بە بەشداریی 180 کۆمپانیا پێشانگەی هەولێر بۆ خانووبەرە و بیناسازی بەڕێوەدەچێت

16-08-2022
هادی سەلیمی
هادی سەلیمی @hadiselimi
بە بەشداریی 180 کۆمپانیا پێشانگەی هەولێر بۆ خانووبەرە و بیناسازی بەڕێوەدەچێت
بە بەشداریی 180 کۆمپانیا پێشانگەی هەولێر بۆ خانووبەرە و بیناسازی بەڕێوەدەچێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێیەمین پێشانگەی هەولێر بۆ خانووبەرە و بیناسازی بەڕێوەدەچێت. لە پێشانگەکەدا کۆمپانیایەکی ئێرانی کە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەسانسۆر و قادرمەی کارەبایین لەو وڵاتە، بەشدارن. پێشانگەکە بە بەشداریی 180 کۆمپانیا بۆ ماوەی چوار رۆژ کارەکانی بەردەوام دەبێت.
 
پەرواز وسووقی، ئەندازیاری میکانیک لە کۆمپانیا ئێرانییەکە دەڵێت: "ئێمە هاتووینەتە بازاڕی عێراق بە تایبەت هەرێمی کوردستان کە بەرهەمەکانمان بە باشترین کوالێتی پێشکێش بکەین و خۆمان بە کڕیاران و بازاڕی هەرێمی کوردستان بناسێنین."
 
سێیەم پێشانگەی خانووبەرە و بیناسازی لە هەولێر لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە. سەرۆکوەزیران باسی لە پێویستیی پەرەپێدانی کەرتە جیا جیاکانی وەبەرهێنان کرد و گوتی: "وەبەرهێنان نابێت تەنیا لە بواری نیشتەجێبوون بێت و دەبێت گرنگی بە کەرتەکانی دیکەی وەکو پیشەسازی و کشتوکاڵیش بدرێت."
 
ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ دوو خولی پێشوو، رێژەی نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکان لە پێشانگەکەدا نزیکەی 30٪ زیادی کردووە.
 
هەری سەلام، بەڕێوەبەری پێشانگەکە باسی لەوە کرد: "لەم پێشانگەیەوە وەبەرهێنەرانی بیانی بە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئاشنا دەکرێن و بەرهەمەکانیان دەگاتە بازاڕەکان و بەمجۆرە کەرتی خانووبەرە بووژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت."
 
لە هەرێمی کوردستان قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون زیاتر لە 17 ملیار دۆلارە، لە کۆی زیاتر لە هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنان کە لە ساڵی 2006ـەوە جێبەجێ کراون، نزیکەی 32٪ـی پڕۆژەکان تایبەتن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە