رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان راپۆرتی سێیەمی خۆی لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی هەرێمی کوردستان، ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرمان کرد، بەپێی ناوەڕۆکەکەی ژمارەیەک وەزیر، بریکاری وەزیر، راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی بە "نایاسایی" خانەنشین کراون.
هەر بەپێی راپۆرتەکە لە لیستی شەهیدان، ناوی ژمارەیەک کەس هەیە کە شایستەی وەرگرتنی مووچەی شەهیدان نین. هەروەها لە تۆڕی پاراستنی خێزان کەسانی دەوڵەمەند مووچەیان وەرگرتووە.
دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان
بەپێی راپۆرتی دەستەکە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی دەستەکە لە رۆژی 16-11-2021 سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
دەستەکە تێبینی لەسەر رێنماییەکی وەزارەتەکە هەبووە، کە لە بڕگەیەکیدا هاتووە: "هەر پێگەیەکی یاسایی لە راژەی شارستانی راژەی گشتی بە فەرمانبەر درابێت، بە بڕیاری کارگێڕی ئەو پێگەیە پارێزراو دەبێت." بۆیە بڕیاردراوە لێژنەیەکی هاوبەش بۆ ئەو کێشەیە پێکبهێندرێت.
لە راپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکی ئاماژە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی رێکخراوەکان کراوە، کە "کەموکوڕی زۆر"ی تێدایە پێویستە رێنمایی بۆ دەربکرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ بکرێت،
سەبارەت بە بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "لە ساڵی 2013ەوە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە، پێویست بوو لە یاساکەدا ئەوە چارەسەرکرابا، هەر فەرمانبەرێک کە پلە زیادەکانی لێوەردەگیرێتەوە، ئەگەر شایەنی پێدانی پلە بوو، پێویست بوو پێی بدرێتەوە، نەک تەنیا لێی وەربگیرێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی رووحی یاساکەیە بۆ گەڕانەوەی دادپەروەری".
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە باس لە مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان کراوە. کە لێژنەیەک لە وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین ، داواکاری گشتی ، نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم ، وەزارەتی ناوخۆ ، وەزارەتی پێشمەرگە (کە کار لەسەر پلە باڵاکان و تایبەتەکان کار دەکەن) بەپێی ئەم بڕگانەی خوارەوه) :ـ
أ ـ ئەوانەی بە فعلی پۆستیان هەبووە و یاسایی بوونە مووچەکانیان هەموار دەکرێتەوە.
ب ـ ئەوانەی بە یاسایی خانەنشین کراون و هیچ خزمەت و بەرایییان نییە، مووچەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.
ج ـ خانەنشین هەیە بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە، بەڵام وەزیر نەبووە، بەڵکو پێشمەرگە بووە ئەم جۆرەیان دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پەیڕەوێکیان بۆ دەرکەن.
لە راپۆرتەکە ئاماژە بە دۆسیەی خانەنشینانی پێشمەرگە کراوە و تێیدا هاتووە 2000 دۆسیەی خانەنشینی پێشمەرگە رەوانەی خانەنشینی گشتی کراون و هیچ کێشەیەکیان تێدا نەبووە.
کەسانی دەوڵەمەند مووچە لە تۆڕی پاراستنی خێزان وەردەگرن
دەستەی دەستپاکی لە رۆژی 23-11-2022 سەردانی وەزارەتی دارایی کردووە، لە راپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بە چەند خاڵێک داوە، لەوانە:
ـ وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران کۆتایی هاتووە و کاری باشی تێدا کراوە.
ـ وردبینی لە دۆسیەی سەرجەم دۆسیەی کەمئەندامان کراوە و کەسی ناشایستەی زۆری تێدابووە، مووچەی 14000 کەمئەندام بڕاوە، کە شایەنی ئەوو مووچەیە نەبوونە.
ـ گرفتی سەرەکی بۆ دۆسیەی کەمئەندامان لێژنە پزیشکییەکانە داوا کراوە، کە بەمەرکەزی کەمئەندامان دیاری بکەن.
- لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ناوی 88 هەزار کەس تۆمارکراوە کە مووچەیان وەردەگرت، بەڵام خەڵکێکی زۆری تێدایە کە دەوڵەمەندن و شایستەی ئەو مووچەیە نین.
دۆسیەی دامەزراندنی زێرڤانییەکان کێشەی تێدایە
دەستەی دەستپاکی لە رۆژی 10-1-2022 سەردانی فەرماندەی هێزی زێڕەڤانی کردووە و ئەو تێبینیانەی خوارەوەی تۆمارکردووە:
ـ زۆربەی هێزەکانی زێڕەڤانی فەرمانی دامەزراندن لە دۆسیەکانیان نییە.
ـ گرفتی ئەوان لەکاتی دەرچوونی رەشنوسی یاسای چاکسازی راو بۆچوونیان وەرنەگیراوە.
- دۆسیەی خانەنشینان لە نێوان وەزارەتی شەهیدان و ناوخۆدا یەکلایی نەکراوەتەوە.
- کێشەی پەککەوتەکان لە زێرەڤانی تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.
وەزارەتی پێشمەر سوود لە پاسەوانەکان نابینێت
رۆژی 11-1-2022 دەستەی دەستپاکی لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبووەتەوە، لە راپۆرتەکەتاندا ئاماژەیان بە چەند خاڵێک داوە، لەوانە:
ـ پاسەوانەکان تەنیا هی پەرپرسانن و وەزارەت سوودیان لێ نابینێت.
ـ زۆربەی پێشمەرگەکان فەرمانی دامەزراندنیان نییە.
کێشەی پاسەوانان
هەر سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، دەستەی دەستپاکی لە رۆژی 26-1-2022 سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کردووە و لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کۆبووەتەوە، لەوێ تێبینی چەند خاڵێک کراوە، لەوانە:
1 ـ پاسەوان هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگەیە و لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆیە.
2۔ ئەفسەر هەیە پێویستی بە ژمارەیەکی کەم پاسەوان هەیە، کەچی ژمارەیەکی زۆرتر پاسەوانی بۆ دانراوە.
3 - پاسەوان ئاسایشە گوازراوەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ.
4 ـ لە وەزارەتی پێشمەرگە زۆربەی پاسەوانەکان لە خزم و کەسی ئەفسەرەکەیە و بۆیە پێویستە لە وەزارەتی پێشمەرگە رێکخستنی پێشمەرگە و پاسەوان بکرێت.
5 ـ جیاوازی مووچە لە نێوان یاسەوان و پێشمەرگەدا هەیە.
6 ـ پەیڕەو دانراوە بۆ دیاریکردنی ژمارەی پاسەوانی حیزبەکان و بارەگاکانیان، بەڵام رەخنەی زۆری لێکەوتووەتەوە لە لایەن حیزبەکانەوە،
فۆڕمی تایبەت دانراوە بۆ زانینی ژمارەی پاسەوانەکان
- پۆلیس 100٪ فۆڕمەکان گەڕاوەتەوە.
- یەکەی 70 و 80 فۆڕمەکانیان نەهاتوونەتەوە
- زێڕەڤانی 80٪ی فۆڕمەکانیان گەڕاونەتەوە.
- بەرگری و فریاکەوتن هیچ فۆڕمێکیان نەگەڕاوەتەوە.
7۔ هەندێکجار لە سەروو بڕیار دەدرێت بە زیادکردنی ژمارەی پاسەوانان ئەوەش بەربەستێکی دیکەیە.
گرفتەکانی وەزارەتی شەهیدان
یەکێکی دیکە لەو وەزارەتانەی کە رۆژی 27-2-2022 دەستەکە سەردانی کردووە، وەزارەتی شەهیدانە، دەستەی دەستپاکی، لەوێش تێبینی ژمارەیەک گرفتیان کردووە، لەوانە:
- وردبینی لە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەران کراوە، کە ژمارەییان 1359 دۆسیەیە.
- یاساکەیان پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە ئەوەش گرفتێکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. ۔
- کەمی میلاکی فەرمانبەرانیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگاکان، چونکە هەر ئەو فەرمانبەرانەی رۆژانە کاری هاووڵاتیان رایی دەکەن، هەر ئەوانیشن لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازین و هیچ دەرماڵەیەک یان ئیمتیازێکیان نییە بۆ ئەو کارە.
ـ پەیڕەو و رێنمایی نوێیان پێویستە بۆ رێکخستنەوەی دۆسیەکانیان.
ـ پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە لە هەیکەلی وەزارەت.
ـ بەشێک لە زیندانیانی سیاسی سەر بە رژێم بوونە بە تۆمەتی پێشمەرگایەتی حوکم دراو، بۆیە کە لە یاسای چاکسازی مووچەکانیان دەبڕدرێت کێشە دروست دەکەن.
ـ راگوێزراوەکان ژمارەیان زۆرە.
ـ بەشێک لە شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کەسانی ناسراون، بەڵام دۆسیەکانیان کەموکوڕی زۆری تێدایه۔
ـ بەشێکی دیکە لە زیندانیانی سیاسی شاهیدەکانیان نەماون و بەشێکی دیکەیان بە بڕیاری دادگا ماددە یاسایییەکانیان گۆڕدراوە.
ـ بەشێک لە شەهیدەکان وەفاتنامەیان نییە و بەشێکیان لە شەڕ شەهید بوون و لاشەکەی پارچەپارچە بووە و کراوەتە مردوو.
ـ زۆربەی دۆسیەکانی شەهید و زیندانیانی سیاسی کۆنن و بەریەککەوتن لە نێوان وارسەکان دروست دەبێت.
ماددەی (2) لە یاسای چاکسازی باس لە:
1 ـ پاککردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی دۆسیەکان و دووبارە رێکخستنەوەیان.
2 ـ پاککردنەوەی دۆسیەکان لە دوای مردنی وارسی زیندانیانی سیاسی دەکات.
(5137) کەس مووچەیان هەبووە لە زیندانیانی سیاسی وەکو مینحە دانراوە بۆیان.
هەتا ئێستا (2000) دۆسیە تەواو بووە ئەویش بەم شێوەیەیە:
- ئەوەی هیچ مینحەیەکی نییە، مووچەکەی بەردەوام دەبێت.
- ئەوەی مووچەی دیکەی هەیە یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.
- هەڵوەشاندەنەوی ئیمتیازاتەکان و جارێکی دیکە چاکسازی لە دەرماڵەی منداڵ و خێزان کراوە.
- گرفتێکی دیکە، مردوو هەیە لە رێگای پارێزەرەوە کراوەتە شەهید، لە هەمانکاتدا شەهید هەیە ئەوەلیاتی نییە و کراوەتە مردوو.
- یاسای هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە کێشەن بۆ وەزارەتی شەهیدان، بۆ نموونە شەهیدی ئاسایش دەچێتە سەر وەزارەتی شەهیدان و شەهیدی پێشمەرگە دەچێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشین، کە هەردووکیان لە یەک شوێن شەهید بوونە.
- خەڵک هەیە (30) ساڵ پێشمەرگە بووە لە سەنگەردا شەهید بووە و بە مردوو تۆمارکراوە.
- پێشمەرگە هەیە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە کراوە، بە شەهیدی هاووڵاتی.
182 کەس بە پلەی وەزیر خانەنشین کراون
دەستەی دەستپاکی بە فەرمانی ژمارە (116) لە (27-6-2022 ) حەوت تیمی پکهێناوە بۆ دواداچوولی وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کردووە، بە مەبەستی زانینی راددەی پابەندبوونیان بە یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان - عێراق) و جێبەجێکردنی رێنمایی دارایی ژمارە 21 ساڵی 2020ی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
تیمی یەکەم کە تایبەتە بە بەدواداچوونی خانەنشینی، کاری لەسەر سێ تەوەر کردووە.
تەوەری یەکەم:
1- بەپێی ماددەی (7) لە یاسای چاکسازی ئەوانەی بە فعلی پۆستێکیان هەبووە هەموارکردنەوەیان بۆ دەکرێت و بەپێی یاسا و کارکردن بەم ماددەیە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، چونکە بەردەوام بەڵگەنامە پێشکەش دەکرێت.
2- بەپێی بڕیاری ژمارە 67 لێژنەیەک پێکهاتووە لە: بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین، داواکاری گشتی، نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە (کە کار لەسەر پلە باڵاکان و تایبەتەکان دەکەن بەپێی ئەم بڕگانەی خوارەوە:
- ئەوانەی بە فیعلی یۆستیان هەبووە و یاسایی بوونە مووچەکانیان هەموار دەکرێتەوە.
- ئەوانەی بە نایاسایی خانەنشین کراون و هیچ خزمەت و ئەوەلیاتیان نییە مووچەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.
- خانەنشین هەیە بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە، بەڵام وەزیر نەبووە بەڵکو پێشمەرگە بووە ئەم جۆرەیان دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پەیڕەوێکیان بۆ دەربکەن.
- داتای پلە باڵاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە -
* پلەی وەزیر (182) خانەنشین
* 141 کەس بە فعلی بە پلەی وەزیر خانەنشین بوونە.
* (35) کە بە رێزلێنان بوونەتە وەزیر و خانەنشینکراون.
* (6) پلەیان بریکاری وەزیر بوونە بە رێزلێنان بوونەتە وەزیر و خانەنشینکراون.
* (174) بە پلەی بریکاری وەزیر خانەنشین کراون
* (139) کەس بە فیعلی بە پلەی بریکار خانەنشین بوونە.
* (19) پلەیان بە رێزلێنان بەو پلەیە خانەنشینکراون.
* (10) پلەیان راوێژکار بوونە بە بریکاری وەزیر خانەنشینکراون.
* (6) پلەیان ناونیشانیان روون نییە لەبەرئەوەی نوێنەری حکومەتن لە دەرەوەی وڵات.
* 343 کەس بە پلەی راوێژکار خانەنشینکراون
* (297) پلەیان بە فیعلی بە راوێژکار خانەنشین بوونە.
* (41) پلەیان بە رێزلێنان بەو پلەیە خانەنشینکراون.
* (5) پلەیان ڕاوێژکار نەبوونە، بەڵام بەو پلەیە خانەنشین کراون.
* (770) کەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینکراون
* (269) پلەیان بە فعلی بە بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین بوونە.
* (354) پلەیان بە رێزلێنان بەو پلەیە خانەنشینکراون.
* (47) پلەیان بە فیعلی بەڕێوبەری گشتی بوونە، بەڵام مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نەبووە.
تەوەری دووەم:
دۆسیەی خانەنشینانی پێشمەرگە
بەگوێرەی ماددەی (8) لە یاسای چاکسازی کاریان لەسەر یەکخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی کردووە بە گواستنەوەی میلاک و ئەموال و دۆسیە و دارشتنی هەیکەلێکی نوێ، بەم شێوەی خوارەوە:
1 ـ ئێستا مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە ژمارەیان (2560) دۆسیەیە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی کراوە، هیچ کێشەیەکی یاساییان نەبووە و هەر دۆسیەیەک بەپێی پارێزگاکانی خۆیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی ئەو پارێزگایە کراون.
2- بە دۆسیەی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی (70) و (80) رەزامەندیان دەربڕیوە بۆ رادەستکردنی دۆسیەکانیان بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین سەرقاڵی خاڵی یەکەمن بۆیە بە فەرمی وەریاننەگرتووە.
تەوەری سێیەم:
تایبەتە بە دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی، کە بە فەرمانی وەزاری ژمارە 567ی لە رۆژی 15-12-2021 بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنی سندووقی خانەنشینی دراوە. ئەنجوومەنەکە لە 22-12-2022 کۆبووەتەوە و چەند پێشنیار و بڕیارێکی داوە بۆ دابینکردنی شوێن و فەرمانبەر و کەلوپەلی پێویست بۆ کاراکردنی سندووقەکە، تاوەکو ئێستاش کارکردن تێیدا بەردەوامە، بەڵام بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکی، کۆمەڵێک بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم دامەزراندنی سندووقەکە هەن، لەوانە:
1 ـ سەرقاڵبوونی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین بەکاروباری خانەنشینکراوان، کە لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
2 ـ کەمی رێژەی فەرمانبەران لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی خانەنشین، کە ئەمەش وایکردووە ئەرکێکی زۆر لەسەر شانیان دروست بکات و نەتوانن لە کاتی گونجاودا زانیارییەکانمان پێ بدەن.
تیمی دووەمی دەستەی دەستپاکی تایبەت بووە بە بەدواداچوون بۆ کۆتاییهێنانی سوودمەندبوونی دووبارە لە بودجەی گشتی، لەوانە:
1- دەرماڵەی لە بڕی یەککەوتەیی:
أ- ژمارەی خاوەنپێداویستی تایبەت و کەمئەندامان بریتییە لە (86,277) کەمئەندام ، لیژنە لاوەکییەکانیان بەردەوامن لەسەر وردبینی و بەدواداچوونەوەیان بە کەموکوڕی لیستەکان.
ب - دوای وردبینیکردنی لیستی کەمئەندامان ئەم هەنگاوانە کراون:ـ
- دروستکردنی ناسنامە بۆ کەمئەندامان.
- ناوی کەمئەندامانی دووبارەیان دەرهێناوە.
- دەرهێنانی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی کە کۆچی دواییان کردووە.
- دەرهێنانی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی لە دەرەوەن.
- دەرهێنانی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی ئامادە نەبوونە.
- جیاکردنەودی لیستی ناوی ئەو کەمئەندامانەی کە گومان لە کەمئەندامبوونیان دەکرێت.
- دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران ناوەندی دەستنیشانکردنی پەککەوتەییان دامەزراندووە.
- ئامادەکردنی رێنمایی تایبەت بە تۆڕی پاراستنی خێزان لەسەر بنەمای هەژاری.
- ئامادەکاریان کردووە بۆ دروستکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی تۆڕی پاراستنی خێزان لەسەر بنەمای هەژاری و دامەزراندنی سێرڤەری سەرەکی لە دیوانی وەزارەتی کار، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە.
- لیژنەی باڵای بایۆمەتری پێداچوونەوە دەکات بە لیستی 106,839کەس، کە زیاتر لە یەک منحە و ئیمتیازاتێک وەردەگرن.
- باسیان لەسەر پشککردنی سوودمەندان لە بودجەی گشتی کردووە لە ناو هەرێم و دەسەڵاتی ئیتیحادی بە وەرگرتنی تەنیا یەکێک لەو مووچە و مینحە و ئیمتیازاتانە، بەڵام ئاماژەیان بە ژمارە و ناوی سوودمەندانی دووبارە نەکردووە.
- لە 1/4/2022ەوە مووچەی فەرمانبەرانی کەمئەندامیان راگرتووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بکەن و بڕی مووچەی کەمئەندامێتیان بخرێتە سەر لیستی مووچەی فەرمانبەرێتی وەکو دەرماڵە.
دەرئەنجامەکان:
- کاریان کردووە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی تایبەت بەکەمئەندامان و خاوەنپێداویستی تایبەت، بەڵام بەبێ رەوانەکردنی هاوپێچ و بەراییەکان.
- دروستکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی رێگر دەبێت لە سوودمەندبوون زیاتر لە جارێک لە نێوان شار و شارۆچکەکانی و لە بودجەی گشتی، بەڵام تاوەکو ئێستا کار بۆ ڕاهێنانی فەرمانبەران دەکرێتەوە.
- گواستنەوەی سیستەمەکە بۆ دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان کە ئەمەش وایکردووە کارەکان زۆر بە سستی بەڕێوەبچن.
دووبارە هەژمارکردنی خزمەت و پلەی وەزیفی
تیمی سێیەم تایبەت بووە بە دووبارە هەژمارکردنی خزمەت و پلەی وەزیفی، دوای بەدواداچوونی تیمەکە دەرکەوتووە وەزارەتەکان بەپێی توانای خۆیان بەدواداچوونیان بۆ ئەو پرسە کردووە، هەروەک لەم خشتەیەی خوارەوە روونکراوەتەوە:
تیمی سێیەم ئاماژەی بە چەند بەربەستێک داوە، لەوانە:
1 - فەرمانبەری رێکخراوەکان کە بوونەتە میلاکی هەمیشەیی لەسەر دام و دەزگاکانی حکومەت، بەدەر لە یاسای راژەی شارستانی دامەزرا و پلە و پایەیان پێدراوە و بەرایی پێویست لە دۆسیەکانیان نییە، ناونیشانەکانیان لەگەڵ بڕوانامە و خزمەتەکانیان ناگونجێت، کە ئەوەش گرفتێکی گەورەی بەردەم وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکەیە.
2 ـ لە ماددەی (1) بڕگەی پێنجەم خاڵی یەک، کە دەڵێت (هەر پێگەیەکی یاسایی لە بواری راژەی شارستانی راژەی گشتی درابێتە فەرمانبەر بە بڕیاری کارگێڕی ئەو پێگەیە پارێزراو دەبێت) ئەو بابەتە تەفسیری جیاواز هەڵدەگرێت هەر وەزارەتێک و بە وێرەی بۆچوونی خۆی تەفسیری کردووە ، بەشێکیان پێیانوایە تەنها فەرمانبەری رێکخراوەکان دەگرێتەوە. بەشێکی دیکە لە فەرمانگەکان پێیانوایە سەرجەم فەرمانبەران دەگرێتەوە چونگە زۆربەی ئەو فەرمانبەرانەی کە پلەی زیادەیان پێدراوە بە فەرمانێک لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بووە.
3 - لە حاڵەتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پێویستە ئەو فەرمانبەرانەی کە لە ساڵی (2013)ەوە بەرزکردنەوەی پلەیان بۆ نەکراوە (مقاصە)ی بۆ بکرێت تاوەکو لە کاتی لێوەرگرتنەوەی پلە زیادەکەیان ئەو ماوەیەی لێدەرکەن کە پێویست بووە بۆ بەرزکردنەوەی پلەکانیان تاوەکو دادپەروەری جێبەجێ بکرێت هەر وەک لە یاساکەدا هاتووە.
4 - بەهۆی بارودۆخی کوردستان و راپەڕینی ساڵی (1990) و شەڕی ناوخۆ لە 1991-1997 زۆر لە دۆسیەکان سووتاون و ئەوەش ئاستەنگە لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسا و رێنمایی چاکسازی بە تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆ.
5ـ لەو فەرمانبەرانەی کە پلەی کەمتریان پێدراوە لە مافی خۆیان پێویست بوو ئەو مافەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، چونکە لە یاساکە دەڵێت پێداچوونەوە بە پلە و مەرتەبە و مووچەی فەرمانبەران.
6- رێژەی ئەو مووچانەی زیاد وەرگیراوە لەبەر هۆکاری مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە کە جیاوازی هەیە لە پلەیەک بۆ پلەیەکی دیکە باس نەکراوە، چونکە تەنیا جیاوازی مووچەی بنەڕەتی بە دەستمان گەیشتووە، نەوەک سەرجەمەکەی کە مووچە و دەرماڵەیە.
560 کەس بە نایاسایی مووچەی شەهیدانە وەردەگرن
تیمی چوارەم، تیمی بەدواداچوونی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتەکانی میراتگرانی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوە سیاسیەکانە.
ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان کە لەو چەند خشتەیەی خوارەوە خراوەتەڕوو دەرکەوتووە 560 کەس شایستەی وەرگرتنی مووچەی شەهیدان نین:
تیمی پێنجەم تایبەت بووە بە دواداچوونی ژمێرکاریی خانەنشینی پێشمەرگە و پاسەوان، تێبینییەکانی تیمەکە بریتی بوون لە:
- لێژنە لاوەکییەکان تاوەکو ئێستا وردبینی لە دۆسیەی کەسی هێزەکانی پێشمەرگەدا نەکردووە، ئەویش بەهۆکاری نەبوونی بەراییەکان.
- بە بیانووی نەبوونی گشت مەرجەکان لە رێنمایی تایبەت بە رێکخستنەوەی خزمەتی پێشمەرگایەتی، کە لە وەزارەتی دارایی لە 22-12-2020 دەرچووە، لێژنەکان کاریان لەسەر دۆسیەکان نەکردووە.
- یەکەی 70 نووسراوی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە کردووە بە مەبەستی ناردنی لیستی ناوی ئەو پێشمەرگە و کەمئەندامانەی کە ناڕەزاییان هەیە لە ئەنجامی لێژنە و دووبارە ناردنەوەیان بۆ لێژنەی باڵای پزیشکی.
- بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لێژنە بە مەبەستی پێداچوونەوە و رێکخستنی دۆسیەی شەهیدانی شەڕی داعش و تەسلیمکردنی بە وەزارەتی شەهیدان.
- بە فەرمانی وزاری ژمارە 11972 لە رۆژی 31-08-2021 بڕیاردرا بە گواستنەوەی لیستی مووچە و دۆسیەی کەسی خانەنشین و کۆچکردووان کە ژمارەیان 2424 کەسە، پێکهاتوون لە 525 کۆچکردوو و 1717 خانەنشین و 186ی هۆکاری تەندروستی بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی.
- بەپێی ئەو لیستەی هاوپێچ کراوە، ژمارەی کەمئەندامان لە وەزارەتی پێشمەرگە 135 کەسن. 1076 شەهیدی شەڕی داعش، کەسوکاریان مووچەی شەهیدانەکەیان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن.
گەڕاندنەوەی قەرزەکانی حکومەت
تیمی شەشەمی دەستەی دەستپاکی کە بەدواداچوونی بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی حکومەت کردووە، کە بە قەرزی بازرگانی ناسراون و دراونەتە بازرگانان و وەبەرهێنەران.
تیمی دەستەی دەستپاکی لەو بارەیەوە سەردانی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی بانکە بازرگانییەکانی کردووە و ئەوانیش روونکردنەوەیان پێداون. بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکی دەرکەوتووە:
- دوای تەواوبوونی درێژکردنەوەی ماوەی سێ مانگ بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان، بڕی 390 ملیۆن دینار قەرز بۆ بانکی زاگرۆس و 153 ملیۆن دینار قەرز بۆ بانکی عەنکاوە گەڕێندراوەتەوە.
- نووسراوی فەرمی کراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرە بە مەبەستی دڵنیابوون لە بەردەوامی رەهنەکان و نوێکردنەوەی سەنەدی تاپۆ.
- نووسراوی فەرمی کراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دادی پارێزگاکان، رێکارەکان گەیشتووەتە راگەیاندن و فرۆشتنی ئاشکرا.
- وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکاری لە بانکی زاگرۆس بە بڕی 828 ملیۆن دینار.
- وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکار لە بانکی عەنکاوە بە بڕی 153 ملیۆن دینار.
- وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکار لە بانکی سلێمانی / 1 بە بڕی 19.5 ملیۆن دینار.
- وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکاری لە بانکی کۆیە بە بڕی 7.3 ملیۆن دینار.
- وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکار لە بانکی گۆیژە بە بڕی 49 ملیۆن دینار.
گەڕاندنەوەی قەرزی ئاسانکار بەپێی لیستێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان، تاوەکو رێککەوتی 13-10-2020:
لیستی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی (خانووبەرە، نیشتەجێبوون، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار)، تاوەکو 31-10-2020:
لیستی گەڕاندنەوەی قەرزی بچووک تاوەکو 24-11-2020:
دەستبەسەرداگرتنی موڵک لە بری قەرزەکان
بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکی دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیان و بازرگانان دراوە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان، حکومەت دەستی بەسەر چەند موڵکێی قەرزدارەکاندا گرتووە، لەوانە:
- موڵکێکی کوردۆ محەممەد عەلی کە قەرزی حکومەتی لایە، خراوەتە زیادکردنی ئاشکراوە، بەڵام کەس نەیکڕیوە، ئەو کەسە زیاتر لە 139 ملیۆن دینار قەرزی لەلا ماوە.
- نەجات عەلی میکائیل، کە زیاتر لە 63 ملیۆن دینار قەرزدارە، رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر بە مەبەستی بەناوکردنی موڵكێکی ناوبراو بە ناوی بانکی سەربەن.
- کۆمپانیای نالیا زیاتر لە 79 ملیار دینار قەرزدارە، موڵکی ژمارە 122/1 دەرگەزێن بە ناوی بانکی سلێمانی کراوە.
- بانکی گۆیژە دوو موڵکی کۆمپانیای بەڕێزی وەرگرتووە و بەناوی خۆی کردووە، کۆمپانیاکە زیاتر لە 24 ملیۆن دینار قەرزی حکومەتی لایە.
- بانکی ئەزمر رێکاری یاسایی گرتووەتەبەر بەرامبەر فرۆشتنی دوو موڵک بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی دارا ئەحمەد بە گوژمەی زیاتر لە 74 ملیۆن دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ