یەکێتیی مامۆستایان: گومان دەکرێت تاقیکردنەوەی سەرپەرشتیاری گزیی تێدا کرابێت

16-08-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک تاقیکردنەوەی سەرپەرشتیاری بۆ ئەو مامۆستایانە دەکرێت کە لە کەرتی پەروەردەدا ئەزموونیان هەیە. ئەمساڵیش وەکو ساڵانی رابردوو ئەو دەرفەتە بە مامۆستایان درا کە داوای سەرپەرشتیاری پێشکێش بکەن. بەڵام بەشێک لە مامۆستایان لەسەر تاقیکردنەوەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "گومان دەکرێت تاقیکردنەوەکە گزیکاریی تێدا هەبووبێت."
 
ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار مامۆستا داوایان بۆ تاقیکردنەوەکان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی ببنە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.
 
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی جێگەی سەرنجمان بوو، ئەوە بوو کە ژمارەکە زۆر بوو و، دەبوو پێویستیی باشی بۆ دابین بکرێت. لەو شوێنەی تاقیکردنەوەی تێدا دەکرا کە چەند هۆڵی زانکۆیەک بوون، وەک پێویست ئامێری فێنککەرەوەیان تێدا نەبوو کە بەم گەرمای هاوینە مامۆستایەکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە روویان لێ کردبوو."
 
جێگری سەرۆكی یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بەوە دا، کردنە ژوورەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە وەکو پێویست نەبووە و درەنگ پرسیار بە مامۆستاکان گەیشتووە. دەشڵێت، "هەیانبووە 20 خولەک بەسەر کاتەکەدا تێپەڕیوە و پرسیاری نەدراوەتێ. بەشێکیشیان تینوویان بووە و ئاو نەبووە بیخۆنەوە." 
 
عەتا ئەحمەد گوتیشی: "چاودێریکردنی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە وەکو پێویست نەبووە و هەندێک لە چاودێرەکان لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا مۆبایلیان بەکارهێناوە و چوونەتە دەرەوە. هەندێک لەو مامۆستایانەیشی تاقیکردنەوەیان کردووە مۆبایلیان پێ بووە و زەنگیان بۆ هاتووە. لە هەندێک لە هۆڵەکانیشدا دوو-سێ مامۆستا سەریان کردووە بە یەکدا و پێکەوە وەڵامیان داوەتەوە. ئەمەیش گومانی ئەوە دروست دەکات کە گزیکاری هەبووبێت."
 
هەر لەبارەی کەموکورتییەکانی تاقیکردنەوەکەوە، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان باسی لەوە کرد، پرسیارەکان تێبینییان لەسەرە، چونکە هەندێک پرسیار هاتبوونەوە کە "زۆر قورس بوون و لە هیچ سەرچاوەیەکدا نەبوون و تەنیا بۆ پاکلەمەکردنی مامۆستایان بوون." هەروەها باس لەوەش دەکات کە 7-8 پرسیاریش لە دیاریکردنی وەڵامەکانیاندا هەڵە هەیە کە کۆمەڵێک وەڵام هەڵدەگرن و "دەبێت ئەو پرسیارانە بۆ مامۆستایان بە راست هەژمار بکرێن."
 
لەم تاقیکردنەوەیەدا دەبێت لە قۆناخی یەکەمدا بەشداربوو 60 بهێنێت ئینجا دەردەچێت. 
 
عەتا ئەحمەد لەوبارەوە دەڵێت: "لەو زیاد لە چوار هەزار مامۆستایە نزیکەی 15٪یان دەرچوون کە نزیکەی 612 کەسێکن کە رێژەیەکی کەمە، بۆیە ناچار بوون بە پێچەوانەی رێنماییەکانی خۆیانەوە بڕیارێک دەربکەن و کردوویانە بە 50٪." 
 
عەتا ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو، دوای ئەوەیش دوو جار ناڕەزایەتی دروست بووە. ئەوانەی لە 60 زیاتریان هێناوە ناڕازین لەو بڕیارە و ئەوانەیشی تێبینییان لەسەر پرسیارەکان و هەڵەکان هەیە ناڕازین و دەڵێن کە نمرەیان نەهێناوە بەهۆی هەڵەی پرسیارەکانەوە بووە و ستەمیان لێکراوە. ئەوانەی لە 40 زیاتریان هێناوە داوا دەکەن لە قۆناخی دووەمدا بەشدار بن.
 
تاقیکردنەوەی سەرپەرشتیاری پێنج قۆناخە کە بریتین لە زانیاریی گشتی، پسپۆڕی، زمانی ئینگلیزی، کۆمپیوتەر و چاوپێکەوتن.
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان گوتی: "ناوەڕۆکی زۆربەی پرسیارەکان پەیوەندیی بە سەرپەرشتیارییەوە نییە و رۆشنبیریی گشتین کە دەکرا پرسیار لە بواری پەروەردە و کارگێڕی و فێرکردنی تێدابووایە کە تێیدا نەبووە. ساڵان چاوپێکەوتنەکە 15 نمرەی لەسەر بوو، ئەمساڵ 30 نمرەی لەسەرە کە جێگەی سەرنجە و مەترسی هەیە دەستکاریی نمرەکان بکرێت و یاری بە دەرچوون و دەرنەچوونی هەندێک کەسەوە بکرێت."
 
ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەکەدا پسپۆڕی جیا نەکراوەتەوە و ئەگەری هەیە لە شارێکدا حەوت کەس دەربچن کە هەر حەوتیان لە یەک پسپۆڕیدا بن، ئەوەیش کێشە بۆ پەروەردەی ئەو شوێنە دروست دەکات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە