پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: تائێستا وەک قەزا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا دەکەین

15-06-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵەبجە دهۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پلادانانی عێراق رایدەگەیێنت لە هەرێمی کوردستان، سلێمانی زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی هەیە و دهۆکیش هەژارترینە. باس لەوەش دەکات تائێستا وەک قەزا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا دەکەن.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 15-06-2023) لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "دانیشتووان، پێوەری سەرەکی و گرنگن لە دابەشکردنی بەشی دارایی پارێزگاکاندا، هەژاری پێوەری دووەمە لەگەڵ فاکتەری دیکە، ئەوەی پەیوەستە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، دواتر هەولێر نزیکەی 2 ملیۆن و پاشان دهۆک کە ژمارەی دانیشتووانی کەمترە لە 2 ملیۆن کەس. بەپێی ئەو ژمارەیە رێژەی بەشی دارایی دابەش دەکرێت".
 
"دهۆک هەژارترینە"
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق روونیکردەوە، لە رووی هەژارییەوە لە هەرێمی کوردستان، دهۆک بەرزترین رێژەی هەژاری هەیە، سلێمانی دووەم و هەولێر سێیەمە کەمترین رێژەی هەژاری هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە بەشی پارێزگاکان دابەش دەکرێت.
 
عەبدولزەهرە هینداوی گوتی "بەشی هەرێمی کوردستان، لە بەشەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق دانراوە". 
 
لەکاتێکدا هەر پارێزگایەکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەجیا بەشەبودجەی پەرەپێدانی بۆ دابینکراوە، سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جیانەکراونەتەوە و وەک هەرێمی کوردستان یەک بەشەبودجەیان بۆ تەرخانکراوە.
 
بەشەبودجەی تەرخانکراو بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکانی عێراق لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق 2.5 تریلیۆن دینارە، لەو بەشەش پشکی هەرێمی کوردستان 273 ملیار دینارە.
 
سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ پارەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، عەبدولزەهرە هینداوی دەڵێت، وەزارەتی پلادانان چاودێری و بەدواداچوونی هەموو پڕۆژەکانی عێراق دەکات، جگە لە هەرێمی کوردستان، چونکە چاودێریی و بەدواداچوونی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە نییە، بەڵکو تایبەتە بە خودی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.   
 
"هەژاری لە عێراق 22٪ و لە هەرێمی کوردستان 6.5٪ـە "
 
سەبارەت بە رێژەی هەژاری، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق باس لەوەدەکات داتا و ئاماری نوێیان نییە، پشت بە داتای ساڵی 2018 دەبەستن کە رێژەی هەژاریی لەنێوان 21 بۆ 22٪ـە. پارێزگاکانی باشوور بەرزترین رێژەی هەژاریان هەیە؛ موسەننا 52٪، دواتر پارێزگاکانی دیوانیە، میسان و زیقار بە رێژەی 48 بۆ 45٪، پاشان لە باکوور پارێزگای نەینەوا دێت کە رێژەکەی 39٪ـیە،  دواتر پارێزگاکانی ناوەڕاست 20 بەڵکو کەمتر 20٪ بۆ 22 ٪ـە رێژەی هەژاریان، بۆیە بەگشتی رێژەی هەژاری 21 بۆ 22٪ـە".
 
عەبدولزەهرە هینداوی لە بارەی رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستانەوە گوتی "بەپێی داتای ساڵی 2018، لە هەرێمی کوردستان رێژەکە 6.5٪ـە". گوتیشی "ئێستا پێشبینی دەکەین لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەمتر بووبێتەوە".  
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەدا ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی دوای جەژنی قوربان لە مانگی تەمموزدا رووپێویێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەموو عێراق دەستپێبکەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەم رووپێوییە ئاماژەی نوێ و تازەیان پێدەدات سەبارەت بە رێژەی هەژاری، کە کامە پارێزگای هەژارترە، لەگەڵ هێڵی هەژاری، شوێنی چڕیی هەژاری، رێژەی بێکاری، لەسەر ئەو بنەمایەش پلانی ساڵی داهاتوو دادەنێن سەبارەت بە ستراتیژیەتی هەژاری و تەرخانکردنی شایستەی دارایی لەسەر بنەمای هەژاری.
 
"تائێستا وەک قەزا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا دەکەین"
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و پەسندکردنی ماوە، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق دەڵێت "تائێستا وەک قەزایەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی، مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا دەکەین".
 
گوتیشی: "ئێمە ئێستا چاوەڕێی پەسندکردنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەین لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، تاوەکو یاساکەش پەسند دەکرێت، وەک قەزا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا دەکرێت، نەک پارێزگا".
 
سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان
 
بڕیاربوو ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو دواخرا. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، بەهۆی درەنگکەوتنی پەسندکردنی بودجە بۆ نزیکەی 6 مانگ، ئەمساڵ سەرژمێری ناکرێت و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
 
عەبدولزەهرە هینداوی پێیوایە چارەگی کۆتایی 2024 وادەیەکی نموونەیی و گونجاوە بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری، بەو مەرجەی پارەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت، لەگەڵ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی ژێرخان و پێوداویستیی سەرەکی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە