رووداو دیجیتاڵ
لە نێو پەرێزێکی پان و بەرین، پاشماوە نایلۆنی و پلاستیکییەکان زیاتر لە هەموو شتێک سەرنجی مەڕەکانی مام فەیسەڵ رادەکێشن، هەر کە چاوی خاوەنەکەیان لێدیار نابێ، هەموویان پەلاماری دەدەن و هەرچی هەبێ قووتی دەدەن.
فەیسەڵ ئەحمەد مەڕدارێکی سنووری هەولێرە 75 سەر مەڕی هەیە لە پلەی گەرمای نزیک 50 چاودێریی مەڕەکانی دەکات تاوەکو نایلۆن و پاشماوەی پلاستیکی قووت نەدەن.
فەیسەڵ ئەحمەد دەڵێ: هەر لە ماڵێوە دێن تەنەکەی زبڵەکە لێرە دەڕێژن و دەچنەوە ماڵی خۆیان رەچاوی مەڕ و هیچ شتێک ناکەن، رەچاوی بۆنەکەی ناکەن، مەڕ ئەو نایلۆنە چەورە دەخوات ئەگەر فڕێی بدات باشە بەس ئەگەر فڕێی نەدات، مەڕەکە دەکوژێت چونکە ئەوە نایلۆنە ، هەر ساڵێک نییە 5 بۆ 6 مەڕم مردار نەبێ، هەمووشی بەڕاستی ئی ئەو زبڵە پیسەیە."
رەنگە بەشێک لە خەڵکی وا بیربکەنەوە ئاژەڵێک کە نایلۆن یاخود پلاستیکێک دەخوات، ئیدی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مرۆڤ نابێت، بەڵام لە راستیدا هەر ئاژەڵێک کە نایلۆنێک دەخوات دواتر کاریگەرییە خراپ و مەترسیدارەکانی لەسەر شیر و گۆشتی ئاژەڵەکە دەبێت، کە وەک بەرهەم دەچنە جەستەی مرۆڤەوە.
دکتۆر ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناتوانێت هەرسی بکات لەوانەیە ببێتە هۆی گرتنی گەدەی ئاژەڵەکە، لە کاتە رەنگە ئاژەڵەکە بمرێت یان لە رووی تەندروستی و گەشەیەوە کاریگەری لەسەری دەبێت وە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ماددە ژەهراوییەکان لە لەشی ئاژەڵەکە."
بە گوێرەی توێژینەوەکان شیبوونەوەی هەر کیسێکی نایلۆن کە فڕێدەدرێتە ژینگە پێویستی بە 10 تاوەکو 20 ساڵ هەیە و لە کاتی سووتاندنیشی وەک ئەوەی ئێستا لە زبڵخانەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێ ماددەی ژەهراوی وەک تەنۆلکە وردەکان و گازی دوانۆکسیدی کاربۆن دەخەنە نێو بەرگەهەوا.
لەدوای ئەوانە، پرسیار دەکرێ کە لەبری نایلۆن چی بەکاربهێندرێ؟ وەڵامەکەی کیسی کاخەزی ریسایکڵکراو یان جانتای گەورەی قوماشە کە ئێستا لە زۆر وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردەهێنرێت.
پەیامنێری رووداو دەبەیەک ئاو دەکڕێ و دەیخواتەوە و دواتر فڕێی دەداتە نێو تەنەکەیەکی خۆڵ، ئەوەش دەبێتە یەکێک لەو ملیۆنە دەبەیەی کە بەپێی داتایەکی فەرمی رۆژانە فڕێدەدرێتە نێو ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم راپۆرتەدا باسکرا کە فڕێدانی نایلۆن و دواتر خواردنی لەلایەن ئاژەڵان و وردە وردە زیانەکەی بۆ ئاژەڵەکە و بۆ مرۆڤ چی دەبێت؟ لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە باس لەوە کراوە کە ئەو دەبە ئاوانەی کە مرۆڤ رۆژانە چەندینی لێ بەکاردەهێنن و فڕێی دەدەن چ کارەساتێک بۆ ژینگە، دواتر بۆ مرۆڤ دەخولقێنێت.
عەلوەی هەولێر وەکو نموونە لە راپۆرتەکەدا وەرگیراوە کە هەزاران دەبەی رۆژانەی لێ فڕێدەدرێت، دلێر مەولوود، دووکاندارە، دەڵێت: "رۆژانە بەلای کەم 5 بۆ 6 دەبەی ئاو دەخۆمەوە، دواتر دەبەکان فڕێدەدەمە سەر شەقام."
بەشدار جوامێریش دووکاندارێکی دیکە بوو، گوتی: "رۆژانە 4 بۆ 5 دەبەی ئاو دەخۆمەوە، دواتر دەبەکە فڕێدەدەمە سەر زەوییەکە."
عومران مزووری لە عەلوەی هەولێر دووکاندارە و باس لەوە دەکات: "رۆژانە 6 بۆ 7 دەبەی ئاو دەخۆمەوە، دواتر دەبەکە فڕێدەدەم سەر زەوی خۆی هەمووی زبڵە."
پسپۆڕێکی ژینگەش پێیوایە کە ئەو دەبانەی رۆژانە فڕێدەدرێ هەمووی پارەن و بەڵام کەس هەست بە گرنگی و نرخەکەی ناکەن.
د. مەسعود حوسێن، پسپۆڕی ژینگە دەڵێت: "پیسبوون هەر رووەکێک لێرە بچێنیت کە رووەکەکەت چاند چی رادەکێشێت، لەوانەیە ئەو مادە شیبوەوەی لەو پلاستیکە هاتووە رایبکێشێت و بێتە نێو سوڕی خۆراک، هەر تاکێک لە ئێمە رۆژانە ئەگەر بتوانی دوو دەبەی ئاو کەمبکاتەوە لە بەکارهێنانی دەبەی پلاستیکی ئەوە سوودێکی بە ژینگە گەیاندووە."
بە گوێرەی توێژینەوەکان هەر بۆتڵێکی ئاو 450 ساڵی پێویستە تاوەکو لە خاک شیدەبێتەوە و تەنانەت خواردنەوەی ئاویش لەو بۆتڵە پلاستیکانە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بەهۆی ئەوەی بووتڵەکان لە گەرم بوون کارلێک دەکەن و ئاوەکە پیس دەکەن.
جێگرەوە بۆ بووتڵی پلاستیکیش بووتڵی شووشە و بەکارهێنانی دەبە و تەرمۆزی تایبەتە، بە گوێرەی نوێترین ئاماری فەرمی کە دەستی رووداو کەوتووە رۆژانە 6500 تۆن زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە کە 20٪ واتە 1300 تۆنی زبڵەکان پلاستیک و دەبەی ئاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ