رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوا لەو کەسانە دەکات کە کەسێکیان لە سعودیە ون بووە یان مردووە، پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری حەج و عومرەی ناوچەکەیان بکەن.
رۆژی دووشەممە 17-06-2024 وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارینامەیەکدا رایگەیاند، رێککەوتنیان لەگەڵ کۆنسووڵی عێراق لە سعودیه کردووە بۆ دۆزینەوە و سۆراخکردنی ئەو هاووڵاتییانەی مردوون یان ون بوون.
وەزارەتی ئەوقاف لە ئاگادارییەکەدا داوا دەکات هەر کەسێک خزمێکی نزیکی یان کەسێکی لە سعودیە مردووە یان ون بووە، بۆ سۆراخکردنیان پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری حەج و عومرەی ناوچەکەی بکات.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، سێ حاجیی کورد، تەمەن 84 ساڵ و 70 و 61 ساڵ لە مەککە لە کەسوکاریان دابڕاون.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2024، فوئاد حەمید، کوڕی یەکێک لەو حاجییانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "باوکم و برایەکم پێکەوە چوونەتە حەج و ئێوارەی رۆژی هەینی براکەم لە کێوی عەرەفە تەندروستیی تێکچووە و بەو جۆرەش لە باوکم دابڕاوە."
هاوکات حاجییەکی دیکەی تەمەن 70 ساڵ بەناوی عەبدوڵڵا ناسر حەسەن سوورچی کە بە ڤیزەی گەشتیاریی چووەتە حەج، رۆژی شەممە لە کێوی عەرەفە لە هاوژینەکەی دابڕاوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
جگە لەوەش، حاجییەکی دیکە بە ناوی ئومیلە جومعە، تەمەن 61 ساڵ بێسەروشوێن بووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج گیانیان لەدەستداوە. دووشەممە 17-06-2024، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاتی دەستپێکردنی ئەرکە سەرەکییەکانی حەجکردن کە لە شەممەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، 10 هاونیشتمانیی کە بۆ حەج لە سعودیە بوون گیانیان لەدەستداوە.
لەو 10 حاجییەی گیانیان لەدەستداوە، تەنیا یەکێکیان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە بە فەرمی چووەتە سعودیە، ئەوانی دیکە بە ڤیزەی یەک ساڵیی لە حەج بوون.
بە مەزەندەی کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 10 هەزار هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی حەجکردن بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ