رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رێککەوتن بودجە و مووچەی دوو لیوا هاوبەشەکە بخرێتە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراق.
رۆژی دووشەممە 14-11-2022، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی بەغدای کرد و بە جیا لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ و ژمارەیەک فەرماندە کۆبووەوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت کە ئەندامی شاندەکە بوو، سەردانەکەی سوپاسالاری پێشمەرگەی بە "زۆر سەرکەتوو" ناوبرد و بۆ زیاتر پتەوەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بوو. گوتی: "سوپاسالاری پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رێککەوتن، کە بودجە و مووچەی دوو لیوا هاوبەشەکە بخرێتە نێو بودجەی ساڵی 2023 عێراقەوە و جێگیرکرا".
مانگی ئابی ساڵی 2021 وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئەو هێزانە و خەڵکی ئەو ناوچانە.
ئەو دوو لیوایە هەر یەکێکیان نزیکەی 3500 کەسن. هەر لیوایەک لە چوار فەوج پێکهاتووە کە نیوەی لە پێشمەرگە دەبێت و نیوەکەی دیکەیشی لە سوپای عێراق و سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەبن، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقیشەوە پێداویستی و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
هەر لەو بارەیەوە رۆژی دووشەممە 14-11-2022، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئهمڕۆ دووشهممه، محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران و فهرماندهی گشتیی هێزه چهكدارهكان، چاویكهوت بە فهریق روكن عیسا عوزێر سهرۆك ئهركان و ژمارهیهك له فهرمانده و ئهفسهری پێشمهرگهی هێزی پاسهوانی ههرێمی كوردستانی عێراق.
بەپێی راگەیێندراوەکە سوودانی، قارهمانێتیی هێزی پاسهوانی ههرێمی کوردستان و قوربانیدانیان له جهنگی دژی داعش بهرز نرخاندووە و جهختیشی لهوه كردهوه، كه بهرنامهی وەزاریی حكومهت پێشكێشكردنی پاڵپشتیی گهوره لە خۆدەگرێت، بۆ دهزگا ئهمنی و هێزه چهكدارهكان به ههموو جۆرهكانییهوه بهمهبهستی جێبهجێكردنی ئهركیان له دابینكردنی ئارامی وسهقامگیری و بهرگریكردن له یهكپارچهیی خاكی وڵات.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی خۆی نیشاندا هەموو هاوکارییەکی هەرێمی کوردستان بکات لە رووی سەربازییەوە، ئەو کێشانەی تائێستا ماونەتەوە ئامادەیە چارەسەریان بکات. هەوڵدەدات هەموو کێشە و پێداویستییەکان کە وەزارەتی پێشمەرگە داوای دەکات بە زووترین کات جێبەجێیان بکات. هەروەها باسیش لە وەرگرتنی قوتابییانی کورد کرا لە کۆلیژی سەربازی و کۆلیژی ئەرکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ