەنداوی بچووك لە ناوچە ‏جیاوازەكان دروست بكات".‏
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە