شاندێکی سوپای عێراق سەردانی سلێمانی کرد

16-05-2023
پێشەوا بەختیار
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی سەربازیی عێراق سەردانی پارێزگای سلێمانیی کرد و تاوتوێی پڕکرنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کرد. 
 
رۆژی سێشەممە، 16ـی ئایاری 2023، شاندە سەربازییەکەی عێراق بە سەرۆکایەتی قەیس ئەلحەمداوی، جێگری فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسوێنە هاوبەشەکان گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی میحوەری یەک تا چواری پێشمەرگە کۆبوونەوە. 
 
مستەفا چاورەش، فەرماندەی هێزەکانی حەفتا، بە رووداوی گوت: "کۆبونەوەکە بۆ ئەوەیە هەماهەنگی و لێگەتێگەیشتنی زیاتر هەبێت و زیاتر لێک نزیک بینەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆ شاییە ئەمنیەکان. هاوپەیمانان بەردەوامن لە هاوکاریرکردنمان و بەڵێنیان داوە لە هێزی ئاسمانیەوە بەردەوام بن لە هاوکارییەکان."
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون و بەڵێنی هەماهەنگیی زیاتر و درێژەدان بە هاوکارییەکانیان بە هەردوولا راگەیاندووە و نەیانشاردووەتەوە کە هێشتا مەترسییەکانی تیرۆر بەکۆتایی نەهاتوون".  
 
لیوا مەردان چاوشین، فەرماندەی میحوەرەی قەرەتەپە، بە رووداوی راگەیاند، "هێزەکانی هاوپەیمانان هەر لەسەرەتاوە هاوکاریی ئەم لێکنزیکبوونەوەیەمان بوون لەگەڵ سوپای عێراق، مەترسیەکانی داعش قەتیسکراون، چونکە بەشێوەی پارتیزانی ماون و هێرش دەکەن. تەکنیکی و مەعنەوی ئامادەین و چاوەروانی هاوکاری زیاترین."
 
لە کۆبوونەوەکە هەردوولا رێکەوتن لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان بۆ کێوماڵکردنی بۆشاییە ئەمنیەکان هەبێت.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، پەیامێکی لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بۆ جووتیارانی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان ناردووە.
 
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان فەرمان دەرچووە، دەبێت هاوکاری هەموو ئەو جووتیارە کوردانە بکرێت کە دەیانەوێت بەرهەمەکانیان بچنەوە. دەبێت سوپا بە هەموو شێوەیەک هاوکاریان بکات و وێنەیەک لەو نوسراوە ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگەیە."
 
کۆبونەوەکە یەکەمین کۆبونەوەی هاوبەش نەبوو بەڵکو درێژەپێدەری ئەو کۆبوونەوانە بوو کە لەساڵی 2021 وە بە هاوبەشی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەر جارە و لە جێگەیەک دەکرێن. 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە