دانیشتوویەکی گوندی هروور: بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە رێگەی گوندەکەمان بووەتە رێگەی مەرگ

18-07-2021
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
سەر رێگەی گوندی هروور
سەر رێگەی گوندی هروور
نیشانەکردن شەڕی پەکەکە و تورکیا گوندی هروور
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تۆپبارانی بەردەوامی سوپای تورکیا و شەڕی پەکەکە بووەتە مەترسی لەسەر گوندی هرووری سەر بە ناحیەی کانێ ماسی و ناوچەکە. تاوەکو ئێستا پێنج جار کارەبای گوندەکە بەهۆی تۆپبارانەوە بچڕاوە و خەڵکی ناوچەکە بێکارەبابوون.
 
گوندنشینانی هروور بۆ دابینکردنی پێداویستیی رۆژانە بە مەترسییەوە رێگەی گوندەکەیان بەكاردەهێنن و هاتووچۆ دەکەن، ئەیاد هرووری خەڵکی گوندەکەیە و دەڵێ هەرچەندە مەترسیدارە، بەڵام لەبەر دابینکردنی پێداویستی رێگەی گوندەکە بەکاردەهێنین کە بووەتە رێگەی مەرگ.
 
حاجی عەبدوڵڵا هرووری لەگەڵ هاوژین و کچەکەی لە نزیک گوندی هروور دەژین، ماڵیان کەوتووەتە سەر رێگەی گوندەکە و نزیکی دوو کیلۆمەتر لە ناوەندی گوندەکەوە دوورە. تورکیا بەردەوام دەوروبەری ماڵەکەیان تۆپباران دەکات و تاوەکو ئێستا چەندین پارچە بەر ماڵەکەیان کەوتووە. 
 
حاجی عەبدوڵڵا هرووری دەڵێت، لەبەر ئەو رەز و باخەی هەیانە، گوندەکە جێناهێڵن، بەڵام "شەڕی تورکیا و پەکەکە تامی لە بەرهەمەکانماندا نەهێشتووە."
 
رێگەی هروور درێژییەکەی هەشت کیلۆمەترە لەسەر رێگەی زاخۆ بۆ کانی ماسێیە. زیاتر لە مانگێکە تورکیا بە چڕی ئەو ناوچەیە تۆپباران دەکات. تاوەکو ئێستا پێنج جار بەو هۆیەوە کارەبای گوندەکە بڕاوە. 
 
پارچە و پاشماوەی تۆپ و گولـلەی دیکە لەسەر شەقامەکە دەبیندرێن، سێ گولـلە تۆپیش بەر نزیکی شەقامەکە کەوتوون. رێگەی سەرەکیی گوندەکە مەترسی لەسەرە، بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە، سەرەڕای مەترسییەکە، رۆژانە بۆ ئاگاداربوون لە ئاژەڵەکانیان بەو رێگەیەدا دەڕۆن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە