کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئامادەیە تاکسیی فڕیو بهێنێتە هەرێمی کوردستان

14-02-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
گفتوگۆی سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵ ئۆلیڤەر جۆنز
گفتوگۆی سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵ ئۆلیڤەر جۆنز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیایەکی ئەمریکی تاکسی فڕیوی کارەبایی لە دووبەی نمایش دەکات و ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو خزمەتگوزارییەکە لە ئیمارات بخاتەکار.
 
کۆمپانیای جۆبیی ئەمریکی، لە کالیفۆرنیا ژمارەیەک تاکسیی فڕیوی بەرهەمهێناوە، دەیانەوێت پەرە بەو ئامرازەی هاتووچۆ بدات و بیگەیێنێتە هەموو شوێنێکی جیهان. ئەم ساڵیش بۆ یەکەم جار لە لووتکەی حکومەتەکان لە دووبەی نمایشیان کردووە. 
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ لووتکەی حکومەتەکان لە دووبەی، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئۆلیڤەر جۆنز، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای جۆبی کردووە، باس لەوە دەکات، دەیانەوێت تاکسییەکە کێبڕکێ لەگەڵ تاکسییەکی ئاسایی بکات و نرخەکەی هەرزان بێت.
 
خەڵک دەتوانێت لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی مۆبایلەوە بلیتی بەکرێگرتنی تاکسییەکە بکڕێت. سەنگەر عەبدولڕەحمان لە ئەو بەڕێوەبەرەی پرسی، "تاکسییەکە دەنێرنە عێراق و هەرێمی کوردستان؟ ئۆلیڤەر جۆنز لە وەڵامدا دەڵێت، "تاکسییەکە لە هەموو شوێنێکی قەرەباڵخی جیهان کاردەکات، تەنیا پێویستی بە سەکۆیەکی فڕین و نیشتنەوە هەیە، هەروەها بارگاویکردنەوە." 
 
رۆژانی 11 تاوەکو 14ـی شوباتی 2024 لووتکەی حکومەتەکان لە دووبەی بەڕێوەچوو، مژارێکی سەرەکیی لووتکەکە، پرسی تەکنەلۆجیا و خۆگونجاندن و پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا بوو. 
 
لەبارەی چۆنیەتیی کارکردنی تاکسییەکە و تایبەتمەندییەکانی، ئۆلیڤەر جۆنز ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمە تاکسیێکی ئاسمانیی تەواو کارەباییە. بەشێوەیەکی ستوونی لە زەوییەوە بەرزدەبێتەوە و هەر شەش پەروانەکەی بەرەو پێشەوە لار دەبنەوە بۆ ئەوەی وەک فڕۆکەیەکی ئاسایی بۆ پێشەوە بفڕێت. دەتوانێت بە خێرایی 320 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بفڕێت و مەودای 160 کیلۆمەتر بڕوات. چوار سەرنشین و فڕۆکەوانێک هەڵدەگرێت."
 
خاڵێکی باشی ئەو تەکنەلۆجیایە ئەوەیە کە خەڵک بە ئاسانی دەتوانن بە یەک بگەن و نێوانی شار و شارۆچکەکان ببڕن بێ ئەوەی پێویستی بە ژێرخان بێت. "پێویستت بە رێگە نابێت، پێویستت بە هێڵی ئاسنین نابێت، تاکە شت پێویستت پێیەتی سەکۆیەکی نیشتنەوە و بارگاویکەرێکە لە هەردوو سەری گەشتەکە."
 
کۆمپانیاکە پلانی وایە ساڵی داهاتوو ئەو خزمەتگوزارییە لە دووبەی رابگەیێنێت و لە ساڵی 2026 بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بۆ ئەو مەبەستە کۆمپانیاکە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و رێگەوبانی دووبەی گرێبەستی واژۆکردووە. 
 
کۆمپانیاکە لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکەش لە گفتوگۆدان تاوەکو تاکسییە فڕیوەکەیان پێبگەیێنن. "ئێمە لەگەڵ ژاپۆن، کۆریا و شارەکانی ئەمریکاش لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی لەوێش دەست بەم خزمەتگوزارییە بکەین، بەڵام دەکرێت لە هەموو شوێنێکی سەرانسەری جیهان کاربکات. زۆر دڵخۆشین کە ئەم خزمەتگوزارییە بگەیێنینە هەموو کۆمەڵگە و وڵاتێکی سەرانسەری جیهان،" ئۆلیڤەر جۆنز وای بە رووداو گوت. 
 
لەبارەی نرخەوە، کۆمپانیاکە دەیەوێت تاکسیی فڕیو نرخەکەی هەرزان بێت، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای جۆبی لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەکات "نرخی هەروەکو گرتنی تاکسیێکی ئاسایی دەبێت. چەند دوورتر بڕۆی، پارەی زیاتر دەدەیت. دەمانەوێت هێندەی بکرێت ئاسان دەستبکەوێت، واتە هێندەی بکرێت هەرزان بێت. هیوادارین کە رکابەرایەتیی لەگەڵ ئەو بژاردانە بکات کە ئەمڕۆ لەسەر زەوی هەن، واتە وەک تەکسیێکی هەرزان دەبێت."
 
تاکسیی فڕیو ئێستا لە قۆناخی ئەزموونیدا لە کالیفۆرنیا بەردەستە، بەکارهێنەر لە رێگەی ئەپێکەوە لەسەر تەلەفۆنەکەی دەتوانیت بەکرێی بگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر ئەپەکە شوێنی رۆیشتنی دیاریدەکات، هەروەها لەسەر تەلەفۆنەکەیشی پارەکە دەدات. ئۆلیڤەر جۆنز ئاماژە بە سەرکەوتنی داهێنانەکەیان دەکات و دەڵێت "دەیان هەزار کیلۆمەتر فڕاندوومانە و ژمارەیەکی زۆریان دروستدەکەین. ئەمڕۆ دوو، سێیەکیان دەفڕێنین، لە داهاتوودا دەتوانین پێشبینی دەیان، سەدان یان هەزاران دانەیان بکەین."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە