رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی جووڵەی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، بەهۆی هاتنی جەژنی قوربانەوە قەرەباڵخی دروستبووە و "نۆبە بۆ گەشتیاران دروست ببوو".
کامی کەمال، گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند "خەڵکی بەڕێزی خۆمان ئاگادار دەکەین کە هاتن و چوون لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیادا ئاساییە و بەردەوامە، بەڵام لەبەر هاتنی جەژنی قوربان و پشووی فەرمی لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە مەبەستی گەشتیاری روو لە وڵاتی تورکیا دەکەن، ئەم چەندەش بووەتە ئەگەری دروستبوونی قەرەباڵخییەکی زۆر (ترافیک)".
وەکو گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت، تواناکانی ئەوان و لایەنی تورکیاش بۆ دەربازکردن و وەرگرتنی گەشتیاران سنووردارە.
هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەدوای هەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەڵەوتیی ئیبراهیم خەلیل و لایەنی تورکیا، تیمەکانی کارکردن فراوانتر کران و پرۆسەکە خێراتر بووە، "تەنها لەبەر ئەم هۆکارانە لە سنووری نێوان ئێمە و وڵاتی تورکیادا نۆبە (سرە) بۆ گەشتیاران دروست ببوو".
روونکردنەوەکەش لەکاتێکدایە پێشتر لە پەیجی رووداو لە فەیسبووک ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە لەلایەن هاونیشتمانییەکەوە نێردرابوو و ئاماژەی بەوە کرد، "لە کاژێر 21:00 ـی شەو لە دیوی تورکیاوە رێگە نادرێت کەس بەرەو تورکیا بچێت و خەڵکێکی زۆر چەندین کاژێرە چاوەڕێ دەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ