رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک لایەن لەگەڵ راگرتنی مووچەی فەرمانبەراندان بۆ ئەوەی دەنگەکانیان زیاد بن.
21ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
چیای تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند "بەغدا هیچ بیانوویەکی نەماوە بۆ نەناردنی مووچە. ئێستاش بیانووی بۆ نەناردنی مووچە دۆزیوەتەوە، ئەگەرنا هیچ گرفتێک نییە. هەموو ئەو داواکارییانەی عێراق هەیبوون، بە زیادەوە جێبەجێکراون."
چیای تەیموور گوتیشی، "نەناردنی مووچە کارتێکە لەدەستی عێراق، کە لەبەرژەوەندیی هەندێک لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنێت و دەیەوێت بەو گوشارانە، دەنگدان لەبەرژەوەندی ئەو لایەنانە بێت. یەکێتیی نیشتمانی و لایەنێکی دیکەش هەن دەیانەوێت مووچە دوابکەوێت بۆ ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریبهێنن و دەنگی پێ زیاد بکەن."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت، "هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان چارەنووسسازە و لایەنەکان چاوەڕوانن پارتی لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسی و دەنگەکانی کەم بکات، بەڵام پارتی دەیەوێت پارێزگاری لە 45 کورسییەکەی بکات و ژمارەی دەنگدەرەکانیشی زیاد بکات."
لەبارەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، چیای تەیموور رایگەیاند، "ئێمە وەک پارتی لە کارەکانی محەممەد شیاع سوودانی رازین. ئەگەر سوودانی دەستی کراوە بکرێت، دەتوانێت شتی باش بۆ عێراق بکات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات."
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغداوە دەستى کەوتوون، دواکەوتنى ناردنى پارەى مووچەى مانگى تەممووزى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە، پەیوەندیدارە بە دووبارە وردبینیکردنەوە لە لیستى مووچە لەلایەن فەرمانگەى بودجەى سەر بەو وەزارەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ