قایمقامی پێنجوێن: سبەی دەگەڕێمەوە دەوام و لە کارەکەم بەردەوام دەبم

15-01-2023
زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن
زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا زانا رەحمان بڕیاری دا دەست لە پۆستی قایمقامی قەزای پێنجوێن هەڵگرێت، ئەمڕۆ بەشێک لە خەڵکی پێنجوێن وەکو ناڕەزایی لەو بڕیارە چوونە پێش ماڵەکەی و داوایان کرد کە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی. زانا رەحمان گوتی، "بە ناچاریی و لەسەر داوای ئەم خەڵکە، بەیانی دەست بە دەوام دەکەمەوە."
 
رۆژی هەینی، 13-1-2023، زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن لە راگەیێندراوێکدا کە لە پەیجی قایمقامییەتی پێنجوێن بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوەستان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێکی جیدی لە سنووری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاری پێنجوێنمان پێ گەیاندوون."
 
زانا رەحمان لەو راگەیێندراوەکەدا گوتبووی، بەهۆی بەردەوامیی ناڕەزایی خەڵکی قەزاکەوە وەک بەرپرسێک کە "هەستی بەرپرسیارێتیم هەیە، دەستبەرداری پۆستی قایمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم."
 
سەدان کەس لە دانیشتووانی پێنجوێن دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-01-2023، چوونە بەردەم ماڵی زانا رەحمان و لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ باڵەخانەی قایمقامیەتی شارەکە و داوایان لێکرد دەست بە دەوامی خۆی بکاتەوە.

 

 
دوای گەیشتنیان بە باڵەخانەی قایمقامیەت، زانا رەحمان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "خودا ئاگای لێیە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەم جددی بووە و نەمویستووە بگەڕێمەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوو رۆژە خەڵک داوام لێدەکەن کە بگەڕێمەوە کە خۆم حەزم لێ نییە، بە ناچاری و لەسەر داوای ئەم خەڵکە بەڕێزە بەیانی دەست بە دەوام دەکەمەوە."
 
خۆپێشاندەران ماوەی پێنج رۆژدە رێگەی سەرەکیی مەرزی باشماخیان داخستووە و داواکاری سەرەکییان کارەبای 24 کاژێرییە، هەروەها داوای چاککردنی رێگەوبان و خزمەتگوزاریی دیکە دەکەن، بەڵام تائێستا داواکارییەکانیان جێبەجێنەکراون. 

 

بڕی کارەبای دابینکراو بۆ پێنجوێن 30 مێگاواتە و بەهۆی زۆریی خواستەوە، ئەو بڕەش بەشی کارەبای 24 کاتژمێری ناکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە