کۆنسوڵی کۆماری کۆریا (باشوور): 70 ساڵ ئاشتیی دوای جەنگی نێوخۆیی، کۆماری کۆریای کردە وڵاتێکی پێشکەوتوو

15-05-2022
A+ A-

رووداو – هەولێر 
 
چۆ کیجۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریا (باشوور)، رایگەیاند کە چوار هۆکار بوونەتە هۆی ئەوەی کۆماری کۆریا لە وڵاتێکی هەژارەوە ببێتە "دەیەمین گەورەترین ئابووریی جیهان"، کە ئەوانیش بریتین لە ئاشتی، چەسپاندنی دیموکراسی و ئازادیی میدیایی، پیشەسازیبوون و گرنگیدان بە کولتوور.  
 
چۆ کیجۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریا، کاژێر 10ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئایاری 2022 سەردانی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و لەگەڵ ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو کۆبووەوە و رایگەیاند، ئەو بەر لە سێ مانگ گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و "هەر لەسەرەتاوە ئەو هەست و تێبینییەی لەلا دروستبووە کە رووداو یەکێکە لە کاریگەرترین دەزگا میدیاییەکان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە". 
 
چۆ کیجۆنگ، جەختی لە گرنگیی ئازادیی کاری میدیایی و ئازادیی رادەربڕین کردەوە و بە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ بەرەوپێشبردنی وڵاتان باسی لێوەکرد و گوتی، "ئازادیی دەربڕین یەکێکە لەو بنەمایانەی ئێمە لە کۆریای باشوور زۆر بڕوامان پێی هەیە و بە یەکێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی وڵاتەکەمان دایدەنێین و دەمانەوێت لە جیهانیش دا بەردەوام پشتیوانی لێبکەین"، هەروەها گوتی، "لە راستیدا رۆژنامەڤانان سەختی دەچێژن لەپێناو ژیانێکی باشتر بۆ کۆمەڵگە"، ئەوەشی بە کاری تۆڕی میدیایی رووداو بەستەوە و گوتی، "لە رێگەی میدیای وەک رووداو خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری جیهانن و پەیوەندییان لەگەڵ جیهان هەیە".
 
هەروەها باسی لە ئەزموونی وڵاتەکەی کرد کە چۆن لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم و جەنگی نێوخۆی کۆریا، توانییان لە وڵاتێکی هەژارەوە ببنە خاوەن دەیەم گەورەترین ئابووری لە جیهان، کە یەکێک لە هۆکارەکان ئەو پێشکەوتنە دیموکراسی و ئازادیی کاری میدیاییە لەو وڵاتەدا. 
 

پێشوازیکردن لە کۆنسوڵی کۆماری کۆریا (باشوور) لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو . وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

چۆ کیجۆنگ باسی لە چوار خاڵ کرد کە نهێنیی گەشەسەندنی کۆماری کۆریان، "دروستکردنی ئاشتی و بەردەوامبوونی بەدرێژایی 70 ساڵی رابردوو، چەسپاندنی دیموکراسی و ئازادیی کاری میدیایی، پیشەسازیبوون و گرنگیدان بە بواری کولتوور کە ئەمانە چەند خاڵێکی تێکهەڵکێشن و بوونەتە هۆی گەشەسەندنی کۆماری کۆریا". بەردەوامبوونی ئاشتی لە کۆماری کۆریا سەرەڕای ئەوەی هاوسێیە لەگەڵ کۆریای باکوور، هۆکارێکی سەرەکیی پێشکەوتنی کۆماری کۆریایە. 
 
بەهەمان شێوە چۆ کیجۆنگ باسی لە گرنگیی کولتوور و بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان کرد، کە ئەوە یەکێکە لەو بوارانەی کۆماری کۆریا زۆر تێیدا چالاکە و گرنگی پێدەدات، بەتایبەت دراما و گرووپە پۆپەکانی ئەو وڵاتە، کە وایانکردووە هەموو جیهان ئاشنای کۆماری کۆریا و کولتوورەکەی ببێت. 
 
چۆ کیجۆنگ لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند کە ئامادەیە لە رێگەی کۆنفرانس و چالاکیی دیکە ئەزموونی وڵاتەکەی خۆی باس بکات تاوەکو سوودی لێوەربگیرێت بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان. 
 

کۆنسوڵی کۆماری کۆریا (باشوور) سەردانی نیوزروومی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لە کۆتاییدا چۆ کیجۆنگ هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆنسوڵخانەی کۆماری کۆریا لە هەولێر و تۆڕی میدیایی رووداو لەو هاوئاهەنگییە نزیکەی لە رابردوو لەگەڵ چۆی کوانژین، کۆنسوڵی پێشووی کۆماری کۆریا هەیانبووە بەردەوامبێت. بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، پشتیوانی لەو ئاڕاستەیە کرد و ئامادەیی رووداوی دووبارەکردەوە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ چۆ کیجۆنگ، کۆنسوڵی نوێی کۆماری کۆریا و کۆنسوڵخانەی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان. 
 
رۆژی 14ی نیسانی 2021 "خەڵاتی لێهاتوویی" کۆماری کۆریا بە واژۆی چۆنگ یۆوا یەنگ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە درایە تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی چۆی کوانژین، کۆنسوڵی پێشووی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان و لە رێوڕەسـمی خەڵات بەخشینەکەدا رایگەیاند، "رووداو بووەتە شاهیدێکی متمانەپێکراو و رێکخەرێکی باوەڕپێکراو، بووەتە هۆی بەهێزترکردنی متمانە و تێگەیشتنی نێوان هەردوو گەلی کۆریا و کوردستان. رووداو لە هەموو جیهان بەنێوبانگە".
 
کۆنسوڵی کۆماری کۆریا (باشوور) لە تۆڕی میدیایی رووداو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ماڵئاواییکردنی کۆنسوڵی کۆماری کۆریا (باشوور) لە بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو.  وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆککۆماری عێراق بۆ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن

سەرۆککۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن. دەشڵێت، "لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵکی وڵاتەکەمان باجەکەی دەدات."