گەنجێکی ئاکرێ: ئالوودەبوویەک بووتڵی غازی ماڵەوەی بۆ قومار فرۆشتووە

15-07-2022
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
گەنجێکی ئاکرێ: ئالوودەبوویەک بووتڵی غازی ماڵەوەی بۆ قومار فرۆشتووە
گەنجێکی ئاکرێ: ئالوودەبوویەک بووتڵی غازی ماڵەوەی بۆ قومار فرۆشتووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی ئاکرێ کە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، پێنج ساڵە ئالوودەی قوماری ئەلیکترۆنی بووە و تاوەکو ئێستا 30 هەزار دۆلاری لەو یارییە دۆڕاندووە، ئەمە جگە لەو بڕە پارەیەی کە قەرزیشی بۆ کردووە. 
 
ئەو گەنجە مۆبایلەکەی پێشانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەدات کە چەندین یاری قومارکردنی ئەلیکترۆنی تێدایە و، وەک خۆی دەڵێت، هەموو سەروەتەکەی لەو رێگەیە داناوە و لەو مووچە 400 هەزارییەی کە هەیەتی، ئێستا تەنیا 100 هەزار دیناری بۆ دەمێنێتەوە و ئەویدیکەیان دەداتەوە بە قەرز.
 
ئەو گەنجە کە نەیویست ناو و وێنەی بڵاوبکرێتەوە بە رووداوی گوت: "برادەرێکم لێرە لە گازینۆیەکی ئاکرێ سیستمی هەبوو، زۆر گازینۆی سیستم لە ئاکرێ هەن، منیش چوومە لای هاوڕێکەم و گوتم بزانم ئەوە چییە. گوتی ئەوە سیستمە، منیش گوتم سیستم چییە، گوتی سێ هەزار داخڵ بکە رەنگە ببێتە 10 دەفتەر، منیش سێ هەزارم داخڵ کرد، بووە 100 دۆلار، رۆژی دواتر چوومەوە ئەوێ 100 دۆلارم قەرز کرد و تێمکرد، تاوەکو ئێستاش بەردەوامم و ئەوە بووە پێنج ساڵ."
 
بەردەرگەی قشلەی ئاکرێ کە بە شوێنێکی قەرەباڵخی ئەو شارە دەناسرێت، بەگوێرەی قسەی بەشێک لە قومارچییەکان، ئەو شوێنە سەرچاوەی فێربوون و بڵاوبوونەوەی قومارە. هۆشمەند مستەفا کە پێشتر ئەدمین بووە و هەشت مانگە وازیهێناوە دەڵێت، لە خوار تەمەنی 18 ساڵیشەوە خەڵک قومار دەکەن.
 
بە گوتەی هۆشمەند مستەفا، هەندێک لە ئالوودەبووانی قوماری ئەلیکترۆنی کەلوپەلی ناوماڵ بە قیست دەکڕن و بە کاش دەیفرۆشنەوە و بەوشێوەیە پارەکە بۆ قومارکردن بەکاردەهێنن و دەشڵێت: "ئەو شتەی کە زۆر کاریگەری لەسەر من هەبووە ئەوە بوو کاژێر 02:00ـی شەو من لە ماڵ بووم، گەنجێک بووتڵی غازی ماڵەوەیانی هێنا و پێی گوتم لێم بکڕە و بۆم داخڵ بکە، 10 هەزار دینار، هیچ نەما، بووتڵی غازی هێنا، خۆراکی هێنا، چیرۆکی لەمە کاریگەرتریش هەیە."
 
یەکێکی دیکە لە ئالوودەبووانی قوماری ئەلیکترۆنی لە ئاکرێ باسی لەوە کرد: "بە خوا شەوی رابردوو دەفتەرێک دۆلارم داناوە، کاژێر 21:00 تاوەکو 01:00، دەفتەرێکم تێکردووە و بەڵگەشم هەیە، ئێستاش پارەم ئامادەکردووە و دەچم دەیکەم، تازە تووشبووم و ناتوانم وازی لێ بهێنم."
 
زیاتر لە ساڵێکە پۆلیسی دهۆک هەڵمەتێکی دژی ئەو جۆرە قومارکردنانە دەستپێکردووە، هەر شوێنیک کە قومار لێی ئەنجامبدرێت، دادەخرێت و خاوەنەکەیشی سزادەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەندێک شوێن بە نهێنی ئەو یارییە دەکرێت.
 
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە رووداوی گوت: "قومار تاوانە و بەگوێرەی بڕگەی 369 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک ئەو تاوانە ئەنجامبدات، بەگوێرەی ئەو بڕگەیە سزادەدرێت، هەروەها هەر کەسێک شوێنێک دابین بکات بۆ قومار، ئەویش سزادەدرێت و ئەو ئامێرانەشی کە بەکاردەهێنرێت بۆ تاوانی قومار، دەستی بەسەردا دەگیرێت."
 
تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونێکی کردووە و دەرکەوتووە کە 50 ئەدمینی قومار لە ئاکرێ هەن، هەر یەكێک لەوان رۆژانە لە نێوان چوار بۆ پێنج ملیۆن دینار یاریی دەفرۆشن، کە سەرجەمیان بەیەکەوە دەگاتە نزیکەی 250 ملیۆن دینار.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە