تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاڵێکی سەربازی لە کۆبانێ؛ کوژراو و بریندار هەن

16-08-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک سەرچاوە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێ لە کۆبانێوە بە روودایان گوت، ئەمڕۆ لە سنووری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان شەڕ لە نێوان شەڕڤانان و هێزەکانی تورکیادا دروستبوو و لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون. وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی خۆی لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، لە تۆڵەی ئەوەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازی لە کۆبانێ و لە ئەنجامدا 13 کەس کوژراون، کە بە "تیرۆرست" ناویان دەبات. 
 
میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئەوە پێگەیەی کە بۆردوومانکراوە، خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی حکومەتی سووریا بووە کە تێیدا "16 سەربازی حکومەتی سووریا کوژراون و 3ـی دیکەش بە سەختی برینداربوون."
 
میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەمڕۆ سێشەممە، 16-8-2022 بڵاویکردەوە کە لە بۆردوومانێکی دیکەی ئەمڕۆی تورکیادا بۆ سەر کۆبانێ و دەوروبەری، منداڵێکیش گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەی سڤیلیش برینداربوون. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، شەڕڤانان ژمارەیەک پێگەی نێو سنووری ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج و دان بە کوژرانی سەربازێکی خۆیشیدا دادەنێت. 
 
ئەو خاڵە سەربازییەی کە لە رۆژئاوای کۆبانێ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج، سەربازانی حکومەتی سووریای تێدابووە کە وەکو بەشێک لە رێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی سنووڕبڕی چاوەڕوانکراوی تورکیا لەوێ جێگیرکراون. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانیان لەو هێرشەدا 13 کەسیان کوشتوە کە ئەو بە تیرۆریست ناوی بردوون.  تورکیا لە ساڵی 2016ـەوە سێ هێرشی سنووربڕی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی سووریا ئەنجامداوە.
 
ئەگەر کوژرانی سەربازانی حکومەتی سووریا لە هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی سێشەممەدا پشتڕاستبکرێتەوە، ئەوا ئەوە دەبێتە گەورەترین هەڵچوونی گرژییەکان لە دوای هێرشەکانی ساڵی 2020ی ئەنقەرە و دیمەشق بۆ سەر یەکدی، دوای ئەوەی کە حکومەتی سووریا لە هێرشێکی ئاسمانییدا 33 سەربازی تورکی لە پارێزگەی ئیدلب کوشت. 
 
دوای ئەوەی لە لووتکەی 19ی تەممووزی تاران، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نەیتوانی گڵۆپی سەوزی ڤیلادیمیر پووتین و ئیبراهیم رەئیسیی هاوتا رووسی و ئێرانییەکانی بەدەستبێنێت، سوپای تورکیا تۆپباران و بۆردوومانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی شەڕڤانان زیادکرد. 
 
لەوکاتەوە 19 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە  لە ژمارەیەک هێرشی درۆنی و ئاسمانیی تورکیادا کوژراون کە بەشێکیان لە پۆستی سەرکردایەتیی گرنگ بوون. 
 
لە شەڕی نێوخۆی سووریادا، تورکیا بە هێزەوە دژی بەشار ئەسد، پشتیوانیی لەو گرووپە چەکدارانە کردووە خۆیان بە "ئۆپۆزسیۆن" ناودەبەن، بەڵام هەفتەی رابردوو، مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای ئاشتبوونەوەی حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی کرد، بەڵام سەدان لایەنگری گرووپە چەکدارەکان لە گرێ سپی، عەفرین، ئەعزاز، ئیدلب و حەلەب لە دژی ئەو بانگەوازەی وەزیری دەرەوی تورکیا خۆپێشاندانیان ئەنجامدا. وێڕای ئەوە، ئەمڕۆ مەلوود چاوشئۆغلۆ، جەختی لە بانگەوازەکەی کردەوە.
 
ئەو دەستپێشخەرییەی تورکیا لە کاتیکدایە ئەنقەرە لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد لە پەیوەندیی هەواڵگریدایە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لەگەڵ سووریا دژی شەڕڤانان هاوئاهەنگی بکات. هەروەها لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە