رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ئەگەر دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵاکان لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکات، ئەوا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کۆمەڵێک بڕیار دەربکات، کە هێزی یاساییان هەیە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە،15ـی تشرینی یەکەمی 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵا لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکەی دادگە بۆ 5ی مانگی داهاتوو دواخرا.
د. سۆران بەرزنجی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "ئەگەر دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکان پەسند بکات، تاکە دەرچەی رزگاربوون لەو بۆشاییە یاساییە گەڕانەوەیە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر سکاڵاکان پەسند بکرێن، ئەوە پێویستە گۆڕانکاری لە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، ئەوەش پێویستی بە یاسایە، چونکە هیچ کۆمیسیۆنێک ناتوانێت بەبێ یاسا هەڵبژاردن بکات.
د. سۆران بەرزنجی، ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی بڕگەی 5 لە مادەی 10ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، باسی لە مەترسییەک کردووە و رێگەچارەی بۆ داناوەو دەڵێت: "هەرێمی کوردستان، دامەزراوەکانی، پێگەکەی یان ئاسایشەکەی بکەوێتە مەترسییەکی ئەوتۆوە کە هەڕەشە لە بوونی بکات و پەرلەمانیش نەتوانێت کۆببێتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەنا دەباتە بەر بڕیارگەلێک کە هێزی یاساییان هەیە، ئەو بڕیارانە شوێنی یاسا دەگرنەوە."
سکاڵاکان لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون، سکاڵاکان تایبەتن بە بازنەی هەڵبژاردن و کورسیی پێکهاتەکان.
د. سۆران بەرزنجی گوتی: "بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی دادگەی فیدراڵی عێراق نێوەڕۆکی ئەو سکاڵایانە ئەگەری رەتکردنەوەیان زیاترە تاوەکو ئەوەی پەسند بکرێن، نازانم دادگەکە بۆچی سکاڵاکان رەتناکاتەوە!"
لەبارەی ئەگەرەکانی پەسندکردنی سکاڵاکە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە، ئەو راوێژکارەی پەرلەمان گوتی: "سکاڵاکەی زیاد جەبار، [سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان] بەگوێرەی بڕگەی 3 لە مادەی 20ـی پەیڕەوی نێوخۆی دادگەی فیدراڵی عێراق دەڵێت نابێت سکاڵاکار تانە لە یاسایەک بدات، کە خۆی پێشتر سوودمەندبووە، کاک زیاد بەو یاسایە بووە بە پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی دووەم گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی کوردستان بووە، هەروەها سکاڵاکەی کاک ئامانج مەرجی دەستووری تێدا نییە، چونکە بەپێی بڕگەی 4ی هەمان مادە(مادەی 20) دەبێت کەسی سکاڵاکار کە سکاڵا پێشکێش دەکات ئەو مادە دەستوورییە دەستنیشان بکات کە مادە تانە لێدراوەکە دژبەرە لەگەڵ ئەو مادەیەی دەستووردا، بەڵام کاک ئامانج هیچ مادەیەکی دەستنیشان نەکردووە."
د. سۆران بەرزنجی، دەڵێت، یەکێک لەو مادانەی زیاد جەبار سکاڵای لەسەر کردووە، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە کە داوایکردووە بۆ هەر 100 هەزار دەنگێک 1 کورسی بێت ئەوەش بەپێی مادەی 49 دەستووری عێراق، داوایکردووە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کەمبکرێتەوە بۆ 44 کورسی، بەڵام ئەو مادەیەی دەستوور تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان لە ساڵی 1992 دیاریکراوە کە بۆ هەر 30 هەزار کەس نوێنەرێک هەبێت، بەپێی یاسای هەڵبژاردن لە ساڵی 1992 بڕیاری لێدراوە کە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن نابێت لە 100 ئەندام کەمتر بێت.
راوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان، باسی لەوەشکرد: "ئەگەر دادگە سکاڵاکان پەسند بکات بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات، چارەسەرکردنی گرفتەکانیش ئاڵۆزتر دەکات، گرێیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستدەکرێت. هەڵبژاردن لە هەموو ئەگەرێکدا بە یەک بازنەیی دەکرێت لە هیچ ئەگەرێکدا ناکرێتە فرە بازنەیی، چونکە هەموو هەڵبژاردنەکان بە یەک بازنەیی کراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ