راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ: پرۆژەیاسای نوێی خانەنشینیی پۆلیس ‌و ئاسایش جێبەجێ بکرێت زۆرینەی پلە بەرزەکان خانەنشین دەکرێن

16-01-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مووچەی خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ لە 220 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، "پرۆژەیاسای هەمواری یاسای ژمارە 18ی ساڵی 2011ەمان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە. بەپێی پرۆژەیاساکە کەمترین مووچەی خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لە 400 هەزار دینار زیاترە."
 
رۆژی یەکشەممە 15-01-2023 بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" بە بەشداریی د. سامی جەلال، راوێژكار لە وەزارەتی ناوخۆ؛ باڵانبۆ محەممەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی ‏كوردستان؛ شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ‏پەرلەمانی ‏كوردستان؛ عەقید ئیدریس مامەند پیرباڵ، بەڕێوەبەری كارگێڕی لە ‏بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ‏پۆلیسی هەرێمی كوردستان؛ لیوا حمەسەعید محەممەد، راوێژكاری پێشووی سەربازی لە وەزارەتی ‏ناوخۆ و عەمید سالار عەلی، ئەندامی دادگەی هێزەكانی ئاسایشی ‏ناوخۆ تایبەت بوو بە گەنگەشەکردنی دۆخی خانەنشینانی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان.
 
هەمواری پرۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ
 
كەمترین مووچە ‏کە کارمەندێكی ئاسایی خانەنشین لە کەرتی سەربازی وەری دەگرێت ‏‏220 هەزار دینارە، لە كاتێكدا ئەگەر ‏ئەو كەسە لە ئەركدا بێت زیاتر لە یەك ‏ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت. حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان ‏كار بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006ی حكومەتی عێراق ‏دەكات، لە كاتێكدا حكومەتی عێراق ‏خۆی كار بەو یاسایە ناكات ‌و یاسای ‏ژمارە نۆی ساڵی 2014ی هەیە و ‏كەمترین مووچەی خانەنشینیی ‏هێزەكانی ناوخۆ بەپێی ئەم یاسایە 500 هەزار دینارە.‏
 
سامی جەلال، راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆ لە بەرنامەکەدا رایگەیاند، "لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کاری لەسەر چارەسەرکردنی بژێویی ژیانی هێزەکانی ناوخۆ و بەتایبەتی خانەنشینان کردووە و بەرگریکاری سەرسەختیان بووە. زۆر پێشنیاز لە وەزارەتی ناوخۆ هاتنەپێش بۆئەوەی کار بکرێت بۆ چاککردنی دۆخی خانەنشینانی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ کە یەکێکیان یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014ی عێراق بوو."
 
راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی، "کۆبوونەوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامدرا کە تێیدا وەزیری ناوخۆ گوتی، پێویستە ژیان و گوزەرانی هێزەکانی ناوخۆ چاک بکرێت؛ بۆیە پێشنیاز کرا یاسای ژمارە 18ی ساڵی 2011 هەموار بکرێتەوە و رێککەوتن لیژنەیەک بۆ هەمواری یاساکە پێکبهێندرێت."
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی وەزارەتی ناوخۆ، "هەموارکراوەکە لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادە کرا و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کرد کەبەپێی ئەو پرۆژەیاسایە پێشنیازمان کرد مادەی 44 کە باس لە گەڕانەوە بۆ یاسای 27ی ساڵی 2006 دەکات، هەڵبوەشێتەوە و خشتەیەکمان بۆ خانەنشینان دانا کە لە خزمەتی 15 ساڵییەوە دەستپێدەکات تاوەکو 25 ساڵی."
 
بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایە، "کەمترین خانەنشین لە 15 ساڵ خزمەتەوە دەستپێبکات بە مەرجێک تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت و رێژەی 60% لە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی مەترسی و دەرماڵەی بڕوانامەی بۆ بە مووچەکەی هەژمار بکرێت و تا دوای 25 ساڵ ئەو رێژەیە بۆ 80% هەڵدەکشێت، بەو پێیەش کەمترین مووچەی خانەنشینی لە 400 هەزار دینار زیاتر دەبێت."
 
سامی جەلال ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر ئەو پرۆژەیاسایە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، 50% بۆ 70%ی پلە بەرزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ خۆیان خانەنشین دەکەن. لەبەرئەوەی لە کاتی خۆخانەنشینکردنیاندا پلەیەک بەرزدەکرێنەوە."
 
"نەبوونی پارەی کاش لە بانکەکانی سلێمانی رێگرە"
 
لە درێژەی قسەکانیدا سامی جەلال گوتی، "پرۆژەیاساکە لە 24-06-2021 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و چەندین کۆبوونەوەی لەبارەوە کراوە بۆ ئەوەی بنێردرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام تائێستا توانای مادیی حکومەت رێگر بووە لە ناردنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان. هۆکارەکەشی ئەوەیە خانەنشینانی هەولێر لە گەنجینەی هەولێر و خانەنشینانی سلێمانی لە گەنجینەی سلێمانی مووچە وەردەگرن. ئێمە لە هەولێر کێشەمان نەبووە، بەڵام لە گەنجینەی سلێمانی کێشەمان هەیە لەبەر ئەوەی پارەی کاش نییە پاڵپشتیی ئەو بڕە پارە زیادکراوە بکات."
 
راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوە کرد، "مانگانە 17%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی کە پارەی پەرەپێدانی هاتووچۆی پێ دەگوترێت و نابێت دەستکاری بکرێت و تەنیا بۆ دابینکردنی پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆیە، بەڵام ئێستا بڕی 28 ملیار دیناری ئەو پارەیە لە سلێمانی دیارنەماوە و یەک دینار نییە بدرێت بە جلوبەرگ بۆ کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی."
 
باڵانبۆ محەممەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی ‏كوردستان کە سەر بە فراکسیۆنی یەکێتییە، ئەو لێدوانەی د. سامی جەلال رەتدەکاتەوە و دەڵیت، "پێشتر وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لە ساڵی 2017 پێشنیازەیاسای مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆمان رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، بەڵام پرۆژەکە ونبوو؛ دواتر لە 10-03-2020 فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان پێشنیازە یاسایەکی دیکەی پێشکێش کرد. بە ئێمەیان گوت، ئەم پرۆژە یاسایە بگەڕێننەوە و ئێمە لە حکومەتەوە پرۆژەیاسایەکی باشتر دەنێرینە پەرلەمان، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵدا هیچ پرۆژەیاسایەکی لەم شێوەیە لەلایەن حکومەتەوە نەهاتووەتە پەرلەمان."
 
بە گوتەی جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی ‏كوردستان، "ئەو کێشە داراییەی ئێستا لە سنووری سلێمانی دروستبووە، حکومەت خۆی دروستیکردووە" و دەشڵێت، "کە پارەی کاش لە بانکەکان هاتووەتەدەر، یەکێتی نەیهێناوە، بەڵکو حکومەت خۆی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەریهێناوە و خۆی بەرهەمهێنەری ئەم قەیرانە بووە."
 
"ئەنجوومەنی وەزیران کەمتەرخەمە"
 
شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ‏پەرلەمانی ‏كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران لە هەموارنەکردنەوەی یاسای خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ بە "کەمتەرخەم" دەزانێت و دەڵیت، "ناکۆکیی تیمەکانی حکومەت لە ئەنجوومەنی وەزیران وایکردووە پرۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ رەوانەی پەرلەمان نەکرێت. چەندین جار وەکو لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمان لە رێگەی سەرۆکایەتییەوە نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆئەوەی پرۆژەیاساکە بنێردرێتە پەرلەمان."
 
سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ‏پەرلەمانی ‏كوردستان گوتیشی، "وەزارەتی ناوخۆ پرۆژەیاساکەی ئامادە کردووە و ناردوویەتیە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام کەمتەرخەمییەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە لەوەی کە تاوەکو ئێستا پرۆژەیاساکەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە."
 
شاخەوان رەئوف دەڵێت، "قسەم لەگەڵ وەزیری دارایی کردووە بۆ ناردنی پرۆژەیاسای خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ و ئەو هیچ کێشەیەکی نییە و دەڵیت: ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ بە ناردنی بدات و رەوانەی پەرلەمانی بکات، هیچ کێشەیەکم نییە. بەڵام بەهۆی ناکۆکیی تیمەکانی حکومەت لە ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاساکە رەوانە ناکرێت."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "خانەنشینانی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لەم دۆخە ئابوورییەی ئێستادا ناتوانن بە مانگانەی 200 هەزار دینار بژین، بۆیە پێویستە ئەو پرۆژەیاسایە لەم خولەی پەرلەمان پەسند بکرێت."
 
"ئەگەر یەکێتی بەرپرسیاربێت دەست لە کار دەکێشمەوە"
 
بورهان سەعید سۆفی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەرنامەی لەگەڵ رەنج کرد و رایگەیاند، "هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەمووی یەکێتی و پارتی نین و لە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون. لە ساڵی 2017 فراکسیۆنی یەکێتی پێشنیازەیاسای خانەنشینی ئەم هێزانەی پێشکێشی پەرلەمان کرد."
 
بورهان سەعید سۆفی دەڵێت، "ئەگەر ئەم پرۆژەیاسایە لەبەر ئەمە پەکی کەوتووە کە لە سلێمانی پارەی کاش نییە، من یەکەم کەس دەبم کە هەڵوێستم دەبێت، بەڵام هێشتا ئەو پرۆژەیاسایە لە ئەنجوومەنی وەزیران نەچووەتە پەرلەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوانبار دەکرێت. کاتێک دەتوانن یەکێتی تاوانبار بکەن کە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان دەنگ بە پرۆژەیاساکە نەدات، ئەو کات من یەکەم کەس دەبم دەستلەکارکێشانەوەم لە یەکێتی رادەگەیێنم."
 
عەقید ئیدریس مامەند پیرباڵ، بەڕێوەبەری كارگێڕی لە ‏بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ‏پۆلیسی هەرێمی كوردستان رەتیدەکاتەوە جیاوازی لە دابینکردنی پێداویستی هێزەکانی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان کرابێت و دەڵیت: "بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە هەموو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و تیمی حکومەت و پەرلەمان بابەتی خانەنشینی هێزەکانی خستووەتە بەرباس و داوای چارەسەرکردنی کردووە."
 
عەقید ئیدریس مامەند پێیوایە: "هیچ جیاوازییەک نییە لە دابینکردنی جلوبەرگ و پێداویستی و ئۆتۆمبێل بۆ سەرجەم دەزگاکانی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ و لە هەرسێ شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان".
 
"پرۆژەیاساکەی ئەنجوومەنی وەزیران تا ئێستا بیرۆکەیەکە"
 
لیوا حمەسەعید محەممەد، راوێژكاری پێشووی سەربازی لە وەزارەتی ‏ناوخۆ پێیوایە تاوەکو ئەوکاتەی پرۆژەیاساکەی حکومەت نەگاتە پەرلەمانی کوردستان، هەر لە ئاستی بیرۆکەدا دەمێنێتەوە.
 
راوێژكاری پێشووی سەربازی لە وەزارەتی ‏ناوخۆ گوتیشی، "سەرەتای کێشەی خانەنشینی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ژمارە 18ی ساڵی 2011 و دواتر یاسای یەکگرتووی ساڵی 2014 کە هەموو شایستە داراییەکانی هێزەکانی ناوخۆی دیاریکردووە، بەڵام کەلێنی زۆری تێدایە کە بریتین لە کەمی مووچەی بنەڕەتی کە بەراورد بە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانی شارستانی، مووچەی بنەڕەتی هێزەکانی ناوخۆ یەکجار کەمە."
 
بە گوتەی لیوا حمەسەعید محەممەد: "پڕۆژەیاساکەی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەهۆی ئەوەی رەوانەی پەرلەمان نەکراوە، تائێستا تەنیا بیرۆکەیەکە؛ دەکرا لە ساڵی 2014ەوە تا ئەوکاتەی ئەم یاسا نوێیە دەردەچێت، یاسای خانەنشینی عێراقی جێبەجی کرابا."
 
گرفتەکانی یاسای خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ
 
عەمید سالار عەلی، ئەندامی دادگای هێزەكانی ئاسایشی ‏ناوخۆ ئاماژە بە کۆمەڵیک گرفت دەکات کە لە پرۆژەیاسا هەموارکراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ هەیە و دەپرسێت: "پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 18ی ساڵی 2014 کە تایبەتە بە راژەی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ پرۆژەیەکی باشە، بەڵام ئایا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر خانەنشینکراون یان تەنیا بۆ ئەو کاتەیە کە یاساکە دەچەسپێت؟" لە وەڵامدا دکتۆر جەلال رایگەیاند، "سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە یاسا هەموارکراوەکە خانەنشینکراون."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی دادگای هێزەكانی ئاسایشی ‏ناوخۆ: "ئەگەر کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ لە دادگای هێزەکانی ناوخۆ یان دادگایەکی دیکە حوکم بدرێت، بە مەرجێک دەرنەکرێت، ئەو ماوەیەی لە زیندان دەبێت، نیو مووچە وەردەگرێت، بەڵام کارمەندێک ئەگەر لەکاتی ئیشکردنی فەرمیدا تووشی پەککەوتن بێت، ئەو ماوەیەی لە نەخۆشخانەیە مووچەکەی بە تەواوەتی وەردەگرێت."
 
عەمید سالار عەلی روونیدەکاتەوە: "بەڵام دوای ئەوەی کارمەندەکە لە نەخۆشخانە رۆیشتەوە ماڵەوە و مۆڵەتی وەرگرت، لە یاساکەدا نووسراوە "راتب التام"، بەڵام وەزارەتی دارایی بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی شەهادە راڤە کردووە و دەرماڵەی مەترسی و خواردنی لێدەبڕێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.