رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و دەڵێت، پێشێلکارییە دژی "سەروەری و سەلامەتی خاکی عێراق".
لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا، بەپێی زانیارییەکانی رووداو چوار کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 17 کەسی دیکەش برینداربوون، کە هەموویان لە ماڵی پێشڕەو دزەیی، بازرگانی دیاری هەرێمی کوردستان بوو، یەکێک لە کوژراوەکان منداڵێکی تەمەن خوار یەک ساڵانە.
ستیڤن هێچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، لە بارەی هێرشەکەوە دەڵێت، "سەرکۆنەی دووژمنکاریی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەم کە پێشێلکارییە لە دژی سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق."
هێچن هەروەها دەڵێت، "سەرەخۆشی قووڵی خۆم لە خێزانی ئەو کەسانە دەکەم کە لە هێرشەکەدا کوژراون و لەم کاتە هەستیارەدا پشتیوانیی خۆم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕم."
بە گوێرەی زانیاریی پەیامنێرانی رووداو، حەوت شوێنی دیکەش لە هەولێر و دەوروبەری کراونەتە ئامانج، لە نێویاندا، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، دەزگایێکی ئەمنی و بنکەی هەریر.
سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و گوتی، هێرشەکان "بارەگەیەکی سیخوڕیی" ئیسرائیل و "شوێنی کۆبوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکانی دژبەری ئێران"ی لە هەولێر لەنێوبردووە.
هەرێمی کوردستان ئەوە رەتدەکاتەوە بە هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل دایدەنێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە هێرشەکەی بە "ناڕەوا" و "ترسنۆکانە" ناوبرد و گوتی، "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم."
حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش بە سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد، "دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی" خۆی ناوبرد و رایگەیاند لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی ئێران تۆماردەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی سێشەممە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هێرشەکەی ئێران شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی بە مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بوونەتە قوربانی،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو هەڵسوکەوتەی ئێران بە دەستدرێژی بۆ سەر ئاسایش و گەلی عێراق، هەروەها خراپەکاری بەرامبەر ئاسایشی ناوچەکە هەژمار دەکات و هەموو رێکارێکی یاساییش لەبەرامبەری دەگرێتەبەر، لەوانە سکاڵاکردن لەلای ئەنجوومەنی ئاسایش."
ئەمریکا رۆژی دووشەممە بەکاتی واشنتن، (سێشەممە بەکاتی هەولێر)، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد و هۆشداریدا ببێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێمە دژی هێرشە مووشەکییە بێباکانەکانی ئێرانین کە سەقامگیری عێراق تێکدەدەن."
پێشتر، گوتەبێژێکی کۆشکی سپی رایگەیاند کە هیچ هێز، دامەزراوە و کارمەندی ئەمریکی نەکراونەتە ئامانج.
بەیانی رۆژی سێشەممە، دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، کە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویش هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و خراونەتە خوارەوە.
دامەزراوە ئەمنییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2024، کاژێر: 05:05ی بەیانی، سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوون، تێکشکێندران و خرانە خوارەوە."
سوپای پاسداران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر چەند شوێنێکی سووریاش، لە نێویاندا وەک میدیای ئێرانی دەڵێت، "شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندە و ئەندامە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە ئۆپەراسیۆنە تیرۆرستییەکانی ئەم دواییە، بە دیاریکراوی داعش."
رۆژی 3ـی کانوونی دووەم، دوو خۆکوژ لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە شاری کرمان خۆیان تەقاندەوە و لە ئەنجامدا 90 کەس کوژران. داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆگرت.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، لانیکەم 11 پۆلیسی ئێران لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری راسک کوژران. گرووپی جیهادیی جەیشول عەدل کە لە ساڵی 2012 دامەزراوە و لە لایەن ئێرانەوە بە گرووپێکی تیرۆرستی پۆڵێنکراوە، بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە راگەیاند.
سوپای پاسداران دەڵێت، "بارەگەیەکی سیخوڕی"ـی ئیسرائیلیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج. دەشڵێت، بارەگاکە "ناوەندێک بوو بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی و دانانی پلانی تیرۆرستی لە دژی ناوچەکە." هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە.
بە گوتەی سوپای پاسداران، هێرشەکە لە وەڵامی ئەو هێرشانە بووە کە بەم دواییانە کرانە سەر ئێران و "بەرەی بەرخودان" کە لە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران پێکدێت.
لە دوای جەنگی غەززەوە کە لە 7ـی تشرینی یەکەم لە نێوان حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ناوچەکە هەڵچوونێکی گەورەی گرژییەکانی بەخۆیەوە بینیوە و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن دەستیان بە هێرشکردووە بۆ سەر ئەو شوێن و ئامانجانەی کە پێیانوایە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیلیان تێدایە.
لە ئاداری ساڵی 2022، سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکی کردە سەر هەولێر و ماڵی شێخ باز بەرزنجیی، کە سەرمایەدارێکی دیکەی کوردە، کردە ئامانج. ئەو کات، پاسداران گوتی، "ناوەندێکی ستراتیجی"ـی ئیسرائیلی بەئامانجکردووە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە.
لە 25ـی کانوونی یەکەم، ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشێکی مووشەکی فەرماندەیەکی باڵای پاسدارانی بە ناوی رازی مووسەوی کوشتووە.
هەروەها لە 8ـی کانوونی دووەم، ئیسرائیل لە هێرشێکی مووشەکیدا ویسام حەسەن تەویل، فەرماندەیەکی حیزبوڵڵای لە لوبنان کوشت.
هێرشەکە چەند رۆژێکی کەم دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل بە هێرشێکی دیکەی مووشەکی لە بەیرووت، ساڵح عاروری، سەرکردەی باڵای حەماسی کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ