رووداو دیجیتاڵ
رێبەر ئەحمەد لەبارەی مەترسیی دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە پەیوەندیی حیزبەکەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قسەی کرد و گوتی، بەرپرسانی "یەکێتی تێکەڵیان کردووە، دەبێت بزانن کێشەیان لەگەڵ پارتییە یان حکومەت."
لەمیانی بەڕێوەچوونی پانێڵی "داهاتووی عێراق"، لە سێیەمین رۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک، رێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "پارتی کێشەی لەگەڵ هیچ حیزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەو لایەنە سیاسییەی کە کێشەی هەیە، پێویستە بزانین کێشەی لەگەڵ چی هەیە؟ ئێمە لە پێش و پاش کۆنگرەی 14 ئەم هەڵوێستەمان راگەیاندووە و وەکو پارتی هیچ کێشەیەکمان نییە."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی داوایکرد، "ئەو بەڕێزانەی باسی کێشە دەکەن لەگەڵ پارتی، [ئەوان] بێن؛ چونکە ئەوان تێکەڵیان کردووە، ئایا کێشەیان لەگەڵ حکومەتە یاخود لەگەڵ پارتی؟ جارێک دەڵێن لە ئەدای ئەنجوومەنی وەزیران ناڕازیین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کێشانەیان باس نەکردووە و بە ئێمەیان نەگوتووە لە چی ناڕازین."
لەبارەی ئەوەی بە پارتی دەگوترێت، "قۆرخکاریی" لە دەسەڵات کردووە، رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت رێز لە هەڵبژاردن بگیرێت "پۆستە سیاسییەکان، پۆستە سیادییەکان لەسەر بنەمایەک دابەشبکرێت کە هەریەک بەپێی قەبارەی خۆی لە هەڵبژاردنەکان [پۆستی بەربکەوێت]. ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان حیزبی یەکەمین، لەگەڵ ئەوەشدا بەشی خۆمان لەگەڵ لایەنەکان بەشکردووە."
بە جەختکردنەوە لەوەی کە نازانن کێشەی یەکێتی لەگەڵ پارتی چییە، رێبەر ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر کێشەیەکی موعەیەنی سیاسی هەیە، دەبێت بە ئێمە بگوترێت، نابێت لە راگەیاندنەکانەوە گلەیی لە پارتی بکرێت، لە کاتێکدا لە کۆبوونەوە فەرمییەکان باسی هیچ کێشەیەک ناکرێت. ئەگەر بابەتەکان گرێبدرێنەوە بەسەر هەندێک رووداوی دیکە کە لە هەولێر روویانداوە، ئەم بابەتانە بابەتی ئەمنیی یاساییە و دادگەکان بەدواداچوونی بۆ دەکەن و نە حکومەت و نە پارتی لێیان بەرپرس نین."
لەدوای کۆنگرەی 14، بە گوتەی ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی فەرمانی دەرکردووە کە "پارتی بەڕووی هەموو لایەنە سیاسییەکان کراوە دەبێت، لەنێویاندا یەکێتی، چونکە یەکێتی حیزبێکی سەرەکی و هاوبەشێکی سەرەکییە و دەمانەوێت لەگەڵیدا ئەدایەکی باشترمان هەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، "لە هیچ خاڵێکی بەرپرسیارێتی راناکەین، هەموو بەرپرسیارێتییەکیش هەڵدەگرین و خۆمان بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانین، بەڵام دەبێت حکومەت لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستکراوە بێت. ئەو کێشەی ئێستا باسی لێوەدەکرێت و سلێمانی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، خەریکە دەکرێتە ملی پارتی، کە پارتی لێی بەریئە."
رێبەر ئەحمەد گلەیی لەوە کرد کە داوا لە پارتی دەکرێت بارودۆخی سلێمانی چاک بکات و گوتی، "هیچ دەسەڵاتێکی ئەمنی و ئیداری لە سلێمانی بەدەست پارتی نییە، بەڵام داوا دەکەن پارتی بارودۆخی سلێمانی چاک بکات." داوایشی کرد کە رێگەبدرێت "ئەزموونی هەولێر و دهۆک بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین."
بە گوتەی رێبەر ئەحمەد، ئەو وەکو وەزیری ناوخۆ لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە "راسپێردراین لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆئەوەی هێزێک دروستبکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان، لەبەر ئەوەی گلەیی هەبوو لەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان کۆناکرێتەوە، هێزێکمان دروستکرد و لە دەرئەنجامی ئەوە بە ئێمە گوترا کە ئەگەر هێز بجووڵێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان، شەڕی ناوخۆ دروستدەبێت. لە کاتێکدا سەرۆکی حکومەت گوتی، یەکەم شوێنێک کە دەتانەوێت بچن کۆنترۆڵی بکەن، ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و پێشخابوور بێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا لە سلێمانی بە ئێمە گوترا، ئەگەر ئەم هێزە بێتە سنوورەکە، شەڕی ناوخۆ دروستدەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ