رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش باس لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەسەدە دەکات و دەڵێت: "دۆخی ئێستای کورد وەکو سەردەمی هەڵاواردنی رەگەزی ئەمریکایە کە رێگەی ژیانێکی ئاسایی بە رەشپێستەکان نەدەدا". دەشڵێت: "نابێت جیهان پەنابەرانی رۆژئاوا لەناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان پشتگوێ بخات و لەوپێناوەشدا هەموو هەوڵێک دەدەم".
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دلبخوین دارا لەبارەی دۆخی کورد لە باکووری کوردستان رایگەیاند: "من رەشپێستێکی ئەمریکیم و لە هەستی کوردان تێدەگەم، باب و باپیرانم لە سەردەمی حکومەتێکدا ژیاون کە رێگەیان پێنەدەدرا بە زمانی خۆیان قسە بکەن، دەستگیردەکران، کاری باشیان نەبوو، کوردیش رووبەڕووی هەمان ئەزموون بوونەتەوە".
مایڵز کاگینز دەڵێت: "کورد لە تورکیا ناتوانن بە زمانی خۆیان قسە بکەن، هەڵبژاردنەکان نادادپەروەرانەن، هەدەپە لە نووسینگەکانی دەرکراوە، کچ و کوڕانی گەنج دەستگیردەکرێن تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن".
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش باس لەوە دەکات کە ساڵی 2003 بۆ 2004 لە پارێزگای دیالە بووە و یەکەمجار لە میقدادیە پێشمەرگەی بینیوە و دەڵێت: "لە بەعقوبە، جەلەولا، قەرەتەپە، خانەقین و مەندەلی هەندێ کوردی کاکەیی دەژیان. ئەو کات کوردم نەدەناسین".
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پێیوایە، ئەو ناوچەیەی کە تورکیا پێیدەڵێت "زۆنی ئارام" بووەتە شوێنێک بۆ ئەوەی "تیرۆریستی لێوە بنێردرێت. تیرۆریستی وەکو داعشن، واتە ئەو میلیشیایانەی تورکیا پشتیوانییان دەکات".
مایڵز کاگینز دەشڵێت: "تورکیا هەموو هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پەکەکە دەزانێت. هەموومان دەزانین و مێژوو پێمان دەڵێت، لە هەموو شەڕەکاندا یەپەژە، یەپەگە و هەسەدە شەڕی داعشیان کردووە، بۆیە ئاسانە لەوە تێبگەیین کە ئەم شەڕڤانە کوردانەی لە رۆژئاڤان، تفەنگیان پێیە، ناتوانن زیان بە ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە بگەیێنن".
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش باس لەوکاتە دەکات کە لە رۆژئاوای کوردستان بووە و دەڵێت: "هیچ ئەندامێکی پەکەکەم لە رۆژئاوا نەبینی، رەنگە هەندێکیان لەوێ بن، بەشێک لە ئایدۆلۆژیاکە لە باکگراوەنددا هەیە، بەڵام هیچ گرنگیێکی لەم ئەرکە سەربازییەی پاراستنی خەڵکدا نییە لە قامشلۆ، رەقە، تەبقا و دێرەزۆر، بەڵکو تەنیا ئایدۆلۆژیایە".
مایڵز کاگینز بڕوای وایە، تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، ئەمریکا لە سووریا دەمێنێتەوە و دەڵێت: "گەرەنتییەکی هەمیشەیی نییە" و وەکو ئاماژەشی پێدەدات: "ئەمە هەمان ئەو پەیوەندییە نییە کە ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیەتی".
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پێیوایە، "کورد میواندۆستترین کەسن لەسەر ئاستی جیهان" و دووپاتی دەکاتەوە: "دەزانم کە ئەوان زۆر پارەیان نییە، بەڵام ئامادەن هەموو ئەو شتانەی کە هەیانە بە میوانەکەیانی بدەن".
لەبارەی هەولێریشەوە، مایڵز کاگینز گوتی: "شتێکی هەولێر کە زۆر بەدڵمە، تێکەڵبوونی کەلەپوور و مۆدێرنەیە. ئێمە لە قاوەخانەی بلاک نەت بووین کە شوێنێکی مۆدێرنە و چای کیسەیان هەیە، بەڵام لە چایخانەی مام خەلیل بە شێوازی کۆن چاییت پێدەدەن، ئەم چایخانەیە شوێنێکی باشە بۆ قسەکردن لەسەر سیاسەت. خەڵکی نێو چایخەنەکە بەردەوام سەیری تەلەڤزیۆن دەکەن و باش شارەزای ئەوەن چی روودەدات".
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش سەردانی کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دەڵێت: "جیهان ناتوانێت ئەم کەمپانە لەبیربکات. ئەو خەڵکە بە حەزی خۆیان نەچوونەتە ناو ئەم کەمپانەوە، بەڵکو ناچاربوون، ئەو خۆڕاگری و هێزەی دانیشتووانی کەمپەکە هەیانە، شتێکە تەنیا خوا پێیانی داوە".
وەکو مایڵز کاگینز ئاماژەی پێدەدات: "هەندێک کەس لەناو ئەم کەمپانەدا کاردەکەن بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ بنیات بنێنەوە، هەموو ئەوانەی قسەمان لەگەڵ کردوون، دەڵێن نایانەوێت بگەڕێنەوە رۆژئاڤا، چونکە پارێزراو نییە و نیگەرانی هێرشەکانی تورکیان".
گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە پێویستی دەزانێت جیهان، ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، پابەند بن بە یارمەتیدانی خەڵکی نێو کەمپەکان. دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناتوانێت هەموو شتێک بە تەنیا بکات. ئەو ملیۆنان دۆلاری تەرخانکردووە، بەڵام ئەمە ئەرکێکی درێژخایەنی نێودەوڵەتییە کە پێویستە بۆ پەنابەرانی رۆژئاڤا بکرێت.
مایڵز کاگینز گوتی، دۆخی ئەم کەمپانە بۆ هاوڕێیانی لە واشنتن و نیویۆرک باس دەکات و پێیان دەڵێت کە پێویستە چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوامبێت لە یارمەتیدانی ئەم کەمپانە، "چونکە ئەم منداڵانە پێویستیان بە هیوایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ