رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ حیزب و لیستە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوایین بانگەشەی جەماوەریی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و کاژێر 12:00ـی ئەم شەو کاتی بانگەشەکردن کۆتایی دێت. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر بانگەشەی جەماوەری دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، خالید عەباس، بەڕێوەبەرى ئۆفیسى دهۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کاژێر 12:00ـی ئەم شەو بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.
پارتی: 70 هەزار ئەندام و لایەنگرمان لە بانگەشەی ئەمڕۆدا بەشدار دەبن
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنێو یاریگەی فڕانسۆ ههریری لە ههولێر، دوایین بانگەشەی جەماوەری بۆ پشتگیری لە لیستەکەی دەکات. لە بانگەشەکەدا سەرۆک مەسعود بارزانی گوتارێک پێشکێش دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە بانگەشە جەماوەرییەکەدا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی ئامادە دەبن.
بەرپرسێکی باڵای پارتی بە رووداوی گوت "کەرنەڤاڵەکە کاژێر 4:00ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت. مەزەندە دەکەین لە کەرنەڤاڵەکەدا 70 هەزار ئەندام و لایەنگری پارتی ئامادەبن، هەروەها مۆسیقا و گۆرانیش پێشکێش دەکرێن".
یەکێتی: لە هەولێر گۆڕەپانێکی فراوانمان بۆ دوایین کەرنەڤاڵی بانگەشە ئامادەکردووە
هەورین عەلى تۆفیق، بەربژێرى یەکێتى لە سنوورى بازنەى هەولێر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند ئەمڕۆ کەمپەینى هەڵبژاردنى یەکێتى لە سنوورى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکرێت و بەربژێرانى لیستەکە لەو بازنەیە بەشدار دەبن، بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان گوتارى دەبێت.
مەسعود مەلا هەمزە، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی شاڵاو کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی گوت "کەرنەڤاڵەکە کاژێر 3:00 لە بارەگاى مەکتەبی سیاسیى یەکێتى دەبێت و گۆڕەپانێکی فراوان بۆ پێشوازیکردن لە لایەنگرانی یەکێتی ئامادە کراوە."
بەرەی گەل: دوایین بانگەشەی جەماوەریمان لە سلێمانی دەبێت
بەرەی گەل، کە قەوارەیەکی نوێیە و لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، یەکەم جارە بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکات.
شادمان مەلا حەسەن، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی هەولێر بە رووداوی گوت "ئێوارەی ئەمڕۆ دوایین ئاهەنگی بانگەشە لە سلێمانی دەکەین و لاهوور شێخ جەنگی دوایین پەیام دەداتە لایەنگران و جەماوەر."
لەبارەی شوێنی ئاهەنگە جەماوەرییەکە گوتی: "لەبەرئەوەی شوێنیان پێنەداین، لە نزیک هۆتێل لالەزار ئاهەنگەکە دەکەین".
هەڵوێستی نیشتمانی: بانگەشەی کۆتایی دەبەینە شەقام
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کە عەلی حەمەساڵح سەرۆکایەتیی دەکات، یەکەم جارە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات.
رێبوار کەریم، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ کەرنەڤاڵی جەماوەریمان نابێ، بەڵام سەرۆک لیست و بەربژێرەکان، بە شەقام و بازاڕەکان دا دەگەڕێن و بانگەشە دەکەن".
کۆمەڵی دادگەری: لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا پەیامی کۆتایی رادەگەیێنین
کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ئەمڕۆ ئاهەنگی جەماوەریی ساز ناکات. عەبدولسەتار مەجید، سەرۆکی لیستی کۆمەڵ لە بازنەی هەولێر بە رووداوی گوت "کاژێر 8:30 بەربژێرەکانمان لە هەولێر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازدەکەن و پەیامی کۆتایی بۆ لایەنگرانمان و خەڵکی کوردستان دەخوێنینەوە".
یەکگرتووی ئیسلامی: بانگەشەی جەماوەریمان نابێت
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ کە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بانگەشەی جەماوەریی نابێت و تەنیا بەربژێرەکان وەکو تاک بانگەشە دەکەن.
نەوەی نوێ: دوایین کەمپەینی هەڵبژاردنمان لە سلێمانی دەبێت
نەوەی نوێ، دوایین کەمپەینی جەماوەریی خۆی بردووەتە سلێمانی. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کەمپەینەکەی نەوەی نوێ، لە کاژێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ دەبێت.
بزووتنەوەی ئیسلامی: دوا پەیاممان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رادەگەیێنین
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانیش لە دوا رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، ئاهەنگی جەماوەری نابێت.
کۆچەر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پەیامی کۆتایی بزووتنەوەی ئیسلامی کاژێر 5:00ی ئێوارە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرا دەکەین.
بەرەی تورکمانی: کەمپەینی جەماوەریی ناکەین
ئایدن مەعرووف، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە بازنەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە دوایین رۆژی بانگەشەدا، کەمپەینی جەماوەرییان نابێت و پەیامی کۆتاییان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەخەنەڕوو.
ئەمڕۆ دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە، کە کاژێر 12:00ـی ئەم شەو تەواو دەبێت.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2024) خالید عەباس، بەڕێوەبەرى نووسینگەی دهۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "رێکارە ئەمنییەکان دەستیان پێکردووە و دەست بە گواستنەوەی سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدانیش دەکەین، کارمەندەکانمان ئامادەن و پرۆسەی راهێنانمان تەواو بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ