رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی ئێران لە کۆساڵان کوژراو و برینداربوون و شەڕەکەش بەردەوامە.
فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان - یەرەکە، کە باڵی چەکداریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پژاکە، ئەمڕۆ هەینی 16-06-2023 راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداران لە ناوچەی کۆساڵانی سەر بە شاری سەوڵاوای پارێزگای سنە بڵاوکردەوە و دەڵێت، هێرشی زەوینی و ئاسمانی هێزەکانی ئێران بۆسەر چەکدارەکانیان بەردەوامە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە هەندێک شوێن شەڕ لەنێوان چەکدارەکانی پژاک و هێزەکانی ئێران روویداوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.
یەرەکە دەڵێت، زیانی گیانی بە گەریلاکانیان نەکەوتووە، بەڵام بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە ژینگە و سرووشتی ناوچەی کۆساڵان زیانی زۆری بەرکەوتووە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک لە ناوچەی هەورامان دروستبووە.
ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای پاسداران لە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 12-06-2023ـەوە دەستیپێکردووە.
فەرماندەی قەرارگەی حەمزە و فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 بڵاویانکردەوە، هێزەکانیان هەندێک ناوچەی "گرنگ و ستراتیژی" ئەو ناوچەیەیان کۆنترۆڵکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ