رووداو دیجیتاڵ
کارگەیەک لە ئاکرێ بەرهەمی جووتیارانی سنوورەکە دەکاتە کیس و کارتۆنەوە و هەناردەی ئەوروپای دەکات. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکە دەڵێت، پڕۆژەکە "زۆر گرنگە" بۆ جووتیاران، هەروەها داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زیاتر بە بەرهەمی نێوخۆ بدات.
رۆژی دووشەممە 15ـی ئایاری 2023، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کارگەیەک بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران بەشێوەیەکی مۆدێرن دەکاتە نێو کیس و کارتۆنەوە و بەنێوی کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی ئەوروپای دەکات.
ئاکرێ بە چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی بەناوبانگە وەکو برنج، هەنجیر، ترش (سماق) و راشی. فازڵ مستەفا گوتی، کارگەکە برنج، تەحین، سماق و چەند بەرهەمێکی دیکەی جووتیاران بە بڕی جیاواز و کیلۆی جیاواز دەکاتە نێو کیسەوە و هەناردەی دەکات بەتایبەت بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
کارگەکە ماوەی سێ ساڵە بەرهەمی نێوخۆیی سنووری ئاکرێ هەناردە دەکات، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت، هەبوونی کارگەکە "زۆر گرنگە" بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و بەرهەمی کوردستانیش بە دەرەوە دەناسێنێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، گرنگی "زیاتر" بە بەرهەمی نێوخۆیی بدات و هەوڵی بە بازاڕکردنی بدات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کارگەکەی ئاکرێ دەڵێت: "لەمەودوا جووتیاران خەمی ئەوەیان نییە بەرهەمەکانیان چۆن و لەکوێ ساخبکەنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و ئەو کێشەیەی جووتیاران چارەسەر دەکات؛ لە قەزای ئاکرێ کارگەیەکی ناوخۆیی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی حکومەت، بەرهەمەکانی جووتیاران دەخاتە نێو کیسە و کارتۆنی تایبەتەوە، لەسەریان دەنووسێت (Made in Kurdistan) و رەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکات."
کۆتایی ساڵی رابردوو، لە رێگەی دوو کۆمپانیاوە بەرهەمی هەناری هەڵەبجە و زاخۆ هەناردەکرا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی "گرنگ" پێناسەی کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی هەناردەکردنی بەو کارگانە داوە زیاتر لە پێویستی نێوخۆ بەرهەمیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ