پارێزگای سلێمانی: مەسرور بارزانی لەبارەی بۆردوومانەکانی پێنجوێن پەیوەندیی بە پارێزگارەوە کرد

16-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی قسەی کردووە و "لە بۆردوومانەکەی ئەمشەوی سنووری قەزای پێنجوێنی پرسی."
 
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە بۆردوومانەکانی ئەمشەوی سنووری قەزای پێنجوێنی پرسی، کە تیایاندا ناوچەکانی وریاوا و کانی میرانی باباعەلی و ساڵیاوا کرابوونە ئامانج، پشتیوانیی بەڕێزیانی بۆ پارێزگای سلێمانی و قائیقامیەتی پێنجوێن و خەڵکی سنوورەکە دەربڕی."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پەیوەندییەدا، "هیوای خواست ئەم رووداوانە کۆتاییان بێت و هیچ زیانێکی گیانیی و ماڵیی لێنەکەوێتەوە."
 
هاوکات پارێزگاری سلێمانی "نیگەرانیی خۆیان و قائیقامیەتی قەزای پێنجوێن و خەڵکی سنوورەکەی پەیوەست بەم هێرشانە گەیاندە مەسرور بارزانی، بە ئومێدی کۆتاییهاتنی ئەم هێرشانە و بەدوورگرتنی هاووڵاتییانی ناوچەکە، بەتایبەتی کە لە ئێستادا سەرگەرمیی کشتوکاڵ و ژیانی ئاسایی خۆیانن."
 
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە بارودۆخی سنووری سلێمانی و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ئەو سنوورەی پرسیوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە "دۆخی نالەباری ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دەربڕی و پاڵپشتیی حکومەتی بۆ دابینکردنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە بە پارێزگار راگەیاند."
 
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمشەوی سنووری پێنجوێن، تائێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە