رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خەڵکی سەردەشت سێ رۆژ دوای پێکهێنانی هاوژینی بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا. ئیدریس عوسمانزادە، خەڵکی گوندی شاڵگەی سەردەشت کە دوێنێ سێشەممە لەسەر رێگەی بانە- سەردەشت لەگەڵ هاوژینەکەی بە رووداوی هاتووچۆ بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا. ئەو گەنجە تەمەن 22 ساڵانە سێ رۆژ پێشتر ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو.
هاوژینەکەشی بە ناوی موبینا دەروێش نییا لەو رووداوەدا بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە. ئیدریس عوسمانزادە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و لە رێگەی چوون بۆ گوندی زرواوی خوارووی شاری بانەدا بووە، کە ماڵی خەزووری لەو گوندەیە.
چالاکڤانانی سەردەشت دەڵێن، رێگەی سەردەشت- بانە کە هەردوو پارێزگای سنە و ورمێ پێکەوە دەبەستێتەوە، رێگەیەکی قەرەباڵخە و هاتووچۆی زۆری لەسەرە، بەڵام رێگەیەکی خراپە و ساڵانە رووداوی هاتووچۆی زۆر لەو رێگەیە روودەدەن.
بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، رێژەی قوربانییانی هاتووچۆ لەو وڵاتە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشتر 16٪ زیاتر بووە. ساڵی رابردوو لە هەموو ئێران 19 هەزار و 237 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 2 هەزار و 247 کەس لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە دەکاتە 11.6٪ی کۆی قوربانییان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ