رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی پزیشکیی کرماشان دەڵێت، لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 2400 لەباربردنی کۆرپەلە لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە، 'ئەم ژمارەیە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆدەگرێت کە بە فەرمی تۆمارکراون.'
قوباد محەممەدی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کرماشان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16-8-2023) ئەو ئامارەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، رێژەی لەباربردنی کۆرپەلە لەو پارێزگایە بەردەوام لەزیادبووندا بووە.
قوباد محەممەدی گوتی، تەنیا لە پارەوە زیاتر لە 2400 کۆرپەلە لە سنووری پارێزگای کرماشان لەباربراون، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم بابەتە کاریگەریی کردووتە سەر ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی رێژەی کەسانی بەساڵاچوو لە پارێزگاکەدا.
گوتیشی، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کرماشان بە شێوەیەکی بەردەوام کەمدەبێتەوە، ئەمەش بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی هاوسەرگیری و لەدایکبوون، هەروەها زیادبوونی رێژەی لەباربردنی کۆرپەلە دەگەڕێتەوە.
سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کرماشان هەروەها رایگەیاند، بەداخەوە بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان لە تەواوی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن حکومەت و هەموو دامودەزگە پەیوەندیدارەکانەوە پەیڕەو دەکرا، بۆیە کاریگەریی نەرێنی کردبووە سەر ژمارەی دانیشتووانی وڵات، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا هەموو بەرنامەکانی ناو دەزگە حکومییەکان دژی کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان کاردەکەن.
حکومەتی ئێران لەم چەند ساڵەی دواییدا جەخت لەسەر بەرزکردنی ژمارەی دانیشتووان دەکات و سیاسەتی چەند منداڵی پەیرەو دەکات و هانی دایک و باوکانی گەنج دەدات بۆ ئەوەی منداڵی زیاتریان هەبێت.
رێبەری کۆماری ئێسلامیی ئێران، عەلی خامەنەیی چەندین جار داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کردووە کە سیاسەتی هاندانی گەشەسەندنی دانیشتووان پەیڕەو بکات و سیاسەتی رابردووی حکومەتەکانی پێشووی بە هەڵە و زیانبار لە قەڵەمداوە.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەباربردنی کۆرپەلە، ئەگەر ناکام بن هەتاوەکو سێ مانگی یەکەمی دووگیانیی دایکەکە رێگەی پێدراوە، بەڵام لەدوای ئەوەی دایکەکە دووگیانییەکەی لە سێ مانگ زیاتر دەبێت، ئەگەر کۆرپەلەکەی نێو رەحمی ناکامیش بێت، بەپێی یاسا بۆی نییە لەباری ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ