رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایدەگەیێنێت، کەرتی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان لە "قەیرانێکی گەورەدایە"، هەرێمی کوردستان دوو هێندی خواستی نێوخۆیی بەرهەمی پەلەوەری هەیە، بەڵام حکومەت هیچ پلانێکی ستراتیژی نییە بۆ رێکخستنی ئەو کەرتە نییە.
حاجی رەمەزان شەرەفانی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لە دهۆک بە رادیۆی رووداوی گوت، "کەرتی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک لە قەیرانێکی گەورەدایە، بەتایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا دەیان کێڵگەی پەلەوەری و بەخێوکردنی مریشک کراونەتەوە بەشێوەیەکی رێکنەخراو و بەبێ پلان بووە و تاوەکو ئێستا هیچ پلانێکی ستراتیژی نییە بۆ رێکخستنەوەی کەرتی پەلەوەری."
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی دهۆک گوتیشی، ئاستی بەرهەمی پەلەوەر و گۆشتی سپی لە هەرێمی کوردستان دوو هێندەی خواستی نێوخۆییە و دەتوانن بۆ دوو وڵاتی بنێرن.
حاجی رەمەزان شەرەفانی لەبارەی توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی جووجەڵە و مریشک لە هەرێمی کوردستان گوتی، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەرهەمی نێوخۆیی لە ئاستی خواست زیاترە و بەشێوەیەکە لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا نزیکەی 30 ملیۆن مریشک و جووجەڵە بەرهەم دەهێنرێت، توانای بەرهەمهێنانی پارێزگاکانیش بەم شێوەیەیە:
- پارێزگای هەولێر: 8 ملیۆن و 500 هەزار مریشک
- پارێزگای سلێمانی: 12 بۆ 13 ملیۆن مریشک
- پارێزگای دهۆک: 5 ملیۆن و 790 هەزار مریشک
- پارێزگای هەڵەبجە: 750 هەزار مریشک
- ئیدارەی گەرمیان: دوو ملیۆن و 500 هەزار مریشک
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان باس لەوە دەکات، بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، هەر تاکێک پێویستی بە 24 کیلۆگرام گۆشتی مریشک هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەرتاکێک 59 کیلۆگرامی بەردەکەوێت، ئێستا خاوەن کێڵگەکان لە مایەپووچبووندان و بەشیوەیەک خاوەن کێڵگە هەبووە لە پارێزگای دهۆک، 280 هەزار دۆلار زیانیکردووە.
حاجی رەمەزان شەرەفانی دەشڵێت، پێویستە حکومەت پشتیوانیی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بکات بەشێوەیەک لە نەخۆشخانە و بەندیخانە و دەوامی فەرمیی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆدا، لەبری ئەوەی مریشکی بەستوو بەکاربهێنرێت، بەرهەمی نێوخۆیی بەکاربهێنن. دەشڵێت، "داوامان لە حکومەت کردووە کە لە قۆناخی یەکەمدا لانیکەم 50٪ـی ئەو مریشکەی بۆ خواردنی نەخۆشخانە و بەندیخانە و دەوامی فەرمیی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ بەکاردەهێنرێت، مریشک و بەرهەمی خۆماڵی بێت."
هاوکات رێدیر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک دەڵێت، کێشەی کەرتی پەلەوەری و سامانی ئاژەڵ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیانە، بەهۆی ئەوەی ئێستا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکان لە ئاستی خۆژێنی زیاترە و پێویستە بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک گوتیشی، لە رابردوودا بەرهەمی پەلەوەری تەنیا 30٪ـی پێداویستیی پارێزگاکەی پڕدەکردەوە، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان پێداویستیی نێوخۆیی پڕدەکاتەوە و بەرهەمی هێلکەی کێڵگە پەلەوەرییەکان 60٪ لە خواستی نێوخۆیی زیاترە، چونکە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ رۆژانە پیویستی بە 1800 کارتۆنە، بەڵام رۆژانە زیاتر لە چوار هەزار و 200 کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ