رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە 46٪ـی ئاگرکەوتنەوەکانی ئێران لە دارستانەکانی زاگرۆس روودەدەن. رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت؛ ئاگرکەوتنەوەکان بوونە هۆی مەترسی لەسەر مرۆڤ و 292 جۆر زیندەوەری دیکەی ناوچەی زاگرۆس. هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانیش بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا بۆ وشکەساڵی و گەرمی پلەکانی گەرما دەگەڕێنەوە، بەڵام بەشێکیش لەو رووداوانە بەهۆی ئەو کەسانە روودەدەن کە ئەو دارانە دەسووتێنن بۆ دروستکردنی خەڵووز.
ژینگەپارێزانی ناوچەکە دەڵێن، کەلوپەلی پێویست بۆ کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکان کەمە و داوا لە خەڵک دەکەن لە رۆژانی گەرمادا ئاگاداری دارستانەکان بن. دارستانەکانی زاگرۆس 40٪ـی دارستانەکانی ئێران پێکدێنن و دەکەونە شەش پارێزگای ئێران و پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
ئەمساڵ لە هەموو بەشەکانی ئەو دارستانانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاگرکەوتنەوە روویداوە و بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی تایبەت بە ئاگر کوژێنەوە، کۆنترۆڵی ئەو رووداوانە تەنیا لە ئەستۆی ژینگەپارێزان بووە.
بەگوتەی بەرپرسانی پاراستنی ژینگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکان بە ئەنقەست و بۆ بەرهەمهێنانی خەڵووزە.
رووبەری دارستانەکانی زاگرۆس شەش ملیۆن هێکتارە، رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، 50٪ـی ئاوی ژێرزەویی ئەو وڵاتە لەو دارستانانەوە سەرچاوە دەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ