رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، بەشێک لە باڵەخانەی نەخۆشخانەکان بەهۆی کۆنبوونیانەوە، درزیان تێکەوتووە و مەترسیی رووخیانیان لەسەرە، هەروەها زیاتر لە 10 بنکەی تەندروستی بەهۆی نەبوونی دەرماڵە، داخراون.
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-8-2023) رایگەیاند، جگە لە گرفتی نەبوونی بنکەی تەندروستی لە هەندێک گوندی سنوورەکە، بەشێک لە باڵەخانەی نەخۆشخانەکان، بەهۆی کۆنبوونیانەوە درزیان تێکەوتووە و مەترسی رووخانیان لەسەرە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە سنوورى پارێزگای ههڵهبجه شەش نەخۆشخانە و 33 بنكهى تەندروستی هەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە گوتی، "زیاتر لە 10 بنکەی تەندروستی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە داخراون و کارمەندەکان بەهۆی وەرنەگرتنی دەرماڵە، توانای هاتووچۆیان نییە، ئەوە لەکاتێکدایە چەندین گوندی ئەو سنوورە بێ بنکەی تەندروستین و بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی سەرەتایی، روو لە ناحیە و قەزاکان دەکەن."
ئازاد مستەفا باسی لەوەش کرد، سەرەڕای بەدواداچوونێکی زۆر، هیچ وەڵامدانەوەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستییەوە، بۆ باشترکردنی دۆخی تەندروستی و دەرمان لە هەڵەبجە نەبووە.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە لەنێوان 126 بۆ 130 هەزار کەسە، کە ئەو پارێزگایە بەردەوام تووشی کەمیی فەرمانبەر و باڵەخانەی حکومی دەبێتەوە، کەمیی داهات و نەبوونی پارە لە بانکەکان مانگانە کێشە بۆ کۆمپانیای پاککەرەوە، دەرمان و سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی دیکە دروستدەکات و زۆربەی گەنجانیش بە ناچاری روو لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ