رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای هۆشداری و رێکارەکانی کاربەدەستانی کاروباری حەج لە سعودیە، بەڵام بەشێکی زۆر لەوانەی بە ڤیزەی گەشتیاری سەردانی سعودیەیان کرد، حەجیان کرد.
حاجییەکی کورد کە بە ڤیزەی گەشتیاری حەجی کرد، گوتی "کارێکی هەڵە بوو و نەدەبووایە رێگەمان پێ بدرێت." دەشڵێت "بەهۆی پاڵەپەستۆی ئەو کەسانەوە چەندین حاجی گیانیان لەدەستدا."
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15-6-2024) نزیکەی دوو ملیۆن کەس روویان لە کێوی عەرەفە کرد و گرنگترین و سەرەکیترین ئەرکی حەجیان بەجێهێنا، ئەویش وەستانە لەسەر کێوەکە.
لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. جیا لەو ژمارەیە، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی بە "ڤیزەی یەک ساڵی" بە هەمان ئامانج چوونەتە سعودیە.
حاجییەکی کورد بە ئەمبوڵاس برایە سەر کێوی عەرەفە
زیاتر لە دوو ملیۆن کەس، ئەمڕۆ تاوەکو دوای نوێژی شێوان (مەغریب) لە کێوی عەرەفە مانەوە. نزا و داوای لێخۆشبوونیان کرد و رازی دڵی خۆیان بە پەروەردگار گەیاند.
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش، لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بهڕێوهبهری گشتیی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان لە کێوی عەرەفەوە رایگەیاند، هیچ رووداوێکی نەخوازراو یان گیانلەدەستدان لەنێو ئەوانە نەبووە کە بە ڤیزەی حەج چوونەتە سعودییە.
حاجیانی ماڵی خوا تاوەکو رۆژئاوا لە کێوی عەرەفە مانەوە و دواتر بەرەو موزدەلیفە بەڕێکەوتن. شێخ نیاز راغب نەقشبەندی گوتی "دۆخی حاجیانی هەرێمی کوردستان زۆرباشە، تەنیا لە رۆژانی رابردوودا یەک دوو حاڵەتی نەخۆشمان هەبووە، کە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە لە مەککە و ئەوانیش پاش چاکبوونەوە لە نەخۆشخانە، دەرچوونە، جگە لەیەک نەخۆش نەبێت کە لە نەخۆشخانەی مەلیک فەیسەڵ ئەویش ئەمڕۆ بە ئەمبوڵانس هێندراوەتە عەرەفە و حەجی پێدەکرێت."
پێنج حاجیی کورد گیانیان لەدەستدا
ساڵانە حاجیان لە کاتی بەڕێکەوتنیان بەرەو کێوی عەرەفە، تووشی رووداوی نەخوازراو دەبن، حەجی ئەمساڵیش بەدەر نەبوو لە قوربانی.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، پێنج حاجیی کورد، کە چواریان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانن و یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە لە کێوی عەرەفە گیانیان لەدەستداوە.
حاجییەکی کورد بە ناوی رازییە، دانیشتووی شاری هەولێر بوو، لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج کۆچی دواییکرد. ئەو ژنە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە گەشتی حەجی نەکردووە و بە "ڤیزەی یەک ساڵی" چووەتە ئەو وڵاتە.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "چونکە ئەو ژنە ناوی لە وەزارەت تۆمار نەکردووە، جارێ زانیاریی ورد لەبارەی ناسنامەکەی و چۆنیێتی رووداوەکە نازانن."
هەروەها نەزیر تاهیر، دانیشتووی قەزای بەردەڕەش بە رووداوی گوت: براژنێکی بەناوی ئاسیا عەلی، لەدایکبووی 1956 ئەمڕۆ دوای هاتنە خوارەوەی لە کێوی عەرەفە، کۆچی دواییکردووە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بهڕێوهبهرایەتیی گشتیی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، حاجییەکی کورد بەناوی هەمین قادر، لەدایکبووی 1971، دانیشتووی شاری هەولێر، لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییکرد.
جگە لەوانەش حاجییەکی دیکەی دانیشتووی قەڵادزێ بەناوی حەمەحەسەن عەبدوڵڵا، لەدایکبووی 1969 لەسەر کێوی عەرەفە بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد. هەر چوار حاجییەکەی هەرێمی کوردستان کە لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد، بە ڤیزەی ساڵی چووبوونە سعودیە نەوەک ڤیزەی حەج.
هەر ئەمڕۆ حاجییەکی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بە ناوی حوسێن حاج حەمید، لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە شاری مەککە کۆچی دواییکرد.
بۆچی تەرمی حاجیانی بیانی لە سعودیە دەنێژرێن؟
ئەو بیانیانەی لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، یان سوننەتی عومرە لە شاری مەککە و مەدینەی سعودیە گیان لەدەستدەدەن، هەر لەوێ دەنێژرێن.
گوتەبێژی بهڕێوهبهرایەتیی گشتیی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان، دەڵێ هیچ رێگرییەک نییە بۆ هێنانەوەی تەرمی ئەو کەسانە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو شوێنە پیرۆزە، کەسوکاریان حەز دەکەن، تەرمەکان هەر لەوێ بنێژرێن.
حاجیەکی کورد: زیاتر لە 100 تەرمم بینی
دوو ساڵە، جگە لەوانەی بە فەرمی حەج دەکەن، خەڵکێکی زۆریش لە هەرێمی کوردستان و وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێی سعودیە لە رێگەی ڤیزەی گەشتیارییەوە حەج دەکەن.
حاجییەکی کورد، کە بە ڤیزەی گەشتیاری حەجی کردووە، پێیوایە حەجکردن لەو رێگەیە "کارێکی هەڵە بوو و نەدەبووایە سعودیە رێگە بدات." ئەو حاجییە کوردە گوتی "ئەوانەی بە فەرمی حەجیان کردبوو، زۆر بە رێکوپێکی و بە سیستەماتیك چوونە سەر کێوی عەرەفە و گەڕانەوە، بەڵام ئێمە کە بە ڤیزەی گەشتیاری چووبووین، بووینە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و پاڵەپەستۆ، زۆر حاجی گیانیان لەدەستدا، خۆم لە نزیک مزگەوتی نەمیرە زیاتر لە 100 تەرمم بینی."
لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ خەڵكێکی زۆر لە رێگەی ڤیزەی گەشتیارییەوە چوونەتە حەج، کاروان ستوونی مەزەندە دەکات 10 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان لەو رێگەیەوە هەوڵی حەجکردنیان دابێت، بەڵام گوتیشی "بەشێکیان نەیانتوانی حەج بکەن و گەڕانەوە، بەشێکیشیان لە جەددەن و نەیانتوانی بگەنە مەککە."
بهڕێوهبهری گشتیی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان گوتی "ئەمساڵ پرۆسەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان بۆ ئەو حاجیانەی بە وشکانی و ئاسمانی هاتوون، زۆر بە پرۆفیشناڵی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمساڵ سعودیە شێوازێکی نوێیان بۆ بەڕێکردنی حاجیان بۆ کێوی عەرەفە پەیڕەو کرد."
شێخ نیاز گوتیشی "بڕوا ناکەم کەس دەستبەسەر کرابێت. بەڵام ئەو خەڵکانەی لە شاری مەککە نیشتەجێ بوون و ڤیزەی حەجیان نەبووە، خەڵکی هەموو وڵاتێکی تێدایە، سعودیە لەوبارەوە دەڵێت 500 هەزار کەس بەبێ هەبوونی ڤیزەی حەج، هەوڵی حەجکردن دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ