رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی باران بارین و لافاو، لە سنووری قەزای ئاکرێ ئاو چووەتە نێو ماڵی سێ هاونیشتمانی و زیان بەر چوار ئۆتۆمبێل کەوتووە. بەرگریی شارستانیش دەڵێت، لە ئامادەباشیداین.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێک. عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: هەر شوێنێک زیانی لێدروست بووبێت، راستەوخۆ تیمەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە.
بەپێی ئامارەکان کە بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە رووداوی داون، شەوی رابردوو لە ئاکرێ ئاو چووەتە نێو دوو ماڵەوە، لە گوندی حوسێنیش لە سنوورەکە، ئاو چووەتە ماڵی دوو هاونیشتمانییەوە.
لە کۆمەڵگەی چڕەش، بارهەڵگرێک و دوو ئۆتۆمبێل کە لەنێو لافاو و قوڕاودا گیریان خواردبوو، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە رزگارکران.
هاوکات لە ناحیەی بجێل، ئۆتۆمبێلێک کەوتووەتە نێو ئاوەوە. بە کۆی گشتی، تاوەکو ئێستا چوار ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە و ماڵی سێ هاونیشتمانیش ئاویان تێچووە.
لەبارەی زیانەکانیش، عەقید ئیبراهیم دەڵێت، ماڵی ئەو هاونیشتمانییانەی ئاویان تێچووە، زیان بە کەلوپەلەکانیان گەیشتووە. هەروەها بگۆڕێکی کارەباش سووتاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ