رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لە بەرگی شەشەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان) بڵاوکراونەتەوە، تارق رەمەزان فڕۆکەوانی عێراقی بە تەلەفۆنێکی مام جەلال بە کەفالەت ئازاد کراوە.
بە گوێرەی نووسراوێکی بەشی رامیاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ژمارە ر/117/1230 لە رۆژی 6-2-2005 دەرچووە و نهێنییە، کێشەی زیندانی موقەدەمی فڕۆکەوانی خانەنشین (تارق ئیبراهیم رەمەزان) بۆ سکرتارییەتی سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) نێردراوە.
لە نووسراوەکەدا دەقی دانپێدانانی فڕۆکەوانەکە و زانیارییە کەسییەکانی هاوپێچ کراوە.
فڕۆکەوانەکە ناوی چواری تارق ئیبراهیم رەمەزان بەکرە و ناسراوە بە (ئەبو زیاد). لە ساڵی 1958 لە کەرکووک لە دایکبووە. موسڵمانە و سوننە مەزهەبە، لە نەتەوەی عەرەب و عەشیرەتی عەزاوییە. پیشەی خانەنشین بووە بە پلەی موقەدەمی فڕۆکەوان، بەکالۆریۆسی لە زانیاریی فڕۆکەوانیی هەیە.
ئەو فڕۆکەوانەی سەردەمی بەعس، کە لە 3-1-2005 لە کەرکووک دەستگیرکراوە، لە گوتەکانیدا دەڵێت:
- لە 6-1-1981 کۆلێژی فڕۆکەوانیی تەواوکردووە بە پلەی ملازمی فڕۆکەوانی.
- لە ساڵی 1982 لەگەڵ پێنج ئەفسەری دیکە چوون بۆ فەرەنسا بە مەبەستی فێربوون و بەکارهێنانی میراج (ئیف 1) بۆ ماوەی چوار مانگ.
- ناوبراو لە ساڵی 1988 یەکێک بووە لەو 6 فڕۆکەوانەی کە بەشداری کردووە لە بۆردوومانکردنی شاری هەڵەبجەی شەهید بە کیمیایی، فڕۆکەوانی (میراج ئێف 1) بووە، کە فڕۆکەی اعتراضی پێ بووە و پارێزگاری لە فڕۆکەکانی دیکە کردووە، لە فڕۆکەخانەی گەیارە هەڵساون لەگەڵ فڕۆکەوانێکی دیکە بە ناوی نەقیب وەلید خالید کە هەمان فڕۆکە و رۆڵی هەبووە، چوار فڕۆکەی دیکە لە جۆری سیخۆ بوون، بۆردوومانی هەڵەبجەیان کردووە بە کیمیاوی کە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک هەڵساون و پاشان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
- لەو ساڵەدا ئامری ئەو چوار فڕۆکە (سیخو)یە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک، رائید عەبدولکەریم کە خەڵکی حلە و رائید محەممەد مەزڵوم کە خەڵکی پارێزگای رومادی بووە، رائد محەممەد مەزڵوم لەلایەن رژێمەوە ئیعدام کراوە.
- هەروەها لە بۆردوومانکردنی شاری مەریوان و مهاباد و شارەکانی تری ئێران بەشداری کردووە، لە کاتی شەڕی عێراق – ئێران فڕۆکەی اعتراضی پێبووە.
- هەروەها بەشداربووە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەزائیری، کە وەفدێکی جەزائیری تێدا بووە بە مەبەستی چوونیان بۆ ئێران بۆ وەستاندنی شەڕی (عێراق – ئێران). ئەو فڕۆکەیەی بەشدار بووە لە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە جەزائیرییە فڕۆکەی (میک 25 نوع ئێف) بووە و فڕۆکەوانەکەی ناوی (مقدم / (عەبدوڵڵا فەرەج) بووە و لەم دواییەدا مقدم عەبدوڵڵا لە ئەنجامی رووداوی فڕۆکەدا کوژراوە، ناوبراو (تارق رەمەزان) لەو کاتەدا ئەرکی سووڕانەوەی بینیوە لە پارێزگای تبریز بۆ پارێزگاری لە فڕۆکەی تر.
- ناوبراو بەشداری لە 250 چالاکی فڕۆکەوانی کردووە لە بۆردوومانکردنی سەرجەم ناوچەکانی کوردستان و ئێران، بۆ ئەم مەبەستە (نوط الشجاعة)ی لە لایەن سەدام حوسێنەوە وەرگرتووە.
- ناوبراو لە ساڵی 1996 بە پلەی مقدم / فڕۆکەوانی خانەنشین کراوە.
بەپێی نووسراوەکەی بەشی رامیاریی ئاسایشی گشتی، تارق رەمەزان لە کاتی دەستگیرکردنیدیدا ئەو کەلوپەلانەی پێ بووە:
60,000 دیناری عێراقی
600 دۆلاری ئەمریکی
سەیارەیەکی ئۆپڵ کایەی سپی، تەجیل کوشن و گاعی
دوو هەویەی عێراقی + هەویەی مقدم تەیار
دەفتەری تێبینی
ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکەی
پێناسی باری شارستانی و مۆڵەتی شۆفێریی عێراقی
کەلوپەلەکان تەسلیم بە کارمەند سەباح عەبدوڵڵا و موقەدەم محەممەد حکی کراون.
لەسەر ئەو نووسراوەی کە ئاراستەی سکرتارییەتی یەكێتی نێردراوە، مام جەلال بە واژۆی خۆی پەراوێزێکی نووسیوە: "کاک دانا سڵاو ئەمە تاوانباری جەنگە و شایەدێکی باشیشە لەسەر رژێم."
بەڵام بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی دەستنووس، ئەو فڕۆکەوانە کە لە زیندانی ئاسایش بووە لە سلێمانی بە بڕیاری مام جەلال ئازاد کراوە.
بەڵگەنامەکە لە بەشی رامیاری ئاسایش دەرچووە و تێیدا هاتووە: "لەسەر فەرمانی تەلەفۆنی بەڕێز مام جەلال کە بە کاک نزاری سکرتاریەت رۆژی پێنجشەم 25/10/2007 تەلەفۆنی کرد، طارق ئیبراهیم رمضان ئازاد بکەن بە کەفالەت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ