رووداو دیجیتاڵ
حەوت کەس لە فڕۆکەخانەى کەرکووک بە پاسپۆرت و ڤیزەى ساختەوە دەستگیرکران کە دووانیان ژن و یەکێکیان منداڵێکى ساوایە.
15ـی کانوونى دووەمى 2024، هەردى سەمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، حەوت کەس لە فڕۆکەخانەى کەرکووک بە پاسپۆرت و ڤیزەى ساختەوە دەستگیرکران؛ دووانیان پاسپۆرت و ڤیزەى ساختەى دۆمینیکیان پێ بوو.
ئەو حەوت کەسە 14ـی کانوونى دووەمى 2024 لە فڕۆکەخانەکە دەستگیرکراون؛ چواریان ڤیزەى ساختەى ئیتاڵیا بە پاسپۆرتەکانیانەوە بووە و ئەوی دیکەشیان ڤیزەی ساختەى ئەڵمانیا لەسەر پاسپۆرتەکەى بووە.
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک ئاماژەى بەوەدا کە ئەو حەوت کەسەى دەستگیرکراون، دووانیان هاوڵاتیى سووریایین و ئەوانى دیکە عێراقین، بەڵام هیچ کامیان کورد نین.
هەردى سەمەد گوتیشی "ئەو کەسانە ویستویانە بەو پاسپۆرت و ڤیزە ساختانەوە لە فڕۆکەخانەوە گەشت بۆ دەرەوە بکەن. لە دواى دەستگیرکردنیان رەوانەى بنکەى پۆلیسی دۆمیزى کەرکووک کراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ