رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە پارێزگەی دهۆک، کەوتە ژێر تراکتۆرەکەی و گیانی لەدەستدا.
نێچیرڤان فەخرەدین، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ ئەمڕۆ سێشەممە، 3-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە جووتیارە و دانیشتووی گوندێکی سنووری بەردەڕەشە و تەمەنی 61 ساڵە.
بەگوتەی نێچیرڤان فەخرەدین، ئەو هاونیشتمانییە بە برینداری گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی ئاکرێ و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەرسەلان رەمەزان، ئامۆزای جووتیارەکە بە رووداوی گوت، رووداوەکە کاژير 11:00ـی پێش نیوەرۆ روویداوە، لەکاتی کارکردن قاچی بەر تایەی تراکتۆرەکە دەکەوێت و دوای کاژێرێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ئەرسەلان رەمەزان گوتیشی، "چەند رۆژێکە ئامۆزاکەم خەریکی چاندنی گەنمە. ئەمرۆ بەیانی زوو لەگەڵ باوکم چووەتە کێڵگە و لەوێ تووشی ئەو رووداوە بووە."
تەرمی قوربانییەکە دوای رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ