وردەکاریی کوژرانی گەنجێک لەسەر یاری پەبجی لە هەولێر

16-11-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن پەبجی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس باسی کوژرانی گەنجێکی تەمەن 17 ساڵە لە هەولێر، کە لەلایەن هاوڕێ و خزمێکی خۆیەوە بە چەقۆ لەسەر "یاری پەبجی" لێیدراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە. 
 
سامیا حەسەن چووەتە گەڕەکی نەورۆزی هەولێر کە رووداوەکەی تێدا روویداوە، لەگەڵ شایەتحاڵەکان و ئەو کەسە قسە دەکات، کە گەنجەکەی بردووەتە نەخۆشخانە. 
 
بکوژ و کوژراو خزمی یەکدین. مام ئیبراهیم، موختاری گەڕەکی نەورۆز لە هەولێر سەبارەت بە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو کوڕەی کە لێرە کوژراوە چەند رۆژێک پێش ئێستا کێشەیەکیان هەبووە و دواتر کوژراوەکە هاتووەتە بازاڕ و پاقلەی خواردووە، پاشان لەم کۆڵانەی ئێمە بە چەقۆ کوشتوویەتی".
 
موختاری گەڕەکەکە دەشڵێت، مامی گوتوویەتی "چەند رۆژێک پێش ئێستا ناخۆشییەک لەنێوانیاندا روویداوە و بەهۆیەوە رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە."
 
شایەتحاڵێکی دیکە، کە دووکاندارە لە گەڕەکی نەورۆز و خۆی محەممەدی تەمەن 17 ساڵی بردووەتە نەخۆشخانە ئاماژە بەوە دەدات "لە دووکانەکەم کارمدەکرد، دواتر گوێبیستی هاوارکردن و گریان بووم، هاتمە شوێنی رووداوەکە بینیم کەسێک لەسەر زەوی کەوتبوو و خوێنی لێدەهات. دواتر بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆم بردمە نەخۆشخانە و پێش ئەوەی بیگەیێنمە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو شایەتحاڵ دەڵێت، لەبەرئەوەی برینەکەی سەخت بوو، نەیدەتوانی قسە بکات و پزیشکەکانیش گوتیان "حەوت چەقۆ لە جەستەی دراوە، دواتر کەسوکارەکەی هاتنە نەخۆشخانە و تەرمەکەیان بردەوە".
 
ئیسماعیل فەرحان،  باوکی محەممەدی کوژراو، تاساوە بە بیستنی رووداوەکە و سەبارەت بە کوژرانی کوڕەکەی دەڵێت "باوکی بکوژەکە کوڕی پوورمە و هیچ کێشەیەکیشمان لەگەڵیان نەبووە، محەممەد خۆیشی هیچ کێشەی نەبووە، کە ئێمەش چووینە نەخۆشخانە تەواوببوو. لەبەرئەوە ئێمە دۆسیەکەمان داوەتە حکومەت و دەبێت ئەوان یەکلایی بکەنەوە."

 

وێنەی بکوژەکە

 
باوکی محەممەد لەبارەی ئەوەی کە کێشەکە لەسەر چی بووە و دەگوترێت لەسەر یاری پەبجی بووە گوتی "گەنجی ئێستا زۆربەی یاری پەبجی دەکات، بەڵام محەممەد هیچ کێشەیەکی نەبووە و باسی هیچی نەکردووە. کاتێکیش تەلەفۆنمان بۆ کرا پێیانگوتین کە کوڕەکەمان بە چەقۆ لێیدراوە. ئەوەی لێشی داوە کەڕولاڵ بووە."

 

 
رۆژی یەکشەممە 15-11-2020،  پۆلیسی هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی گەنجێک بڵاوکردەوە کە لەسەر یاری پەبجی هاوڕێکەی خۆی بە چەقۆ کوشتبوو. تومەتبارەکە ناوی (ر. م. ع) بە تۆمەتی كوشتنی (محەممەد ئیسماعیل فەرحان) ئێستا دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
پۆلیس لەدوای رووداوەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "دوای لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت ئەو گەنجە لەسەر پەبجی کوژراوە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام چونکە بکوژ کەڕولاڵە دەبێت کەسانی شارەزا بە کەسانی خاوەن پێدوایستیی تایبەت لێکۆڵینەوە لە بکوژەکە بکەن".
 
محەممەد ئیسماعیل تەمەنی 17 ساڵ بووە. لەگەڵ باوکی لە دووکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل کاری کردووە. هاوڕێکانی گوتیان لەگەڵ بکوژ لەسەر پەبجی بووەتە دەمەقاڵەیان و بکوژیش دەرفەتی لێ هێناوە و کۆتایی بە ژیانی محەممەد هێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژیی دژی ژنانە؛ پیاوانی هەڵەبجە قسە دەکەن

تووندوتیژیی دژی ژنان 'پەتایەکی جیهانییە'؛ پیاوانی هەڵەبجە روونی دەکەنەوە بۆچی لای ئەوان ئەو کێشەیە نییە

لە رۆژی جیهانیی بنبڕکردنی تووندوتیژی دژی ژنان، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "پەتای جیهانیی تووندوتیژیی دژی ژنان و کچان، شەرمەزارییە بۆ جیهان" بەڵام لە کووچێکی بچوکی ئەم جیهانەدا کە شاری هەڵەبجەیە، خەڵک شانازی بەوەوە دەکەن، توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەوەندە کەمە "هەر باس ناکرێت."