کۆنسووڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر: پێشکەوتنمان لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەستهێناوە

15-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، پەیامێکی ماڵئاویی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە تامەزرۆییەوە چاویان لەسەر هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفاف و گشتگیرە، کە دەمێکە چاوەڕوانکراوە، دەشڵێت: "پێکەوە پێشکەوتنمان لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەستهێناوە." 
 
مارک سترۆ، کۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا کە کۆتایی بە ئەرکەکەی هاتووە، پەیامێکی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە: "پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پەیوەندییەک کە قوربانیدانی هاوبەش پێکیهێناوە و بە بەها هاوبەشەکان بەهێزکراوە."
 
کۆنسووڵی گشتیی پێشووی ئەمریکا ئاماژە بە دەستکەوتەکانی لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "لە ماوەی ساڵی رابردوودا پارێزگاریی یاساییمان بۆ پەنابەران بەهێزترکرد و خستمانە سەر رێککاری رێکخراوی خۆی، لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی هاوبەشیمان پێکهێنا بۆ پێشخستنی مافەکانی ژنان، بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژیی رەگەزی، هەمەچەشنکردنی ئابووری، هاندان و بیرۆکە بەخشین بە کارسازانی داهاتوو، پێشخستنی ئازادیی راگەیاندن، نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە کولتوورییەکان، پاڵپشتیکردن لە پێکەوەژیانی ئایینی و گیانی یەکترقبوڵکردن و ئامادەکردنی نەوەی داهاتووی دەرچووانی زانکۆ بۆ کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی یەکەم هەلی کارکردنیان."
 
باسی چاکسازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "پێکەوە پێشکەوتنمان لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەستهێناوە کە ئەرکێکی بنەڕەتییە لە دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ هەرێمی کوردستان و لایەنێکی بنچینەیی ئەو هاوبەشییە دوورمەودایەیە کە لە بواری ئاساییشدا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەمانە."
 
سەبارەت بە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیش، مارک سترۆ دەڵێت: "بە تامەزرۆییەوە چاومان لەسەر هاتنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و گشتگیرە کە لە مێژە چاوەڕوانکراوە و لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا دەکرێت."
 
کۆنسووڵی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات بۆ "میوانداریی قەشەنگیان و هاوبەشیکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و هەمەڕەنگەکەیان لەگەڵم."
 
خزمەتکردنیشی لە هەرێمی کوردستان بە "شانازی و دەستکەوتێنی گەورە و مەزن" ناودەبات و دەڵێت: "دەزانم هەمان پێشوازیی گەرم و پشتگیریی تەواوەتیی خۆتان لە (ستیڤ بیتنەر)ـی جێگرەوەم دەکەن لەکاتی دەستبەکاربوونی لە بەردەوامییدان بەمکارە گرنگە."
 
مارک سترۆ، لە ئابی ساڵی 2023، لە شوێنی ئيرڤن هيكس ‏جوونيه‌ر وەک کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەستبەکاربوو، ئەو پێشتر لە پاکستان و چەند شوێنێکی دیکە کاریکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 14-08-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."