رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی قەوڵتاس لە کاکەییەکان و سەرجەم یارسانەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-01-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی قەوڵتاس لە کاکەییەکان دەکات و هیوا دەخوازێت رۆژوو و نزاکانیان قبووڵ بێت و رۆژانی جەژن لە کەشێکی ئارام بەسەر ببەن.
پێشتریش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە کاکەییەکان کرد و رایگەیاند، "لەم جەژنەدا جەخت لە پاراستنى مافهكانى خوشك و برايانى ئازيزى كاكهييمان و تهواوى پێكهاتهكان و مانهوهى كوردستان به سهرزهمينى پێكهوهيى، تهبايى، لێبوردهيى، فرهيى و يهكترقبووڵكردن دهكهينهوه".
کاکەییەکان پەیڕەوی ئایینی یارسانن کە بە چەند گەڕێکی (دەوران) دا رۆیشتووە، بەپێی سەرئەنجام (نووسراوی پیرۆزی یارسانەکان) پەیڕەوانی ئایینەکە ماوەی ھەر گەڕێک بە 300 ساڵ دەخەمڵێنن. تەمەنی ئایینەکە بە 2400 دەخەمڵێنرێت.
کورتەیەک لەسەر جەژنی قەوڵتاس یان سێ شەوەی یاران
یارانی قەوڵتاس 7 کەس بوون، ئەو حەوتەوانەیەی کە سوڵتانی یارسانەکان (سوڵتان سوهاک) بۆ کاروباری کۆمەڵایەتیی هەڵیبژاردبوون کە بریتی بوون لە قولی، شابدین، شاکە، شا نەزەر، عیسا، شاموراد و پیرە دلاوەر.
رۆژێک ئەو 7 کەسە لە ئازەربایجانی ئێرانەوە رێگەی چوون بۆلای سوڵتان لە هەورامان (رۆژهەڵاتی کوردستان) دەگرنەبەر تاوەکو لە "پەردیوەر" بچنە خزمەتی سوڵتان. بەڵام ماندوویەتی لە نزیک کێوی شاهۆ لە شاری پاوەی ئێستا، وایان لێدەکات بڵێن ئەگەر سوڵتان سوهاک "حەقە" با خۆی بێتە پێشوازیمان.
یارسانەکان باوەڕیان وایە "سوڵتان سوهاک حەقە" و ئاگاداری هەموو قسە و گوفتار و کردارێکیانە. بۆیە لێیان تووڕە دەبێت و مستەفا داودان دەنێرێتە پێشوازییان. بۆیە مستەفا بە فەرمانی سوڵتان هەورێک لە ئاسمان دروستدەکات و سێ شەو بەسەریاندا بەفر دەبارێنێت و دەبن بە ژێر بەفرەوە.
کاتی بەڕۆژووبوونی قەوڵتاسی لە چواردەیەمی چلەی گەورەی زستان تاوەکو حەڤدەیەمی زستانە. ئەو یارسانانەی کە سێ رۆژی یارانی قەوڵتاس بەڕۆژوو دەبن، بڕوایان وایە لەوکاتەوە بە ئەمری سوڵتان سوهاک و بە شوکرانەی رزگاربوونی یاران، بەڕۆژووبوون لە سێ رۆژی رۆژووی قەوڵتاس بەسەریاندا واجب کراوە و لە شەوی سێیەم دەبێتە جەژنیان و رێوڕەسمی جەژن دەگێڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ