ئەم ساڵ تورکیا زیاتر لە 800 جار بۆردوومانی باشووری کوردستانی کردووە

16-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوێکی ئەمریکی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە سوپای تورکیا زیاتر لە 800 جار بۆردوومانی خاکی باشووری کوردستانی کردووە، بەهۆی ئەو ‌هێرشانەوە هەشت کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2024، سوپای تورکیا 833 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەهۆیانەوە هەشت هاووڵاتی شەهید بوون."
 
بەپێی ئەو بەرپرسە لە رێکخراوە ئەمریکییەکە، نەخشەی هێرشەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەش بوون:
 
- پارێزگای دهۆک: 365 هێرش و بۆردوومان
- پارێزگای هەولێر: 356 هێرش و بۆردوومان
- پارێزگای سلێمانی: 102 هێرش و بۆردوومان
- شنگال لە پارێزگای نەینەوا: 10 هێرش و بۆردوومان
 
کامەران عوسمان گوتی، "تەنیا لە دوو رۆژی کۆتایی هەفتەی رابردوو، سوپای تورکیا 27 جار بۆردوومانی زنجیرە چیای مەتین و گەلی رەشاڤای لە قەزای ئامێدی، چیای ساوێن لە بناری قەندیل، لووتکەی کوڕەشەل و بناری چیای کێوەڕەش لە قەزای رانیە، چیای جاسوسان لە قەزای پشدەر، گوندی کانی میرانی کۆماری و نزارە لە قەزای پێنجوێن کردووە."
 
بەپێی رێکخراو (CPT)ی ئەمریکی، لە ساڵی 2023دا هێزەکانی تورکیا 1548 جار هێرش و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستان و نەینەوایان کردووە.
 
لەو ژمارە هێرشەی ساڵی رابردوو، 1159 هێرشیان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، 228 هێرش لە رێگەی درۆن، 114 هێرش لە رێگەی تۆپباران، سێ ‌هێرش لە رێگەی تەقەکردن و دوو جاریش لە رێگەی تەقینەوەی مین بووە.
 
هێرشەکانی ساڵی رابردووش بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە: لە پارێزگای هەولێر 475 هێرش، لە پارێزگای دهۆک 517 هێرش، لە پارێزگای سلێمانی 420 هێرش و لە پارێزگای نەینەواش 36 بۆردوومان و هێرشی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."