دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 23 بارهەڵگر هاوکارییمان گەیاندووەتە عەفرین

15-04-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات بەردەوامن. بەگوێرەی راگەیێندراوی دەزگاکە، هاوکارییان گەیاندووەتە زیاتر لە 517 هەزار خێزان. بەرپرسێکی رێکخراوەکەش دەڵێت، 23 بارهەڵگر پێداویستییان گەیاندووەتە عەفرین و بەسەر سێ هەزار و 600 خێزاندا دابەشی دەکەن.
 
رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار ژەمە خۆراکی گەرم لە باکووری کوردستان بۆ هاونیشتمانییان ئامادە دەکەن؛ هاوکات دوو هەزار ژەمە خۆراک بۆ بەربانگ و پاشیڤی دوو هەزار کەس لە هاتای لە تورکیا ئامادە دەکەن.
 
رەواج حاجی کە هاوکات بەرپرسی دۆسیەی سووریایە لە دەزگاکە و ئێستا لە عەفرینە، گوتیشی: "بە هاوکاریی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان (JCC)، 23 بارهەڵگرمان گەیاندووەتە عەفرین، کە رێکخراوی (THW)ـی ئەڵمانی دابینیکردووە و دەدرێتە 3 هەزار و 600 خێزان".
 
هاوکارییەکانی نێو ئەو بارهەڵگرانە بریتین لە بەتانی، دۆشەکە، خۆراک، کەرەستەی تەندروستیی پاککەرەوە و موەلیدە.
 
رەواج حاجی ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکارییەکانی دیکەیان لە عەفرین بەردەوامن و رۆژانە سێ هەزار و 850 خێزان لەو ناوچەیە یەکی دەستەیەک نانیان پێدەدرێت کە 12 نانە بۆ خێزانێک. گوتیشی: "تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە لە سنووری عەفرین 9 هەزار و 331 نەخۆش لەلایەن تیمە تەندروستییەکانمانەوە بینراون و هاوکارییە تەندروستییەکانیش بەردەوامن".
 
ئەوە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی نوێترین ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، 517 هەزار و 709 خێزانی لێقەوماوی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ـی شوبات لە هاوکارییەکانی دەزگاکە سودمەند بوون. لە باکووری کوردستان زۆرترین خێزان لە مەرەش هاوکاری کراون کە 146 هەزار و 426 خێزان بوون؛ هەروەها 118 هەزار و 466 خێزانیش لە عەفرین هاوکاریی کراون.
 
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان بریتین لەمانە:
 
- ژەمە خۆراکی گەرم
- بەتانی، دۆشەک و سەرین
- ئاوی خواردنەوە
- ژەمە خۆراکی وشک
- ژەمە خۆراکی خێرا
- هاوکاریی پزیشکی
- جلوبەرگی جۆراوجۆر
- خێوەت
- پارەی کاش
- پاکێجی منداڵان و شیری منداڵان
- خەڵووز
- پێویستیی نێوماڵ
- ئامێری بیناسازی
 
ئەو شوێنانەی هاوکارییەکانیان پێگەیشتووە:

 

- مەرەش
- سەمسوور
- دیلۆک
- رووها
- ئامەد
- مەلەتی
- عەفرین
 - سلۆپی
- نوسێبین
- ئەدەنە
- هاتای
 
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە باکووری کوردستان روویدا کە کاریگەری لەسەر تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو؛ بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 55 هەزار کەس لە سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان و برینداربوونی سەروو 100 هەزار کەس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە